فۆلکلۆری هەرەوەزی کوردەواریی و كاری تیم لە چەرخی ئێستادا

 

مامۆستایەکی قوتابخانەیەکی ناوەندی داوای لە قوتابییەکانی پۆلێک کرد کە ژمارەیان ٢٠ قوتابی بوو هەر یەكەیان و تۆپیێک بێنێت و ناوی خۆی لەسەری بنووسێت و فرێیی بداتە ناو پۆلەکەوە، دوای ئەوەی هەموویان فەرمانی مامۆستایان جێبەجێکرد، مامۆستا داوای لێ کردن کە هەموویان بچنە ژوورەکەوە هەریەک تۆپەکەی خۆی بدۆزێتەوە، قوتابییەکان دەستیان کرد بە سووڕانەوە لەناو ژوورەکەدا و هەریەکە بە دوای ئەو تۆپەدا دەگەڕا کە ناوی لەسەری نووسرابوو، ماوەیەکی زۆری پێ چوو هەتا هەریەکە و تۆپەکەی خۆی دۆزیەوە. پاشان مامۆستاکە دووبارە داوای لێکردن دووبارە تۆپەکان فڕێبدەنەوە ژوورەکە و دواتر دووبارە بچنە ژوورەکە، بەڵام ئەم جارە هەریەک و تۆپێک هەڵبگرێتەوە و بیداتە ئەو کەسەی کە ناوی لەسەر تۆپەکەیە، ئەم جارەیان بە ماوەییەکی زۆر کەم و ماندووبوونێكی كەمتر، هەر کەس تۆپەکەی خۆی هاتەوە دەستی.

 نموونەیەکی تری پراکتیکیی کۆمەڵگەی کوردەواریی كە ئەویش لە لادێکانی کوردستاندا هەیە، کاتێک وەرزی پێگەیشتنی بەروبومی کشتتوکاڵیی  ئەهاتەوە، نەبوو هەر کەس خەریکی باغەکانی بێت و بەروبوومەکە وەکو دورێنەی گەنم یان هەنار بڕین یان ترێ چنین یان هەر بەروبوومێکی تر، هەروەها بۆ ئیشی رۆژانەی تر وەکو خانووکردن و باخچە دانان و بگرە ساوار کوڵاندن و تەماتە گووشین، دانیشتوانی دێیەکە لەهەر ماڵێک نەفەرێکیان ئەنارد و هەرەوەزییان ئەکرد، بۆیە بە یەک یان دوو رۆژ ئیشەکانیان تەواو دەکرد و رۆژی دوایی بۆ ماڵێکی تر  هەتا ئیش و کاری خەڵکی دێیەکە بە ئاسانیی و زوویی تەواو دەبو…

          مەبەست لە باسی ئەم دوو نموونەیە، واتا هۆکاری باسکردنی ئەم دوو نموونەیەی سەرەوە كە لە نێوان دەیان نمونەی تر هەڵمبژاردوون ئەوەیە، لەم رۆژانەدا لە کۆنفرانسێکدا میوان بووم، پرۆفیسۆرێك باسی لە توێژینەوەی زانستی دەکرد، ئاماژەی بەوە کرد کە لەچەرخی ئێستادا باشترین توێژینەوەی زانستی ئەوەیە کە توێژەران وەکو تیم ئیش بکەن نەک تاکە کەسیی، چونکە هەر توێژینەوەیەکی زانستیی چەند لایەنێكی هەیە، و زۆر ئەستەمە کە تەنها توێژەرێك هەرچەندە پرۆفیسۆر و زانا بێت، بتوانێ هەموو لایەنەکانی توێژینەوەکە کۆنترۆل بکات، وەکو لایەنیی زانستی خودی بابەتەکە، لایەنی زمانەوانی، لایەنی دیزاین و رێکخستن، لایەنی تێکهەڵکێشانی دوو پسپۆریی تێکەڵ کە تەواوکەری توێژینەوەکەیە، بۆ نموونە وەکو لایەنی فیزیا و کیمیا، یان مێژوو و جوگرافیا، یان یاسا و مافی مرۆڤ و…هتد بۆیە تەماشای هەر توێژینەوەیەك بکرێت کە لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا دەردەچێت، دەبینین کۆمەڵێك پسپۆر بەشدارییان تێدا کردووە. دیارترینی ئەم بابەتەش لە هونەردا دەردەکەوێت کە مرۆڤ تەماشای هەر فلیمێك یان زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی یان هەر کارێکی هونەری بکات، ئەبینین کۆمەڵێك پسپۆر بەشدارییان تێدا کردووە کە زۆر جار ژمارەیان گەلێك زۆرە، هەر لە ناوی فیلمەکەوە دەست پێدەکات، هەتا دەگاتە دەرهێنەر،  و هەر کارێکی هونەریی وابێت تۆکمەتر و جوانتر دەردەچێت.

ئەم هەموو نموونانەی سەرەوەم هێناو پێشکەشم کردن، هیوادارم ببێتە ئامۆژگارییەك بۆ هەموو ئەو کەسانەی کار دەکەن، وەکو مامۆستا، قووتابی، نووسەر، هونەرمەند، پیشمەگەر،  سوود لەم نموونانەی سەرەوە و دەیان نموونەی تر کە لە کۆمەڵگەی خۆجێی  و نێودەوڵەتییدا هەیە وەربگرن، و واز لە بەخۆبایی بوون بهێنن و هەر کەسێك شتێکی خوێند یان کارێکی کرد وا تێنەگات ئیتر ئەو تاکە پسپۆڕی ئەم بابەتەیە و کەسی تر لەو باشتر نیە، چونکە هەر کەسێك لە هەر شوێنێك کارێکی کرد و دوو سێ کەس چەپڵەیان بۆ لێدا و دەستخۆشییان لێ کرد، نەبێتە هۆی لە خۆبایی بوونی و ئیتر لە کارەکانی داهاتووی پرس و ڕا بەکەس نەکات، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی نسکۆ هێنان لە کارەکانی داهاتوویدا، چونکە ژیان هەر رۆژێک نیە و هەر تەنها کارێکیش نیە، ژیان دوور و درێژە و کار و پیشە تەمەنیی درێژە. بۆ نموونە، ئەوا پەنجا ساڵە لە کارمەندی دام بە بەردەوامیی زۆر کات سەرکەوتوو بووم، گەلێک جاریش بە پێچەوانەوە، گرنگ ئەوەیە کۆل نەدەیت و بەردەوام هەول بدەیت و هەمێشە پرس و ڕا لە دەور و پشتت وەربگریت و بە تاکرەویی کار نەکەیت، ئەگەر هەرچەند پسپۆریش بیت .

و من لێرەدا روو دەکەمە قووتابییانی پۆلی پێنجەم لە فاکەڵتی یاسا، کە ئەم ساڵ ئەرکە لەسەریان توێژینەوەیەك لە یەك لە بوارەکانی یاسادا بنووسن و بۆ کۆتایی ساڵ نمرەی پێ وەرگرن، بێ گومان مامۆستایەکی پسپۆر تەرخان دەکرێت کە سەرپەرشتیی بکات،  بۆیە ئامۆژگارییەكەم ئەوەیە:

 یەکەم: روو نەکەنە نووسینگەکانی پەڕاوگە لە بازار یان هەندێ پەیجی ئەنتەرنێت بۆ ئەوەی توێژینەوەیەکی ئامادەکراو بکڕن یان بدزن و پێشکەشی بکەن، چونکە بە داخەوە نموونەی وامان هەبووە و ئەمە زیانی بۆ خۆی هەیە، چونكە فێر نابیت توێژینەوە بنووسێت کە لە زۆربەی بوارەكانی ژیاندا پێویستە.

 دووەم: هەر قووتابییەك هەوڵ بدات کە بابەتێك هەڵبژێرێ، پاش وەرگرتنی پرس و ڕای مامۆستایانی پسپۆر و مامۆستای سەرپەرشتیار  و تایبەتمەند لە هەموو بوارەکانی پەیوەندیدار بە توێژینەوەکە، و تا کۆتایی سوود لە ئەزموونی دیزاینەرێك وەربگرێت بۆ دانانی دیزاینێکی جوان بۆ توێژینەوەکە و بەرگەکەی.

سێیەم:  لە هەر بڕبڕەیەك پەیوەست بکات، پرسیار لە کەسانی تر بە تایبەتی لایەنی زمانەوانیی بکات، چونکە زۆر رۆڵی لە هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکە هەیە، بۆ ئەوەی توێژنەوەیەکی سەرکەوتوو دەرچێت و پلەی باش وەربگرێت و لە داهاتووشدا دوای دەرچوون فێر بێت هەمان رێگە و شوێن بگرێتە بەر بۆ هەموو کارەکانی پسپۆڕی پراکتیکیی بۆ وەدەستهینانی سەرکەوتن لە ژیانی داهاتوویدا، و ببێتە پێشەنگ بۆ هاوەڵەکانی و کەسووکاری ودەورووبەری.

بە هیوای سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ هەموو خوێنەرانی گۆڤاری شایان و دەستەی بەرێوەبردنی… تا ژمارەیەکی تر خواتان لەگەڵ.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *