ماف و ئازادییە ئەکادیمییەکان

 

 

گرنگیی ئەم بابەتە خۆی لە گرنگیی کۆمەڵگەی ئەکادیمیدا دەبینێتەوە، کۆمەڵگەی ئەکادیمی تایبەتمەندیی خۆی هەیە کە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا ڕێکی دەخەن، ئەوانەی لەم کۆمەڵگەیەدان دەستەبژێری ئەکادیمین، لە ئەنجامی کاری لێکۆڵینەوە و بڕوانامەی باڵا لە دامەزراوە ئەکادیمییەکان وەک زانکۆکان و سەنتەرەکانی توێژینەوەی ئەکادیمیی کار دەکەن، گرنگیی ئەم کۆمەڵگە ئەكادیمییەش زیاتر لەوەدایە کە دەرهاوێشتەی زۆر بۆ کۆمەڵگە دابین دەکات، وەک دەرچووانی زانکۆکان بۆ دامەزراوەکانی تەشریعی و جێبەجێکردن و دادوەریی، هەروەها بۆ دەزگاکانی پەیوەست بە میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆر بواری دیکە. کۆمەڵگەی ئەکادیمیی مەعریفییە و بازنەی ئامادەکردن و داڕشتنی بڕیاری سیاسییە، بایەخدان بە ماف و ئازادییە ئەکادیمییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە سەدەیەک، گۆڕانکارییەکانی جیهانیش کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەم داواکارییە، ماف و ئازادییە دیموکراسییەکان خۆیان لە زۆر خالی گرنگدا دەبیننەوە، بۆ نموونە مەسەلەی هەرە گرنک لەمانە سەربەخۆیی دامەزراوە ئەکادیمییەکانە، کە لە یاسای ئەم دامەزراوانەدا ڕەنگ ‏ دەداتەوە، کە دەبێت بەرپرسان کاربکەن و بەرپرس و سەرۆکی “ئەم” دامەزراوانەش بە شێوازی هەڵبژاردن و دیموکراسییانە ئەرکی سەرشانی خۆیان ڕاپەڕێنن، هەروەها بودجەی سەربەخۆیان هەبێت، نابێت بە هیچ شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانەوە هەبێت.

مەسەلەیەکی “دیکەی” ماف و “ئازادییەکانی ئەکادیمیی پەیوەستە بە ئازادیی فیکری لەناو ئەم دامەزراوانەدا، کە خۆی لە “ئازادیی ڕەخنەگرتن و” فێربوون و فێرکردن و گوزارشتکردن لە “دەرئەنجامەکانی” توێژینەوەی زانستیی و بڵاوکردنەوە ‏ دەبینێتەوە، هەروەها “ئازادیی ڕاوبۆچوون و ئایدیۆلۆژی بە مەرجێک کە دەست نەبرێت بۆ پێگەی یاسایی ئەم دامەزراوانە، جگە لە بوونی یەکسانیی لە هەموو چالاکی و توێژینەوەکانی ئەو کەسانەی لەم دامەزراوانەدا کاردەکەن. یەکێکی دیکە لە ماف و ئازادییە ئەکادیمییەکان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە مافی کارکردن لەم دامەزراوانەدا دەبێت شێوازی دامەزراندنیان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پاکی بێت، یەکسانییش هەبێت بۆ ئەوانەی لەم دامەزراوانەدا دەخوێنن، هەروەها بنەما و بنچینەکانی وەرگرتن بۆ ئەوانەی تێیدا دەخوێنن، ڕوون و دیار بن، هاوکات ئەو مافانەشیان هەبێت کاتێک لەم دامەزراوانەدا وەرناگیرێن، پەنا بۆ دامەزراوە یاساییەکان ببەن، ئەوەی زۆر گرنگە کە ئێمە پێی دەڵێین: (حەوکەمە) ‏ واتا لەم دامەزراوانە ‏ دەبێت شەفافییەت و لێپرسینەوە و دادپەروەری و دەرفەت هەبێت، هەڵبەتە زۆر ماف هەن کە پێویستە بۆ ئەکادیمییەکان دابین بکرێن، وەکو مافی بەشداریکردن لە داڕشتنی سیاسەت و پلانی دامەزراوەکان، هەروەها مافی خۆپیشاندان، مافی دامەزراندنی سەندیکا و ڕێکخراوەکان، تەنانەت ئەنجامدانی کاری سیاسی.

لەم ساڵانەی دواییدا مەسەلەی جێندەر لەم دامەزراوانەدا گرنگی پێدرا، لەسەر بنەمای یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو لە ڕووی دامەزراندن و مافی بەشداریکردنی ئافرەتان لە دەرکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی ئەم دامەزراونە و یەکسانی لە پێشوەچوونی پیشەیی و کارگێڕی.

بە شێوەیەکی ڕوونتر باس لەم بابەتە بکەین، زۆر چالاکیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیی ئەنجام دراون، گرنگترینیان ئەوە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٣‏ کۆنگرەیەکی ئەکادیمی بۆ ئازادییە ئەکادیمییەکان لە ئوردن ڕێکخرا، گرنگییەکی تایبەت بەم بوارە درا، و بڕیاردرا کە داننان بە مافەکانی ئازادییە ئەکادیمییەکان هەبێت، کە بەبێ هیچ مەرجێک حکومەت و زانکۆکان لە دەستووری خۆیاندا دان بنێن ‏ بە ئازادییە ئەکادیمییەکان، هەروەها دەبێت پرەنسیپی پاراستنی ئەکادیمی لە ڕوانگەی توێژینەوەی زانستی هەبێت، هاوکات هەندێ ‏ پێوەری ئەکادیمی و ئەخلاقی دابنرێن بۆ بەرزکردنەوەی پلەی زانستی و جۆرە دادپەروەرییەک هەبێت لە وەرگرتنی کەسانێک لە دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا، جەختیش کراوەتەوە لەسەر بوونی حەوکەمەی ئەکادیمیی کە بەرامبەر هەموو گەندەڵییەک ڕاوەستێت، هاوکات سەندیکا و رێکخراوی تایبەت بە خۆیان هەبێت لە روانگەی دابینکردنی ئاسایشی فەرمانڕەوایی و بارودۆخیان چاک بکرێت و نابێت دەسەڵاتیی جێبەجێکردن بە هیچ شێوەیەک دەست وەرداتە پڕۆگرامەکانی ‏ خوێندن، یان پێشخستن، ‏ یان دامەزراندنی کەسەکان لە دامەزراوەکاندا، بەڵکو پێویستە کۆمیتەی نیشتمانی هەبن کە لەم دامەزراوانە هەڵبژێردرابن، ئەوان سەرپەرشتیی کاری وەرگرتن و بنەما و پێوەرەکان بکەن.

پێویستە ئەوانەی لە دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا کار دەکەن، بەپێی یاسا پارێزراو بن لە هەموو جۆرە دەستێوەردانێک لە کاروباریان، مەسەلەی جێندەریش ‏ جەختی لەسەر کرایەوە، هەروەها دەبێ جۆرە توندییەک هەبێت لە کاتی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی، هاوکات ئەندامی دامەزراوەی ئەکادیمی جۆرە ئازادییەکی هەبێت لە وانەگوتنەوە و پێوەرەکانیی ئەم بوارە، پاڵپشت بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زانست. ‏ دیموکراسیی خوێندن لەم مەسەلەیەدا زۆر گرنگە، پێویستە مامۆستایان و قوتابیان ڕۆڵیان لەم بوارەدا هەبێت، دەبێت لەسەر پرەنسیپی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی کار بکرێت بۆ بوونی هەموو جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان پێکهاتەی ئەکادیمی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، هاوکات پێویستە دامەزراوە ئەکادیمییەکان ‏ سەرچاوەی داراییان هەمە جۆر بێت، تاوەکو جۆرە سەربەخۆییەکییان هەبێت، دیسان پێویستە دامەزراوە ئەکادیمییە تایبەتەکانیش ‏یاسای تایبەت بە خۆیان هەبێت.

لە دەرەئەنجامدا نابێت بە هیچ شێوازێک ویسایەتی سیاسی لەسەر کۆمەڵگە ئەکادیمییەکان هەبێت، دەبێت دەسەڵاتەکانیش ڕێز لە سەربەخۆیی کۆمەڵگەی ئەکادیمی بگرن لە پێکهاتەی مامۆستا و قوتابی و کارمەندانی دیکە، هەروەها نابێت دەستێوەردانی سیاسی لە کارو چالاکییەکانیاندا هەبێت، چونكە ئەم دامەزراوانەش موڵکی گەلن، بۆیە دەبێت هەموو چالاکییەکانیان لە خزمەتی گەلدا بن. لەلایەکی دیکەوە لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە ئەو دامەزراوانە ئیلتیزاماتی زانستی و ئەخلاقییان هەبێت لە ڕووی مرۆییەوە کە پێوەیان پەیوەست بن، هاوکات توێژینەوەکانی ئەم دامەزراوانە لە خزمەتی کۆمەڵگەکاندا بن، جگە لەمە دەبێت دەسەڵاتیش پێداویستییەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووری و ئەخلاقی و زۆر لە مەسەلەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ بۆ ئەم دامەزراوانە دابین بکات، ئەمە وێڕای فەراهەمکردنی پاڵپشتیی دارایی و شەراکەتی ئابووری.

لە ساڵی ٢٠١٥‏ لە وڵاتی تونس کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی بۆ سەربەخۆیی زانکۆکان لە قۆناغی گواستنەوە ئەنجام درا، کە چەندین دامەزراوە بەشدارییان تێدا کرد، وەک ڕێکخراوی ئازادیی ئەکادیمی و ڕێکخراوی سەرۆکایەتیی زانکۆکان و ڕێکخراوی سەنتەری عەممان بۆ مافی مرۆڤ، لەم کۆنگرەیەدا نزیکەی (١٥)‏ توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر ئەم بابەتە پێشکەش کران، منیش توێژینەوەیەکم پێشکەش کرد دەربارەی چوارچێوەی یاسایی و سەربەخۆیی و ئەکادیمی و کارگێڕی و دارایی زانکۆکانی کوردستانی عێراق.

کارکردن لە بواری ئازادی و مافەکانی کۆمەڵگەی ئەکادیمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە چەند دەوڵەتێکدا ئاسان نیە، چونکە دیارە زۆربەی زۆری ئەم دەوڵەتانە کێشەیان لە بواری مافی مرۆڤ و دیموکراسیدا هەیە، بەڵام ئەو کۆمەڵگانە کە جۆرە گۆڕانکارییەکی دیموکراسی و ئازادییان تێدایە، بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠١٠‏ کە بە شۆڕشی بەهاری عەرەبی ناسێنرا، بۆیە ئەم بوارە بە تەواوی کاری لەسەر کراوە و پێداچوونەوە بە دامەزراوە ئەکادیمییەکانیشدا کرا، هەر چۆن بێت لە دەرئەنجامدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە ماف و ئازادییە ئەکادیمییەکان خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە پێویستە لە چەمکی ئازادیی ئەکادیمی تێ بگەین، هاوکات دەبێت لەوەش تێ بگەین کە جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەمنی و سیاسی و دارایی لە کاروباری ئەم دامەزراوانەدا هەیە، بەڵام پێویستە پاراستنێکی دەستووری هەبێت بۆ دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە ناو دەستوورەکانیشدا باسی ئازادیی فێربوون و مافی ئازادیی توێژینەوەی زانستی و داهێنان و بەدەستهێنانی زانیاری و ئاڵوگۆڕی ئەم زانیارییانە و ئازادیی بڵاوکردنەوە و چاپکردن و ڕادەربڕین بکرێت، دیارە ئەوەی ئەم ئازادییانەش دەپارێزێت، بە دڵنیاییەوە بریتییە لە دەسەڵاتی دادوەری، چونکە بە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم دامەزراوانە پەنا بۆ ئەم دەسەڵاتە دادوەرییە دەبرێت، بەڵام مەسەلەکە هێشتا لە سەرەتادایە، بۆیە پێویستی زۆری بە خوێندنەوە و بەدواداچوون هەیە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *