دلڤین سەبڕی
قۆناغی سێیەم-بەشی پەرستاری-زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر
دەگێڕنەوە كە جارێکیان باخەوانێک بەناو باخچەکەیدا
پیاسەی دەكرد، بینی پەپوولەیەك لەناو قۆزاخەكەیدایە، دەجولێت… هەوڵدەدات لێی بێتە دەرەوە… لە هەوڵەكەی بۆ هاتنە دەرەوە بەردەوامە، بەڵام بێ سوودە و ناتوانێت خۆی رزگار بكات. باخەوانەکە كە بینی پەپوولەكە لە هەوڵەكەی سەركەوتوو نابێت، بەدڵێکی پڕ لە میهرەبانیی، بەو مەقەسەی دەستیی قۆزاخەکە دەبرێت بۆ ئەوەی پەپوولەکە رزگاری ببێ و بفرێ، بەڵام بە داخەوە لەجیاتیی ئەوەی پەپوولەكە بفرێ و باڵەكانی بنەخشێنێ، هیچ توانای فڕینی نەبوو، چونكە باخەوانەكە بێ ئاگابوو لەوەی لەناو قۆزاخەکەدا شلەیەک هەیە باڵەکانی پەپولە بۆ فڕین بەهێزدەکات.
لەم چیرۆكە كورتەوە چەند شتێك فێردەبین:
كێشە و ناخۆشییەكان تاقیكردنەوەن، ئەو تاقیكردنەوانە بەهێزمان دەكات و ئامادەمان دەكات بۆ رووبەروو بوونەوەی هەر كێشە و گرفتێكی ژیان.
میهرەبانیی جوانە، بەڵام بۆ هەموو كەسێك و لە هەموو كاتێكدا نابێت.
هەندێك شت پێویستە سروشت رۆڵی خۆی بێ دەستكاریی مرۆڤ، تێدا بگێڕێ.