دەشنێ سەردار
قۆناغی سێیەم-بەشی پەرستاری – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر
زۆر جار مرۆڤ لە ساتەكانی ژیانیدا دەیەوێت بە تەنها بمێنێتەوە و حەز ناکات قسە لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکات، لەگەڵ هیچ کەسێک تێکەڵ بێت، تەنانەت ئەندامانی خێزانەکەشی و نزیکترین هاوڕێشی، یان هەر کەسێکی تر بێت، دەیەوێت تەنها خۆی و خودای خۆی بێت. لە ناو بازنەیەكدا دەمێنێتەوە و بەو شێوەیە زیاتر لە خودا نزیک دەبێتەوە.
دڵنیام ئەم حاڵەتە بەسەر زۆربەماندا هاتووە، من وەک خۆم لەو کاتانەدا ئەوەندە هەست بەنزیکیی خودا دەکەم، بەجۆرێك هەست دەکەم کە لەلامە و قسە و دەردە دڵی خۆمی بۆ دەكەم، هەر وەكو مندالێك كە چۆن داواكاریی لە دایك و باوكی هەیە، وەها داوای لێ دەكەم ئەو شتانەی کە دەمەوێن، تەنانەت بچوکترین شتیش بێت، بۆم بێنێتە دی. هەندێک جاریش قسەکانم تەنها سوپاسگوازییە و هیچی تر، سوپاسکرنی بۆ هەموو ئەو نیعمەتە بێکۆتاییانەی کە لە ژیانمدا پێی بەخشیوم. هەندێک جاریش تەنها دەربڕینی ئەو خۆشەویستییە زۆرەی خۆمە بۆی، ئازار چەشتنم لە دووریی و تامەزرۆبوونم بۆ بینینی، تەنانەت ئەگەر بە خەونیش بێت! لە هەندێك جاریشدا داوای لێخۆشبوونی لێدەکەم، چونكە لەم دونیا کاتییەدا ئێمەی مرۆڤ كەم تا زۆر فریو دەخۆین، بۆیە داوای لێبوردنی لێ دەكەم، و ئەگەر لەم دونیایەش دڵخۆش نەبووم، لە دونیایەکەی تر دلخۆشم بکات .