مێژووی په‌یدابوونی ئاینی جووەكان له‌كوردستان زۆر كۆنه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش(2800) ساڵ به‌ر له‌ئێستا، كاتێ كه پاشای ئاشورییه‌كان (شه‌لمەنسوور) جووەكانی مه‌مله‌كه‌تی یه‌هۆدای نه‌فی كرد بۆ شاخه سه‌خته‌كانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌رێنه‌وه بۆ ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی مه‌ملكه‌تی یه‌هۆدا په‌یمانێكی له‌گه‌ڵ فیرعه‌ون دا له‌دژی ئیمپڕاتۆڕیه‌تی ئاشووری به‌ست .
هۆكاری سه‌ره‌كیی ناردنی جووەكان بۆ كوردستان له‌لایه‌ن ئاشورییه‌كانه‌وه ئه‌وه‌بوو كه شاخه‌كانی كوردستان سه‌خت و ئاسان نین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و جووانە بۆ خاكی خۆیان (ئیسرائیل)، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه كۆنترین كۆبونه‌وه‌ی جووەكان له‌سه‌ر خاكێكی بێگانه، له‌سه‌ر خاكی كوردستان بووه، پاش نه‌فیكردنیان له‌لایه‌ن پادشای ئاشورییه‌وه. پاش ئه‌وه پادشا (تیگلات بلاشه‌ری سێهه‌م) له‌ساڵی (745 پ ز) ده‌ستی كرد به هه‌ڵمه‌تێكی تری نه‌فیكردنی هەر لە خاكی كوردستان، هه‌روه‌ها(سه‌رگۆنی دووه‌م) له‌ساڵی(722ـ705) پێش زاین دا (27280) كه‌سی خه‌ڵكی مه‌مله‌كه‌تی ئیسرائیلی بۆ كوردستان واتا بۆ ئه‌م ناوچانه‌ی خواره‌وه (جۆزان خاپوور، مازی، سۆندۆ) نەفی كرد.
پاش نه‌فیكردنی جووەكان بۆ كوردستان، جووەكان ده‌ستیان به وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی (حاخام)ی جووەكان كرد بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاینەكەیان له‌كوردستاندا، و بە گشتی له‌م كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو بوون و توانییان خه‌ڵكانێكی زۆر بكه‌ن به جوو، ئه‌م هەوڵەیان كاریگەری خۆی هەبوو، ئەویش پاش ئه‌وه‌ی شاژنی كورد (هێلینا) خێزانی (مونۆبازیس)ی پادشای میرنشینی(ئه‌دیابین) بوو بە جوو. ئەو میرنشینە ئەم كوردستانەی ئێستامانە و پایتەختەكەشی شاری(ئەربیلا) واتا هه‌ولێر بوو. كاریگه‌ریی بوونی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه به جوو له‌سه‌ر خه‌ڵكی لۆكاڵی كوردستان زۆر گه‌وره‌بوو، بۆیه ئاینی جوو زۆر به خێرایی له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا بڵاوبۆ‌وه.
شاژن(هێلینا) زۆر بایه‌خی به ئاینه‌كه‌ی ده‌دا و له‌ژیانیدا چه‌ندین جار سەردانی خاكی(ئیسرائیل)ی كردبوو، بۆ پاكبوونه‌وه دەچوو. “بە پێی بیروباوەڕی ئایینی جووەكان، بۆ پاكبوونەوە لە گوناهەكان پێویستە سەردانی (حاخام) لە خاكی پیرۆزی ئیسرائیل بكرێت“.
له‌كاتێكدا كه هێزی رۆمانی په‌لاماری ئۆرشه‌لیمی دا، بنه‌ماڵه‌ی(ئه‌دیابین) خواردنیان بۆ شاره‌كه نارد و هاوكارییه‌كی تایبه‌تی شاره‌كه‌یان كرد. هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌كرێ كه هێلینای شاژنی كورد له‌شاری ئۆرشه‌لیم (قه‌سرێكی)گه‌وره‌ی بۆخۆی دروست كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی لەكاتی سەردانیكردنی شاره‌كەدا، له‌گه‌ڵ دوو كوڕه‌كه‌ی تیایدا بحه‌سێته‌وه.
كوردستان له‌و كاته‌دا جۆرێك له‌حوكمی زاتی هه‌بووه،. هێلینا دوو كوڕ‌ی هه‌بوو بەناوی (ئیزاتیس و مۆنۆبازیسی دووه‌م) كاتێ كه هێلینا له‌سه‌ر مردن بووه، وه‌سیه‌تی كردووه بۆ ئیزاتیسی كوڕ‌ی كه بیبات له‌ئۆرشه‌لیم به‌خاكی بسپێرێت وه‌ك به‌شێ له‌باوه‌ڕی ئاینی جووەكان، چونكە ئۆرشه‌لیم وه‌ك خاكی پیرۆزی خۆیان سه‌یر ده‌كه‌ن، بۆیه ئیزاتیس ته‌رمی دایكی ده‌بات و له‌خاكی ئۆرشه‌لیم به‌خاكی ده‌سپێرێت.
شایا‌نی باسه، له‌م دواییه‌دا ته‌رمی شاژن (هێلینا) له ئۆرشه‌لیم له قه‌برستانی پادشاكان دۆزرایه‌وه، ئه‌مه‌ش شتێكی زۆر گرنگه له‌مێژووی میلله‌تی كورددا، كە بۆتە بەڵگەیەك بۆ په‌یوه‌ندیی بەهێزی نێوان كورد و جووەكان، كه ئه‌م تێكه‌ڵ بوونه ئاینییه‌ی لـێ دروست بووه. پاش ئه‌وه‌ی كه(ئیزائیسی دووه‌م) جێگه‌ی باوكی گرته‌وه، به‌وه ناسرا كه زۆر یارمه‌تی فه‌قیر و هه‌ژارانی شاری ئۆرشه‌لیمی ده‌دا و بایه‌خێكی تایبه‌تی به جێبەجێكردنی ئه‌ركه‌كانی ئاینی سه‌رشانی دەدا، وه‌ك كه‌سێكی جوو, هه‌ر بۆیه باس له‌وه‌ده‌كرێ كه رۆژێك مۆنۆبازیسی دووه‌م به براكه‌ی (ئیزاتیس) ووتبو (باوكم زۆر به زه‌حمه‌ت پاره‌ی په‌یداكردووە، تۆش بە ئارەزووی خۆت خەرجی دەكەیت)!
به‌م شێوه‌یه ئه‌توانین بلێین كه ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی جووەكان له‌كوردستاندا هه‌بووە، سه‌ره‌ڕای باسكردنی بوونی بنه‌ماڵه‌یه‌كی تری به‌هێز له‌خانه‌قین كه وه‌ك ئه‌وان بوون به جوو، و كاریگه‌رییان هه‌بووە له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی بیرووباوەڕی ئایینی جووەكان له‌كوردستاندا، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان به‌هێز نین.
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینی كریستیان له‌كوردستاندا، بنه‌ماڵه‌ی (ئه‌دیابین) بوون به‌كریستیان، دەسەڵاتی میرنشینه‌كه به ده‌ستی رۆمانه‌كان كۆتایی هات، و بە دەستی پادشای رۆمان (تراجان) ئه‌م میرنشینه‌ی لەناوبرا.
به‌م شێوه‌یه ئایینی جوو له كوردستاندا بڵاوبۆوە و جووش له‌كوردستاندا هه‌تاوه‌كو سه‌ده‌ی پێشوو، واتا پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌ساڵی 1948 و كۆچكردنیان بۆ وڵاتەكەیان. تا ساڵی 1952 به شێوه‌یه‌كی گشتی جووەكان له‌كوردستاندا نه‌مان، جگه له‌چه‌ند بنەماڵەیەك نه‌بێت كه له‌كوردستان دا مانه‌وه، ئەوانیش رێژەیان زۆر كه‌م بوو. هه‌ندێكیان بوون به‌ئیسلام و هه‌ندێكی تریان له‌ژیاندا نه‌ماون، ئێستا ئەو بنه‌ماڵانه‌ی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك جوو بوون و له‌كوردستاندا ماونه‌ته‌وه پێیان دەگوترێ (بنجوو)
سەرچاوە: