لەبیركردن

د. مستەفا زەنگنە

بە دڵ حەزی لێ نەبوو ئەم رێگا دوورە ببڕێ، تا بچێ بەشداری لەو كۆڕبەدییەدا بكات كە تیایدا قسە لەسەر زمانی كوردی دەكرێت، ئاخر ئەو شەو و رۆژ بە خەیاڵ لە كووچە و كۆڵانی ئەو شارەدا دەسووڕێتەوە. یادگارییە تاڵ و شیرینەكانی زیندوون و بەردەوام كۆڕی لەگەڵدا دەبەست، ئێستاش وەكو مێوانی دەچێتە ئەوێ. بابەتە ئامادەكراوەكەی خستە جانتاكەیەوە و دایی شانیاو لۆژەلۆژ، رێگای تێرمیناڵی گرتە بەر، ئەو سەعات و نیوەی لە تاكسییەكەدا بوو هەر ئەوە نەبوو دڵی شەق نەبا، شۆفێر و سێ نەفەرەكەی دی دەمیان دەتوت چیكەنەیە “بابەت نەما شەن و كەوی نەكەن و وەكو چێشتی مجێور بەسەر یەكا هەڵیان نەڕژێنن”..

ناوە ناوە، بەویشیان دەگوت:- ئەرێ تۆش قسەیەك بكە، ئەم رستەیە لە خوێندنەوەی كتێبەكەی دایدەبڕی و نەیدەهێشت بزانێ سەرەنجامی پاڵەوانی ناو چیرۆكەكە دەگاتە كوێ..

دابەزی و، بەنێو گەڕەكە كۆنەكانی منداڵیدا هەنگاوی دەنا،

هیچ وەكو خۆی نەمابوو، زۆربەی دەرگاكان لەتەپانەوە هەڵكەنرابوون، دیوارەكانیان بریندار و لچ شۆڕ، خەڵكەكەی لێو بەبار.. وەكو خۆڵیان بەسەرا كرابێ وابوو…

كە چووە هۆڵەكەوە.. بۆنی عەترێك وەئاگای هێنایەوە. وایزانی شیرینیش لەوێیە، غەڵبەغەڵبی ئامادەبووان بۆنی عەترەكەشی لەبیر بردەوە.

چووە سەر ئەو كورسییەی ناوی خۆی لەسەر نووسرابوو. كە ناویان خوێندەوە چووە سەر ستەیجەكە، لە پشت مێزەكەوە دانیشت، پێشكەشكاری كۆڕبەندەكە، وتی:- پێش ئەوەی نووسەری گەورە، خەڵكی شار، بابەتەكەی كە دەربارەی زمانی ستانداردی كوردییە پێشكەشی بكات، پێمان باشە خۆیمان پێ بناسێنێت:- ئەم پرسیارە وەكو بروسكەیەك بەر جەستەی كەوێ وابوو، قومێ ئاوی خواردەوە و گوتی:-

رۆژێكی سەرەتای هاوین بوو، من قوتابی پێنجی ئامادەیی بووم، خۆم بۆ تاقیكردنەوەی بەكەلۆریا ئامادە دەكرد. لەو رێگای كەركوك سلێمانی دەمخوێند، ملی رێگام گرتبوو وامدەزانی دمگەێنێتە هیواكانم، من باسی پەنجا ساڵ پێش ئێستا دەكەم. هێندەم زانی هاوەڵێكم بەسواری پاسكیل هات و پێی گوتم، فریاكەوە شیرینی دراوسێتان سووتاوە و وا لە نەخۆشخانەیە، كتێبم فڕێدا و بەپای پەتی راكە تا گەیشتمە نەخۆشخانە، رۆژە لحەشڕ بوو، نەیاندەهێشت كەس بچێتە دیاری، هەرچی چۆنێ بوو، رۆبێكم لە برینپێچێك سەند و گەیشتمە لای شیرین، چاوی هەڵهێنا و منی دی. هیچم نەوت، فرمێسكەكانم هەموو شتێ بوون. ئەو نامەی ئەو رۆژەی بۆیم نووسیبوو، بە درێژایی رێگا وەها توند گرتبووم نەبا بكەوێ، گەچرابوو، بۆ ئەوەی كەس و كاری نەمبینن. بە ئاسپایی هاتمە دەرێ، ئەو رۆژە و بۆ شەوەكەشی من هەر لەبەر دەرگای نەخۆشخانەكەبووم شەوێ نەچوومەوە، نازانم لە ماڵی ئێمەدا چ گوزەراوە. لەگەڵ مەلا بانگدانی بەیانیدا. تەرمەكەی شیرینیان هێنایە دەرەوە. لەو رۆژەوە چاوم بە كتێب نەكەوت، دەمگوت دەبم بە چی؟ دكتۆر؟. ئەی خۆ دكتۆریش بوومایە ژیانی شیرینم پێ قوتار نەدەكرا، لەو رۆژەی بریارمدا، هەموو هەفتەیەك نامەیەك بۆ شیرین بنووسم، و دوای بانگی عیشا و دوور لە چاوی خەڵك بچمە سەر گۆڕەكەی و نامەكەی بۆ بخوێنمەوە. من تا ئێستاش وا پەنجا ساڵە هەفتانە نامەیەكی بۆ دەنووسم، بەڵام بۆ خۆم دەیخوێنمەوە. من لەو نامە نووسینانەوە ئاشنای نووسین بووم، ساڵی جارێكیش دوای بانگی عیشا دێم و مەزارەكەی بە بۆیەیەكی سپی بۆیاغەكەم، چونكە ئەو هەمیشە قردێلەكەی سەری سپی بوو، خۆ من تا ئەمرۆش هێزی نامەیەكی شیرینە وای لێكردووم بژیم، ئەزانن دوا رستەی نامەكەی چی بوو؟بیر لە مردن مەكەرەوە، چونكە هەتا تۆ بژیت منیش لە نامەكانتدا بە زیندوویی دەمێنمەوە…

كاتێك هاتم بۆ ئەم هۆڵە، لە رێگا كەسێكم نەدی كە بیناسم یان بمناسێ، ناخۆشترین حاڵەت لای نووسەر ئەوەیە وڵاتەكەی، شارەكەی داگیربكرێت، ئەو شارە دایك و خۆشەویستەكەشت لە ئامێزی ئەو داگیركردنەدابێ، بۆیە من بابەتەكەی خۆم لەبیر كرد، چونكە باسی چیی زمان بكەم، لەكاتێكدا شارەكەم خۆی داگیر كراوە. كە وای گوت هەموو ئامادەبووان هەستانە سەرپێو، لە كۆتایی كۆڕبەندەكەدا هێندەی بابەتەكەی ئەویان بەدڵ بوو. بابەتەكانی كە حیسابیان بۆ نەكرا، بەو چەند رستەیەشی دەریخست كە تەنها خۆشەویستی وا دەكات كە مرۆڤ ببێتە داهێنەر.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *