پەڵپینە : خشڵێکی زێڕین (Purslane)

پ. د. فایەق حسێن

راگری كۆلێژی زانستە پراكتیكییەكان – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەلێر

پەڵپینە یان پڕپڕە، ناوی زانستی بریتییە لە (Portulaca oleracea). یەکێکە لەو ڕووەکە خۆرسکانەی کە لە وەرزی هاویندا لە ناو کێڵگە و کەناری جۆگەکاندا دەڕوێت، لاسکێکی نەرمی سوورباوی ئاودار و گوڵێکی زەردی پێنج پەڕی هەیە، ڕووەکێکی جیهانییە و لە کوردستانیشدا بە شێوەیەکی بەرفراوان دەڕوێت (خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری زیاتر بەکاری دێنن)، هەروەها یەکێکە لەو ڕووەکە دەگمەنانەی بەرگری لە نەخۆشیەکان دەکات، چونکە داپۆشراوە بە ماددەیەکی مۆمی لینج کە دەیپارێزێت لە کرم و نەخۆشی. هەروەها سیفەتی دژە کەڕووی هەیە، ئەم سیفەتانەش هۆکارن بۆ ئەوەی پەڵپینە بتوانێت بەرگەی گەرما و وشکی بگرێت و دوای هەڵکەندنیشی دەتوانێت سەرلەنوێ گەشە بکاتەوە.

 

* شێوازی بەکارهێنانی:

پەڵپینە هەر وەکو زۆربەی ڕووەکەکانی تر، بەکارهێنانی بە تەڕی (Fresh) زۆرترین سوودی دەبێت.

  1. بە تەڕی: پەڵپینە بە تەڕی دەخورێت لەگەڵ زەڵاتە و پەنیر و تەماتە و پیاز و سیر و جاترە و زەیتی زەیتون و ماست و مریشک و هێلکە و لیمۆ و چەوەندەر و توور و هتد.
  2. بە کوڵاوی: پەڵپینە دەکرێت بە شۆربا بە تەنها یاخود لەگەڵ نیسک یان برنج.
  3. بە سورەوەکراوی: پەڵپینە لەناو زەیتدا سووردەکرێتەوە، بە تایبەت زەیتی زەیتون.

* پێکهاتەکانی پەڵپینە:

پەڵپینە هەندێک سیفات و ماددەی تێدایە لە هیچ ڕووەکێکی تردا بوونی نیە، یاخود بەو ڕێژە زۆرە نیە، بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی ڕووەک دادەنرێت لە ڕووی سوودی تەندروستییەوە. یەکێک لەو ماددە زۆر گرنگانەی کە تەنها لە پەڵپینەدا هەیە بریتیە لە ئۆلاراسین (Oleracins A,B,C,D, and E)، لە ماددە دەگمەنە بەسوودەکانی تر کاتیکۆلامین (Catecholamine)، دۆپامین (Dopamine)، میلاتۆنین (Melatonin) و ئیپینفرین (Epinphrine)، ئەم ماددانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کۆ ئەندامی دەمار هەیە، مرۆڤ لە ترس و دڵەڕاوکێ و گۆشەگیری و خەوزڕان دەپارێزن، هەروەها پەڵپینە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ڤیتامین A و بێتاکاڕۆتین (β-carotene) کە یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی چاو.

ماددەیەکی گرنگی تر بریتییە لە ئۆمێگا 3 (Omega 3) کە ڕێژەیەکی یەکجار زۆری لە پەڵپینەدا هەیە، سێ هێندەی ماسی تێدایە، کە دژە هەوکردنە و مێشک چاڵاک دەکات و یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی جومگەکان و یارمەتی نەهێشتنی کۆلیسترۆلی زیانبەخش دەدات.

توێژینەوەکان سەلماندوویانە ئەگەر گرنگی بە خواردنی پەڵپینە بدرێت مرۆڤ دەپارێزێت لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان و بەرگریەکی زۆر پتەو دروست دەکات لە دژی توشبوون بە شێرپەنجە. ئەمانە و دەیان کانزا و ڤیتامین و ماددەی بەسوودی تێدایە کە بەم ڕێژە بەرزە لە هیچ ڕووەکێکی تردا بوونیان نیە

(خشتە)

Nutritional value per 100 g (3.5 oz)
Energy 84 kJ (20 kcal)
Carbohydrates 3.39 g
Fat 0.36 g
Protein 2.03 g
Vitamins Quantity
Vitamin A 1320 IU
Thiamine (B1) 0.047 mg
Riboflavin (B2) 0.112 mg
Niacin (B3) 0.48 mg
Vitamin B6 0.073 mg
Folate (B9) 12 μg
Vitamin C 21 mg
Vitamin E 12.2 mg
Minerals Quantity
Calcium 65 mg
Iron 1.99 mg
Magnesium 68 mg
Manganese 0.303 mg
Selenium Trace
Phosphorus 44 mg
Potassium 494 mg
Zinc 0.17 mg
Other constituents Quantity
Water 92.86 g

سوودە پزیشکییەکانی پەڵپینە:

لەم چەند ساڵەی دوواییدا، لە زانکۆ و سەنتەری توێژینەوە جیهانییەکان ژمارەیەکی بەرفراوان توێژینەوە دەربارەی پێکهاتەی کیمیایی و چالاكیی زیندەیی پەڵپینە و کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ، ئەنجامدراون. گرنگترین سوودە تەندروستییەکانی ئەمانەن:

  1. چالاكیی لەسەر کۆئەندامی دەمار (Neuroprotective)

پێکهاتەکانی پەڵپینە کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆئەندامی دەمار و هێورکردنەوەیان و پاراستنی مرۆڤەکان لە نەخۆشی زەهایمەر (Alzheimer) و دڵەڕاوکێ و گۆشەگیری و ڕاڕایی، هەیە.

 

  1. چالاكیی دژە نەخۆشی شەکرە (Antidiabetic Activity)

پەڵپینە هاندەرێکی بەهێزە بۆ زیادکردنی ڕژاندنی ئەنسۆلین (Insulin) و بەرزکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی بەسوود (HDL) و دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی زیان بەخش (LDL) و چەوری ژێرپێست (TG).

  1. چالاكیی دژە ئۆکسێنەر (Antioxidant Activity)

پەڵپینە دەوڵەمەندە بە ماددە دژە ئۆکسێنەرەکان کە بەرگری دەکەن لە دروستبوونی ڕەگی ئازاد (Free Radical)، ئەمانە هۆکارێکن بۆ توشبوون بە گەلێک نەخۆشی مەترسیدار.

  1. چالاكیی دژە شێرپەنجە (Anticancer Activity)

پەڵپینە یەکێکە لەو ڕووەکە دەگمەنانەی کە چالاكیی دژە شێرپێنجەیان هەیە، ئەویش بە ڕێ نەدان بە دروستبوونی ڕەگی ئازاد (Free Radical) کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە.

  1. چالاكیی دژە میکڕۆبی (Antimicrobial Activity)

یەکێکی تر لە چالاكییە ناوازەکانی پەڵپینە بریتیە لە چالاکیی دژە میکڕۆبی، پەڵپینە چالاكییەکی بەهێزی هەیە دژی هەردوو جۆری میکڕۆب، گرام-نەرێنی (Gram-negative) وەکو (Pseudomonas oleracea, Escherichia coli, Neisseria gonorrhea) و گرام-ئەرێنی (Gram-positive) وەکو (Bacillus stubtilis, Staphylococcus aureus). هەروەها چالاكیی دژە ڤایرۆسی جۆری (Simplex virus type 2) هەیە. چالاكییەکی گرنگی تر، پەڵپینە چالاكیی دژە کەڕووی هەیە لە جۆری (Candida albicans).

  1. چالاكیی دژە هەوکردن (Anti-inflammatory Activity)

پەڵپینە چاڵاکە دژی هەوکردنی جومگەکان و خانەکانی لەشی مرۆڤ بەهۆکاری بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ماددە کیمیاییە ناوازەکان، گرنگترینیان پێکهاتەی ئۆلیراسین (Oleracins) و ماددە تفتە ئەلکەڵۆیدەکان (Alkaloids).

  1. چالاكیی دژە برینی گەدە (Antiulcerogenic Activity)

پەڵپینە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەستیاری برینی گەدە کە هۆکارەکەی کاریگەری و هاندەری ترشی هایدرۆکلۆریکە (HCl).

  1. چالاكیی پارێزەری جگەر (Hepatoprotective)

پێکهاتەکانی پەڵپینە هەڵدەستن بە ڕێکخستنی ئاستی بیلیرۆبین (bilirubin) و سیرۆمی ئەنزیمی نیشاندەری جگەر لە پێناو پارێزگاری لە جگەر و ساڕێژکردنی زامەکانی.

سەرچاوەکان

  1. Elkhayat, E.S., Ibrahim, S.R. and Aziz, M.A., 2008. Portulene, a new diterpene from Portulaca oleracea L. Journal of Asian natural products research10(11), pp.1039-1043.
  2. Palaniswamy, U.R., Bible, B.B. and McAvoy, R.J., 2002. Effect of nitrate: ammonium nitrogen ratio on oxalate levels of purslane. Trends in new crops and new uses11(5), pp.453-455.
  3. Karimi, G., Hosseinzadeh, H. and Ettehad, N., 2004. Evaluation of the gastric antiulcerogenic effects of Portulaca oleracea L. extracts in mice. Phytotherapy Research: An International Journal Devoted to Pharmacological and Toxicological Evaluation of Natural Product Derivatives18(6), pp.484-487.
  4. Zhao, C.Q., Zhou, Y., Ping, J. and Xu, L.M., 2014. Traditional Chinese medicine for treatment of liver diseases: progress, challenges and opportunities. Journal of integrative medicine12(5), pp.401-408.
  5. Zhu, H., Wang, Y., Liu, Y., Xia, Y. and Tang, T., 2010. Analysis of flavonoids in Portulaca oleracea L. by UV–vis spectrophotometry with comparative study on different extraction technologies. Food Analytical Methods3(2), pp.90-97.
  6. Xiang, L., Xing, D., Wang, W., Wang, R., Ding, Y. and Du, L., 2005. Alkaloids from Portulaca oleracea L. Phytochemistry66(21), pp.2595-2601.
  7. Wanyin, W., Liwei, D., Lin, J., Hailiang, X., Changquan, L. and Min, L., 2012. Ethanol extract of Portulaca oleracea L. protects against hypoxia-induced neuro damage through modulating endogenous erythropoietin expression. The Journal of Nutritional Biochemistry23(4), pp.385-391.
  8. El-Sayed, M.I.K., 2011. Effects of Portulaca oleracea L. seeds in treatment of type-2 diabetes mellitus patients as adjunctive and alternative therapy. Journal of ethnopharmacology137(1), pp.643-651.
  9. Chen, T., Wang, J., Li, Y., Shen, J., Zhao, T. and Zhang, H., 2010. Sulfated modification and cytotoxicity of Portulaca oleracea L. polysaccharides. Glycoconjugate journal27(6), pp.635-642.
  10. Prabha, D., Sivakumar, S., Subbhuraam, C.V. and Son, H.K., 2015. Responses of Portulaca oleracea Linn. to selenium exposure. Toxicology and Industrial Health31(5), pp.412-421.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *