قەوارەی هەرێم و فیدڕالییەت

كارۆ كاوە
قۆناغی پێنجەم-بەشی یاسا-زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

زوو زوو لێرە و لەوێ گوێمان لەوە دەبێت كە قەوارەی هەرێمی كوردستان مەترسی زۆری لەسەرە، چونكە نیوە زیاتری خاكەكی لەدەستداوە، هەروەها كەوتۆتە ژێر قورسایی ئەو بڕیارە یەك لە دوای یەكانەی كە دادگای فیدڕاڵی لە دژی هەرێم دەریدەكات.

لەلای بەشێكی زۆر لە هاونیشتیمانیان دۆخێكی رەشبینی لەسەر داهاتووی هەرێم دروستبووە، لەراستیدا من ئەم رەشبینیەی خەڵكی بە شتێكی باش لە قەڵەم دەدەم، چونكە ڕەشبینی دۆخێكی مەعریفییە كە مرۆڤ پیایدا دەڕوات بەرەو قۆناغی بونیادنانی هۆشیاری. لە سەردەمێكداین لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە بوونی هۆشیارییە، چونكە ئەم سەدەیە سەدەی جەنگی عەقڵە نەوەك جەنگی هێزی جەستەیی، سەركەوتنی ئێمەش پەیوەستە بە ئاستی مەعریفی و دونیابینینمانەوە بۆ ئێستا و داهاتوو. روون و ئاشكرایە كە دروستبوونی هۆشیاری بە پڕۆسەیەكی پڕ لە بێدەنگی و رەشبینی و ئەزموونی زۆر دێتە بوون.

گرنگ نیە لە رابروودا چەنێكت زەرەر كردووە، گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانی وەبەرهێنان لەو شكستانە بكەیت و بیانكەیت بە سەركەوتنەكانی داهاتوو. ئێستا هەرێمی كوردستان لە دۆخێكدایە كە بە سەرەتای دروستبوونی نەوەیەكی خاوەن هۆشیاری دادەنێم، هۆشیارییەك كە لە دیوە جووداكانەوە بڕواننە ژیان.

دیارە كە ئێمە لە دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا دەژین، فیدڕاڵیەتیش شتێك نیە كە بە شەو و ڕۆژێك دروستبێت، بەڵكو چەندان قۆناغی مێژوویی پێویستە بۆ لەدایكبوونی.

لە ٤ ی ئۆكتۆبەری ١٩٩٢ پەرلەمانی كوردستان تەبەنی فیدڕاڵیەتی كرد، لەو دەمەدا ئەمەیان بە خەون لە قەڵەم دەدا، بەڵام وەك دەوترێت كە داهاتوو دەریدەخات كە كێ لەسەر ڕێگا دروستەكە ڕۆیشتووە. رەخنەكان لەسەر ئەم تەبەنییەی پەرلەمانی كوردستان زیاتر بوو لە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەودەم جگە لە بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەرێمی كوردستان هیچ پارێزبەندییەكی یاسایی نەبوو، سەرەرای هەموو قوربانییەكان، ئینجاش توانرا ئاشتەوایی بەرپابكرێت و هەرێم بەرەو قۆناغی دوای رووخانی ڕژێمی بەعس هەنگاوی نا، ئەمەش بە گواستنەوەی تەبەنی فیدڕاڵیەت بوو لە هەولێرەوە بەرەو بەغدا.

لە ١٥-١١-٢٠٠٣ ڕێكەوتننامەیەك لەنێوان ئەنجوومەنی حوكم و دەسەڵاتی هاوپەیمانان ئیمزاكرا بەناوی (ڕێكەوتنامەی كاری سیاسی).

لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەو خاڵەی ڕێكەوتنەكە بدەم كە باس لە دەركردنی یاسای سەرەكی (القانون الاساسي) دەكات كە دواتر بە (یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزەر) ناسراو و لە ٦٢ مادە پێكهاتبوو، ئەنجوومەنی حوكم لە بەرواری ٨ی ٣ی ٢٠٠٤ ئەم یاسایەی پەسەندكرد.

گرنگی ئەم یاسایە بریتیبوو لە تەبەنیی فیدڕاڵیەت بۆ عێراق، ئەم یاسایە تا دەرچوونی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێكهێنانی حكومەت بەپێی دەستوورەكە بە كارایی مایەوە.

چەند خاڵێكی بەهێز بەدەست هەرێمی كوردستانەوە كە لە دەستووردا ئاماژەی پێدراوە:

1- بەپێی بڕگەی ٤ لە مادە ١٢٦ی دەستووردا، كە ئەمە دەقەكەیەتی(لايجوز اجراء اي تعديل على مواد الدستور من شأنه أن ينتقص من صلاحيات الاقاليم التي لاتكون داخلة ضمن الاختصاصات الحصرية للسلطات الاتحادية الا بموافقة السلطة التشريعية في الاقليم المعني وموافقة اغلبية سكانه باستفتاء عام).

بەهیچ شێوەیەك ناكرێت هەمواری ئەو دەقە دەستوورییانە بكرێت كە دەبنە هۆی بێهێزكردنی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها لەو كاتەدا نەبێت كە پەرلەمانی هەرێم لەسەر ئەم هەموارە ڕازیبێت لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی دانیشووانی هەرێم بە ڕێگای ڕاپرسی گشتی.

ئەم دەقە دەستوورییە وەڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوە كە دەڵێن قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان لە مەترسیدایە، بەڵێ لە مەترسیدا دەبێت ئەگەر خۆمان لەسەری ڕازیبین!.

2- بەشێوەیەكی گشتی لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، یەكپارچەیی خاكی دەوڵەت (وحدة إقليم الدولة) بوونی هەیە، بەڵام لە دەستووری عێراقیدا ئەم بنەمایە وەلانراوە و بە شێوازێكی ڕوون دانی بە دابەشبوونی سنووری عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ناوە.

ئەم خاڵە لە بڕگەی دوو لە مادە ١٤٠ ئاماژەی پێدراوە كە ئەمە دەقەكەیەتی (المسؤولية الملقاة على السلطة التنفيذية في الحكومة الانتقالية والمنصوص عليها في المادة (58) من قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية تمتد وتستمر إلى السلطة التنفيذية المنتخبة بموجب هذا الدستور على ان تنجز كاملة (التطبيع، الاحصاء وتنتهي باستفتاء في كركوك والمناطق الاخرى المتنازع عليها لتحديد إرادة مواطنيها) في مدة اقصاها الحادي والثلاثون من شهر كانون الاول سنة الفين وسبعة).

ئەوەی زۆر گرنگە ئەم بەشەیەتی كە دەڵێت (باستفتاء في كركوك والمناطق الاخرى المتنازع عليها لتحديد إرادة مواطنيها)، چونكە ناوچەی جێناكۆك لەنێوان دوو وڵات یان زیاتردا بوونی هەیە، نەوەك لەناو سنووری یەك وڵاتدا، ئەمە جگە لەوەی كە ناوچەی جێناكۆك پەیوەستە بە یاسای نێودەوڵەتیی نەوەك یاسای ناوخۆیی وڵات، بەڵام وەك دەبینین كە دەستووری عێراقی خۆی پێمان دەڵێت كە شتێك بەناوی یەكپارچەیی عێراق بوونی نیە.

3- بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی یاسایی و شەرعی بەسەر شەش پارێزگای عێراقدا هەیە كە بریتین لە پارێزگاكانی (هەولێر، دهۆك، سلێمانی، كەركوك، نەینەوا، دیالە). ئەمەش بە گەڕانەوەمان بۆ مادە ١٤٣ی دەستوور بەدەردەكەوێت كە دەڵێت (يلغى قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية وملحقه عند قيام الحكومة الجديدة، باستثناء ما ورد في الفقرة(أ) من المادة (53) والمادة (58) منه). واتە بەپێكهێنانی حكومەت بەپێی دەستووری هەمیشەیی ئەوا یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ئیلغا دەبێتەوە جگە لە بڕگەی (أ)ی مادە ٥٣ و مادە ٥٨ی یاساكە نەبێت كە بە بەركاریی دەمێننەوە.

الفقرة(أ) من المادة (53) : (يعترف بحكومة إقليم كردستان بصفتها الحكومة الرسمية للأراضي التي كانت تدار من قبل الحكومة المذكورة في 19 آذار 2003 الواقعة في محافظات دهوك وأربيل والسليمانية وكركوك وديالي ونينوى. إن مصطلح <حكومة إقليم كردستان> الوارد في هذا القانون يعني المجلس الوطني الكردستاني، ومجلس وزراء كردستان والسلطة القضائية الإقليمية في إقليم كردستان).

ئەم سێ خاڵە سێ خاڵێ دەستووری بەهێزن بەدەست هەرێمی كوردستانەوە كە دەكرێت سوودیان لێ وەربگیرێت لە داهاتوودا بەتایبەت لە بەرامبەر دادگای ئیتیحادی عێراقیدا.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *