ڕێساکانی قسەکردن لەگەڵ یەکتری لە دانیشتنەکانی رۆژانەدا

پ.ی.د. حسین بالیسانی
راگری فاکەڵتی یاسا-زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک – هەولێر

                                                   

بە حوکمی پێگە کۆمەڵایەتییەکان، هەر کەسێک بە جۆرێك دووچاری دانیشتنی جیا جیا لەگەڵ ئەو هەموو چینە جیاواز جیاوازەی کۆمەڵگەی کوردەواری دەبێتەوە، هەندێکیان عەشایرین (هۆز)ین، هەندێکی تر خەڵکی دێهاتن، هەندێکی تریش شارستانی، هەندێکیان خاوەن مەزهەبی ئاینی جیاواز، بگرە هەندێکیان ئاینیان جیاوازە، زێدە لەوەش هەبوونی ئاستی جیا جیا لە رۆشەنبیری و ئەدەب و زانست، ئینجا جیاوازی هەوادار بۆ بیرۆکەی سیاسی و پارتە سیاسیە جیاجیاکان سەربارو بن بار.

ئینجا باش وایە کە گەیشتنە ئەم جۆرە مەجلیسانە، سەرەتا دەست بە قسە نەکەن، بۆ ئەوەی بزانن بوارەکە چۆنە، بۆ ئەوەی لە ئاست ئەم مەجلیسە تێبگەن، زۆر جار هەوڵ بدەن یەکتر ناسینێک دروست بکەن لەگەڵ ئەوانەی نایانناسن، بۆ ئەوەی بزانن ئاستی رۆشەنبیری و خوێندەوارییان چیە؟ کە ئەیاندوێنن، زۆر شت لە کاتی قسەکردن و یەکتر ناسین تا ‌ئاستێک دەرئەکەوێت، بۆ ئەوەی  تووشی ئەوە نەبن کەسانێك لێتان توورە بن و کەسانێك لێتان تێنەگەن، و کەسانێك بە نەزان لێتان تێبگەن، لەبەر ئەوە پێویستە سەرەتا دوای سەلام و یەکتر ناسین گوێڕایەڵی قسەکان بن و دانیشتنەکە بە پێی زانیاری و تێگەیشتنی خۆتان  هەڵبسەنگێنن، بۆ ئەوەی ئەگەر ویستتان قسەبکەن، قسەکانتان سوودی هەبێت و خەڵکەکە تا رادەیەک گوێ رایەڵ بن، چونکە لە پێشینان بیستومە دەیانگوت: (قسە بکە جێبگرێت) کەواتە ئەگەر جێی نەگرت واتا دانیشتوانی مەجلیسەکە بە چاکیان نەزانی و سوودیان لێ وەرنەگرت، ئەوە نەکردنی باشترە لە کردنی. لێرەوە ئەبێ ئەوە بلێین کە مەبەستم لەوەی سەرەوە ئەوە نیە کە خۆم بە بەرز تر ئەزانم (استغفرالله)، یان وەکو تاقیکردنەوەی قوتابییانە دانیشتووەکان هەڵبسەنگێنم، بلێم هەندێکیان کەوتوون و هەندێکیان سەرکەوتوون، چونکە:

یەکەم: ئەم مافە بە خۆم نادەم چونکە جێگاکە هی ئەوە نیە.

دووەم: ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ ئەم شوێنانە ناگونجێت.

سێیەم: ئەشێ ئەو کەسانەی تێدا بێت زۆر لە من ئاستیان شارەزاترە و بەرزترە لەم بابەتەی دراوەتە گفتوگۆ لەدانیشتنەکەدا.

بەڵام ئەوەی سەیرە لام هەندێ کەس کە دەست بە قسە دەكەن، قسەکانیان هیچ پەیوەندیی بە بابەتەكەوە نیە وروژاوە لەمەجلیسەکە، و کێشە و بواری دانیشتنەکە وات لێ دەکات کە ئەبێ گوێ بگری، سەڕەرای ئەوەش رای تر قبوڵ ناکات و ئەگەر درێژەی پێ بدات، دەنگی بەرز دەکاتەوە، و ئەگەری ئەوەش هەیە کە قسەی نەشیاو بکات و دانیشتنەکە تێك بدات، و ئەگەر دانیشتنەکە بۆ ئەوە بوو کێشەیەك چارە بکەن، یان وەکو کوردەواری ئەلێت: مەسەلەیەك بوو، ئەوە کێشەکە بە گێرە شێوێنەکەی خۆیان تێكی دەدەن و بگرە زۆر جار کێشەکە قۆلتڕ دەكەن. و بە داخەوە ئەگەر هەندێ جار پیاوی ئایینی بێت (لەگەل رێزم بۆ هەموویان) ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە بە کافر و بێباوەریان دابنێت، و پێگەکەشی لە مەجلیسەکەدا وایە نابێ کەس قسە لە قسەیدا بکات.

لەلایەکی ترەوە زۆر کەس دەست بە قسە ئەکات کە گوایە بە پسپۆڕی لەم شتە تێگەیشتووە و بەڵگە و شارەزایی هەیە، بەڵام کە قسە ئەکات هیچ پەیوەندیی بەم بوارەوە نیە، وەکو کوردەواری دەلێت: هەر تیرەو  لە کەندارێک ئەدات.

بۆیە بە باشم زانی رای خۆم سەبارەت بەم بابەتە بنووسم و بۆ خوێنەرانی گۆڤاری (شایان)ی ئازیز و بۆ قووتابییە خۆشەویستەکانم و دۆست و برادەرانی تر، بە ئاواتی ئەوەی بیخوێننەوە و ئەگەر بە دڵیان بوو وەریبگرن و دوعام بۆ بکەن، ئەگەر نا هەر کەس لە ماڵی خۆی.

 بۆ ئەم مەبەستە بە بیرم دێت لە کاتی خۆیدا وانەیەك دەخوێندرا لە حوجرەی فەقێیان ( قووتابخانە ئاینییەکانی مزگەوتەکان) بە ناوی (آداب الكلام) تێیدا چەند رێسایەک هەبوو بۆ ئەوەی فەقێ فێری قسەکردن ببێت لە ناو کۆمەڵگا و لە دانیشتنەکانی رۆژانە و لە سەردانی کەس و کار و دۆست و برادەران، لە سیمینار، لە وۆرکشۆپ، لە وتارەکان، لە نووسینەکان و هتد… رێساكان ئەمانەن:

  • ئەبێ مەبەستی وشەی خێربێت: کە واتا کە مرۆڤ لە دانیشتنێكدا قسە دەکات ئەبێ قسەکانی دوور بێت لە فیتنە و ئاژاوە نانەوە و بە خراپی باسکردنی خەڵک، بەڵکو مەبەستیی باشە و تەبایی و هاندان بۆ یارمەتیدانی یەکتر، یارمەتی هەژار، و هاندانی خەڵک بۆ شتی باش وەکو خێر، بە دواداچوونی شتی باش، زانست، کاسبی…… هتد بێت، چونکە خودای گەورە ئەفەرمووێ ﴿لَا خَيْرَ فِي كَثِيرٍمِنْ نَجْوَاهُمْ إِلَّا مَنْ أَمَرَ بِصَدَقَةٍ أَوْ مَعْرُوفٍ أَوْ إِصْلَاحٍ بَيْنَ النَّاسِ وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ ابْتِغَاءَ مَرْضَاتِ اللَّهِ فَسَوْفَ نُؤْتِيهِ أَجْرًا عَظِيمًا﴾ واتا خولاسەی قسەی خێر سێ شتە:

یەکەم: فەرمان بە بەخشین لە رێی خودا.

دووەم: فەرمان بەچاکە.

سێیەم: هەوڵدان بۆ چاکسازیی لە نێو خەڵكدا ( ئاشتەوایی).

 بە پێچەوانەوە هەر قسەیەک بکرێت هیچ سوودی نیە، بەلکو بێدەنگیی زۆر باشترە.

  • دوورکەوتنەوە لە چوونە ناو قسەی ناڕەوا : بە هیچ جۆرێك روونەکاتە قسەی ناڕەوا وەکو (جوێن دان، غەیبەتکردن، بەدیارخستنی کەموکوڕی خەڵك، تانە لێدان…. هتد. فەیلەسوفی زانا ئیمامی غەزالی (رەزای خودای لێبێت) ئەفەرمووێ: ( قسەی ناڕەوا ئەوەندە زۆرن نایەنە هەژماردن)، هەروەها شاعیری بەناوبانگ مەلا مەسعوود بێبەش (رەزای خودای لێبێت) ووتویەتی:

راست نەماوە گیانەکەم تۆ گەر قسەی راستت دەوێ …… سەت هەزارت بۆ دەکەم گەر درۆ و فیشارت دەوێ

-3  دوور کەوتنەوە لە قسەی بێ سوود : پێغەمبەر (د.خ) ئەفەرمووێ (من گەورەی ماڵێکم لە بەهەشت ئەوەی چوارچیوەیەتی لە دەرەوەیەتی (کەواتە زۆر گەورەیە) بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە (مراء) بەجێ دەهێلن) مەبەستی ئەو کەسەیە کە گەنگەشە (مجادلة) بەبێ سوود نا کات، و خراپبوونی خەڵك لە (مجادلە) دایە، و ئەم جۆرە شتانە تەنها بۆ دەم کوتکردنی بەرامبەرە، ئەگینا هیچ سوودی نیە، و ئەگەری ئەوەشی هەیە کە خۆی بڕوای پێنەیەت تەنها بۆ خۆدەرخستن بێت. بە پێچەوانەی گەنگەشەی بە سوود یان زانستی بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێک یان ڕاست کردنەوەی چەند هەڵەیەک یان بۆ ئامۆژگاریی چەند کەسێک.

-4   دوورکەوتنەوە زۆر قسە كردن لە هەندێ بابەت: و ئەمانە بە گوێرەی قسەی زانایان و لە سەرووی هەموویانەوە پێغەمبەر (د.خ) خۆیان لە سێ سیفەتدا دەبیننەوە:

آ- کردنی قسەی زۆر بەبێ سوود (الثرثارون) زۆر بڵێ، چونکە زانایان دەڵێن: هەر کەسێک قسەی زۆری کرد، هەڵەی زۆر دەكات. و مەجلیس تەنها بۆ یەك كەس نیە، پێویستە دەرفەت بە کاسانی تریش بدرێت قسە بکەن، بۆ ئەوەی ئێوەش سوود لە خالکانێکی تر وەرگرن.  

ب- قسەکردن بە جۆرێك کە خۆتان لە بەرامبەرەكەتان یان هەر خەڵکێی تر بە باڵاتر بزانن (المتطاولون)

ج- ئەوانەی لە قسەکانیاندا دیار ئەکەون کە خۆیان بە تێگەیشتوو و پڕ زانست دیار دەخەن، کەچی لە رەسەندا هیچیان پێ نیە ( المتفيقهون).

د. ئەو کەسانەی کە بە زێدەرۆیی و زیاد بەسەرنان لە سنووری ڕەوا و نواندن قسە دەکەن (المتنطعون).

-5 ئاراستەی قسەکردن بۆ بەرامبەر بکرێت کە بەپێی داب و نەریت و شەریعەت، لێی بوەشێتەوە: کەواتە رێزگرتنی ئاستی بەرامبەر و بەم پێوەرە قسەی لەگەڵ بکرێ. بۆ نموونە نابێ پرسیارێکی ماتماتیكی قورس  لە قوتابییەکی سەرەتایی بكرێت بۆ بێدەنگ کردنی، یان قسە لەگەڵ ئافرەتێكدا بکرێت کە بۆ ئەومەجلیسەی ئافرەتی تێدایە گونجاو نەبێت، یان داوا لە منداڵێك بکرێت  هەڵسوکەوتی وەك پیاو بێت. پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرمووێت: قسە لەگەڵ خەڵك بکە بەگوێرەی عەقڵیان (کلم الناس على قدر عقولهم).

-6  پیاهەڵگوتنی خۆت یان کەسێکی تر:  بە شان وباڵ هەڵگوتن و بەرزکردنەوەی کەسێک شتێکی خراپە، جونکە زانایان ئەڵێن زانست و زانین و رەوشت  جەوهەرە، خۆی خۆی دەردەخات. ئینجا پێی ناوێ تۆ بە شان و باڵی کەسێ یان خۆتدا بەبێ بنەما هەر بڵێی، لێیگەرێن  کردەوەتان، رەوشتتان، چاکە و خێرتان، زانست و زانیاریتان، رێزگرتنتان لە بەرامبەر، مامەڵەتان لەگەل کەسوکار و بێگانە و دەوروبەر و هاوسێ…..هتد، ئەمانە هەمووی مایەی ئەوەن خەڵک مەد‌‌حتان بكات نەک خۆتان، ئەم بابەتە بۆ کەسانی زانا بە جێ بهێڵن بۆ ئەوەی خەڵک بڕواتان  پێبکەن.  راستە زۆر جار ئەشێ کەسێکتان پێ باش بێت و خۆشتان بوێ، چونکە ئاگاداری هەندێ رووی ژیانن، بەڵام ئەگەریی زۆر هەیە لایەنی تری هەبێت کە ئێوە ئاگادار نین، جارێکیان دادوەرێک (عومەری کوری خەتاب – رەزای خودای لێ بێت) داوای لە تۆمەتبارێک کرد کە شاهید بێنێ بۆ ئەوەی بەرگری لێ بکەن، ئەویش چوو کەسانێکی هێنا کە شایەتی بۆ بدەن، دادوەر لێیانی پرسی: ئێوە ئەم کابرایە دەناسن؟ وتیان: بەڵێ..  دادوەر وتی: سەفەرتان لەگەڵی کردووە: وتیان: نەخێر.. وتی: مامەڵەتان لەگەڵی کردووە؟ وتیان: نەخێر.. دادوەر وتی: ئەی تەنها لەبەر ئەوەی دیوتانە لە مزگەفت چەن رکاتێک نوێژ دەکات هاتوون شایەتی بۆ دەدەن؟ كەواتە بڕۆنە دەرەوە.   

ئەمە مشتێک بوو لە خروارێک، چونکە ئەم بابەتە زۆر لا ئەگرێتەوە ناتوانم بە دوو سێ لاپەرە نوسێن گشت لایەنەکانی دابپۆشم، بەڵام کۆتایی بەوە ئە هێنم کە پێشینان وتوویانە: (ئەگەر قسەکردن زیو بێت، بێدەنگی زێرە)، و پێغەمبەری خۆشەوێست (د.خ) ئەفەرموێت: (اذا تكلم احدكم فليقل خيرا او ليصمت)، واتە ئەگەر ویستتان قسە بکەن یان خێر بڵێن یان بێدەنگ بن.

-7 هەواڵ گواستنەوە بە مەرجی دڵنیابوون لە راستییەکەی: هەواڵ دوو ئەگەری هەیە، ئەویشیان یان ڕاستە یان درۆیە، ئنجا بۆیە ئەگەر دڵنیا نەبوون لە راستی هەر هەواڵێک کە ئەیبیستن ١٠٠٪ مەیگوێزنەوە، واتە باسی مەکەن، چونکە زۆر هەواڵ دروست کراوە بە مەبەستی جۆراو جۆر، هەیە دژی ‌‌‌دەسەڵاتە، هەیە بۆ تێکدانی بازارە بە مەبەستێکی رووخێنەر بۆ بەرژەوەندیی چەند کەسێک، هەیە کەسانێکی دڵساف بەبێ لێکۆلینەوە دەیگوازنەوە، و ئەم جۆرە هەواڵە دروستدەکرێ و زۆر دەبن یان زوو باوەڕی پێ دەکرێ لە کاتی شەر و ناخۆشی و کارەساتی سروشتی و ….هتد. بۆیە دەبێ هەواڵ لە سەرچاوەی بڕواپێکراو وەربگیرێ، یان لە سەرچاوەی بڕواپێکراو گواسترابێتەوە یان پشتراست کرابێتەوە، یان زۆر چاک لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێ و دڵنیا بێت کە راستە ئینجا باس بكرێ.

    لێرەدا دێمە کۆتایی نوسینەکەم، هیوادارم سوودی هەبێ بۆ خوێنەرانی گۆڤاری (شایان)ی خۆشەویست، و هیوای سەرکەوتن دەخوازم بۆ قوتابیانی خۆشەویست و دەستەی کارگێری و سەرپەرشتانی گۆڤاری (شایان)ی خوشەویست. هەتا ژمارەیەکی تر خوداتان لەگەڵ بێت..    

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *