کارۆ کاوه
حاجی قادری کۆیی له شیعرێکدا ده‌ڵێت
سه‌د قائیمه و قه‌سیده، که‌س نایکڕێ به پولێ
رۆژنامه و جه‌ریده، که‌وتۆته قیمه‌ت و شان
له شیعرێکی دیکه‌دا ده‌ڵێت
کوڕێکی وا نه‌بوو هه‌ستێته سه‌ر پێ
بزانێ خه‌ڵقی چۆن که‌وتوونه‌ته سه‌ر ڕێ
بکا سه‌یری جه‌ریده و حاڵی میلله‌ت
کتێبێ تازه و ته‌ئریخی ده‌وڵه‌ت
بزانێ تا چ قه‌وماوه له ئه‌تراف
سه‌راپا ئاگره ئه‌تراف و ئه‌کناف
له‌م شیعره‌ی حاجی قادره‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، خوێنساردیی تاکی کورد به‌رامبه‌ر زانین و خوێندنه‌وه، دیارده‌یه‌کی تازه نیه و ڕه‌گێکی مێژوویی قووڵی له هه‌ناوی گه‌له‌که‌ماندا هه‌یه، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له خاڵه لاوازه‌کانی گه‌لی کوردی که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی به‌سه‌ر ژیان و سیاسه‌تی کوردستانه‌وه هه‌بووه و هه‌یه
ڕۆشنایی مێژووی خۆت و گه‌له‌که‌ت، ده‌تکات به تاکی هۆشیار و کاریگه‌ر، به بوونی ئه‌م تاکانه، کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌نرخی دروستت ده‌ست ده‌که‌وێت که به‌ها و نرخ ده‌داته‌وه به مێژوو و کو‌لتوور و جوگرافیایه‌که‌ی
ئه‌م به‌ها و نرخ دانه‌وه‌یه به شوناسی خود، پێشکه‌وتن له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌کانی ژیان به‌دی ده‌هه‌نێت، له‌مه‌شه‌وه سه‌قامگیری و خۆشگوزه‌رانی زیاد ده‌کات
گه‌لی یه‌مه‌نی، خاوه‌ن مێژوو و کولتوورێکی ڕه‌سه‌نی مرۆڤایه‌تین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی دروستی نیه، نه‌یانتوانیوه به‌ها و نرخی ڕابگرن و بیکه‌نه هۆکاری پێشکه‌وتنی گه‌له‌که‌یان، گه‌لی یه‌مه‌نی به ڕاده‌یه‌ک دواکه‌وتوون له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕۆژئاواییه‌کان به یه‌مه‌نیان ده‌گوت (مۆزه‌خانه‌ی زیندووی چاخی به‌ردینی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست)
له سه‌ره‌تای ده‌رچوونی کاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردییه‌وه، فەرامۆشی و خوێنساردییهکی به‌رچاوی تاکه‌کانی کوردی دیاره به‌رامبه‌ر خوێندنه‌وه و وه‌رگرتنی زانیارییه‌کان
تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، لای زۆرینه‌ی تاکی کوردی، خوێندنه‌وه وه‌کوو دۆمینه و ئیزنیف سه‌یر ده‌کرێت، که بۆ کاتی ده‌ستبه‌تاڵی باشه، ئه‌مه‌ش جگه له پاساوێکی ناشرین هیچی دیکه نیه، سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌ی جیهانی بیڵ گیتس ده‌ڵێت: ”هه‌فتانه به‌لایه‌نی که‌مه‌وه دوو بۆ سێ کتێب ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه، ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئامانجی هه‌ر شێتک بێت ده‌توانێ کاتێکی بۆ ته‌رخان بکات، سه‌ره‌ڕای سەرقاڵیی بوونی به ژیانه‌وه
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی دیکه له کاروانی ڕۆژنامەگەری و کتێبخانه‌ی کوردی بده‌ین، زۆرینه‌ی کات به‌ده‌ست نه‌بوونی کڕیار و کێشه‌ی ئابوورییه‌وه ناڵاندوویانه، هۆکاره‌که‌شی که‌میی ژماره‌ی خوێنه‌ر و لاوه‌کی سه‌یرکردنی ئه‌م کایه‌یه له‌لای تاکی کوردییەوە
ئه‌گه‌ر چاوێک بخشێنینه‌وه به‌م مێژووه‌دا، ده‌بینین چه‌ندین ڕۆژنامه‌ی کوردی، به‌ئاشکرا بانگه‌وازی هاوکاری ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن درێژه به ده‌رچوونیان بده‌ن
حسێن حوزنی موکریانی له ژماره ١٠ی ٢٥-٤-١٩٣٦دا له گۆڤاری (رووناکی)دا به سه‌ردێری (پاڕانه‌وه و تکا و خواهیشت)دا نووسیویەتی
”له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م گۆڤاره جگه له دراوی موشتهریکه موحتهرهمهکان چی ڕێگایه‌کی دیکه‌ی نیه بۆ خۆ ژیاندن، به‌تایبه‌تی له موشتهریکه خۆشه‌ویسته‌کان ده‌پاڕێینه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گۆڤاره ئیداره بکرێ و نه‌که‌وێ، به‌ده‌لی ئیشتراکی ساڵانه‌مان پێ لوتف بفه‌رموون
پیره‌مێرد له ژماره ٨٧٦ی (ژین) ٢٦-٦-١٩٤٧دا له‌ژێر سه‌ردێڕی (به‌ره‌و دوا) ده‌ڵێت
”له شاره‌که‌ی خۆماندا، چه‌ند ده‌ستیه‌ک و کوڕی پوکه‌ری مه‌کشوف ئه‌بینم، هه‌موو خۆیان به ئه‌دیب و شاعیر و مه‌لیک ئه‌ل شوعه‌را و مه‌نسوبی مه‌عاریف ئه‌زانن، شه‌وی وا هه‌یه پاره‌ی ئابوونه‌ی ده ساڵی گه‌لاوێژی تیا ئه‌برێته‌وه، که به‌ڕۆژ باسی پاره‌ی ئابوونه‌ی گه‌لاوێژی له لا بکه‌ی وه‌ک شه‌مشه‌مه‌کوێره چاو ئهقوچێنن“