رۆڵی زانکۆ لە دروستکردنی ئینتیمای نیشتمانیدا

 

بەهرە حەمەڕەش

 

کاتێک مرۆڤ گەیشتە قۆناغێک کە بیری لە سەقامگیری و ناونیشان كردەوە، ئێدی بوونی ئەو ناونیشانە، بووە بەشێک لە سەقامگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتی، هەروەها بووە بنەمایەک بۆ دروستبوونی (ماڵ، دەوارنشین، گوند، شار، نەتەوە و وڵات)

ئەم جێنشینە لەوێوە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگە، بەرهەمی عەقڵی مرۆڤە، چونکە مرۆڤ سروشتی وایە، کە بەدوای سەقامگیری و ناونیشاندا دەگەڕێت، ئەم ناونیشانەش پەرەی سەند تا گەیشتە قۆناغی دروستبوونی شوناس

بڕینی ئەم قۆناغانە، وای کرد کە ناونیشان لە بواری ماتریاڵییەوە دەربازی هەست و خۆشەویستی بێت، وەکوو ئەوەی لەناو کوردەواریدا باوە کە دەڵێن: “پیاو دەبێ لەسەر ماڵەکەی، خۆی بەکوشت بدات”

لەڕووی نەتەوەییەوە، هەموومان گوێبیستی داستانی قارەمانێتیی ئەو کەسانە بووین کە بەرگرییان لە خاک و نەتەوە کردووە و ناویان بە درەوشاوەیی لە مێژوودا دەنووسرێتەوە

لەڕووی دینەوە بۆ بەرگری لە ناونیشان، خاک و شوێنی نیشتەجێبوون، ئەگەر کەسەکە گیانیش لەدەست بدات، ئەوا گیان لەدەستدانێکی شەرەفەمەندانەیە و شەهیدە یان وەك دەڵێن گەشمردەیە، شەهیدیش پلەوپایەی لە هەردوو دنیادا بەرزە

لەڕووی مرۆییشەوە بە هەمان شێوە، بەرگریکردن لە خود وەک مرۆڤ و شوێن وەک مافی سروشتی بۆ ژیان، کردەیەکی مرۆیی گرنگ و پێویست و ستاییشکراوە، کەواتە بەرگری لە شوێنی نیشتەجێبوون (خاک، نیشتمان) و نەتەوە، بووە مۆرکێک کە مرۆڤە جوامێرەکانی پێدەناسرێتەوە

ئەگەر ئێمە سەرنجێکی کورت بدەینە جیهانی گیانلەبەرانیش، بە هەمان شێوە دەبینین لانە و هێلانە بۆ ژیان و مانەوەی خۆیان دروست دەکەن، کاتێک مرۆڤ یان گیانلەبەرێکی تری لە خۆیان بەهێزتر دەیەوێ هێلانەکەیان داگیر بکات، بە هەموو توانایانەوە بەرگری دەکەن، واتە شوێن و لانەی نیشتەجێبوون بۆ سەرجەم بوونەوەران، پیرۆزی و گرنگیی بەرچاوی هەیە

بەداخەوە بەهۆی جوگرافیای سیاسیی کوردستانەوە، کورد ئێستا گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتە. وێڕای ئەو فاکتەرانەی هەن، هەروەها ئەو هزر و بیرکردنەوەیەی تاکی کورد، بەهۆی داگیرکاریی کولتووری و خاکەوە دروست کراوە، دیدێ لای هەندێك دروست بووە گوایە کورد شایستەی خۆبەڕێوەبەری و دەوڵەت نییە

ئەمەش کەموکورتی و لاوازییەکە، كە تەنیا لەڕێگەی عەقڵ و مەعریفەوە پڕ دەکرێتەوە، لێرەوە زانکۆکان دەتوانن دەروازە و سەرچاوەیەک بن بۆ بەرهەمهێنانی خەڵكی هۆشیار، کە گرنگی بە سۆسیۆلۆژیای نەتەوە بدەن، بۆ چاندن و گەشەپێدانی هزری ئینتیما بۆ نیشتمان لای گەنجی کورد. رۆڵی زانکۆ لە جیهاندا وەک کارگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی خەڵكی پسپۆڕ و لێهاتوو، پرسیاری گرنگ لێرە ئەوەیە: ئایا زانکۆکانی کوردستان لە ئاستی پێویستی ئەم خەباتەدان؟

زانکۆکان ئەگەر پلان و ستراتیژی دروستکردنی گەنجی هۆشیار و خاوەن ئینتیمایان بۆ نەتەوە و خاک هەبێت، بە هەمان سەرچاوەی ماددی و مرۆیی ئێستا هەیانە، دەتوانن هەمان رۆڵی زانکۆکانی دنیا ببینن. چیتر مرۆڤی خاوەن بڕوانامەی بێمەعریفە نەخرێتە کۆمەڵگەوە، چونکە دواجار نەوەیەکی رووکەشیی ناوەڕۆک بەتاڵ دروست دەبێت کە بەشێک لە زیانەکانی بەر هەموان دەکەوێت و دابەش دەبێت

راستە حوکمڕانیی کوردی بێ کەموکورتی و دوور لە رەخنە نییە، بەڵام پێویستە رۆڵی زانکۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بێت لە کەموکورتی و ئەنجامەکان بە مەبەستی دانانی رێگەچارەی گونجاو، نەک قسە و گوتەی نازانستی، چونکە ئێمە لە واقیعێکدا دەژین کە ناچاری ژیان لەگەڵ دەورووبەرێكدا کراوین، هەوڵی سڕینەوەی ئێمە وەکوو نەتەوە دەدەن

بۆیە ناکرێت بەهۆی کەموکورتیی حوکمڕانییەوە، رێگە بۆ زیاتر گەرادانانی ئەم هزرە خۆش بکرێت، کە گوایە حوکمڕانیی بێگانە لە هی ناوخۆیی باشترە، یانیش ببێتە بیانوویەک کە گەنجەکان بە کولتووری دژە نەتەوە و خاک و نیشتمان پەروەردە بکرێن

زانکۆ چۆن دەتوانێ رۆڵی لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی تاکێكی تەندروست و خاوەن ئینتیما بۆ نەتەوە و خاک هەبێت، بەم جۆرەش دەتوانێت بە رێگای زانستی، هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە بۆ دۆخی نەخوازراوی کوردستان بکات و بە وردی پەنجە بخاتە سەر برینەکان بە ئامانجی ساڕێژکردنیان، چونکە ئەوە ئەرکی زانکۆیە کە سیاسی، ئەكادیمی، ئەندازیار، پزیشک و خاوەن پیشەی جیاجیا پێبگەیەنێت لە ئاستێکدا کە هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاک، نەتەوە و کۆمەڵگە بکەن

لە زانکۆکاندا هەموو بەشە جیاجیاکان هەن و هەر یەك لەو بەشانەش بۆ شیکردنەوەی دۆخی ئەو بنیاتە پێویستن کە کۆمەڵگەی دروست کردووە، سۆسیۆلۆژیای نەتەوە و دەوڵەتداری یەک لەو بوارە گرنگانەیە کە نەک هەر لە بەشی زانستە مرۆییەکان، بەڵکوو پێویستە وەك وانەیەک لە سەرجەم بەشەکانی تر بخوێنرێت و گرنگیی پێبدرێت تا ئێمە بتوانین لەو قۆناغەی هەین دەرباز بین و ببینە خاوەن قەوارەیەک کە بتوانین وەک مرۆڤ لەسەر خاکی خۆمان بژین

 

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *