مامۆستایەک.. بوونیادنەرێک

ئاڤان ئازاد عەلی

توێژەری یاریدەدەر

 

 

ئەو کاتەی کە وانەکەت گوتەوە ئایا بوونیادنەر بوویت؟ بیرت کردووەتەوە؟ 

 

‎لەوانەیە مامۆستای داینگەیەکی دوور لە کامێرای چاودێری بیت، لەوانەیە مامۆستای پۆلێکی بنەڕەتی بیت، یان لەوانەیە مامۆستای زانکۆیەک بیت کە دەبیتە هۆکاری بنیادنان یان رووخانی نەوەیەکی ئەمڕۆ

‎چەند جارت دووپات کردووەتەوە بە چرپە: “دەتوانیت ببیت بە گەورەترین نموونەی ژیان لە داهاتوودا! دەتوانیت جوانترینی ناخت ببەخشیت! دەتوانیت بیکەیت چونکە بەهێزیت! دەتوانیت بەسەریدا زاڵ بیت و ئەو دەنگە نەرێنییە لەناو ببەیت کە پێت دەڵێت ناگەیت! دەتوانیت بە بنەماترین و گەورەترین نموونەی دەستپاکی و ڕەوشتبەرزی بیت” ئەمەش بە کردەوەکانت لە چاوی ڕۆڵەکەتدا بەرز بتنرخێنێ.

‎چونکە ئەو فێرخوازە ڕۆڵەی تۆیە، لە یەک کاتدا تۆ دایکیت، باوکیت، برایت، خوشکیت، برادەریت و لە چاوی ڕۆڵەکەتدا هەموو ماناكانی ژیانیت

 

‎دەتوانیت ببیت بە گەورەترین نموونەی ژیان

 

‎لەنێو ئاڵۆزییەکانی ژیانتدا، وا هەستت دەکرد هەڵنەستیتەوە لەکاتێکدا خۆت خۆتت پێگەیاند و گەیشتی بەو ئاستەی پەروەردەی رۆحێک لەنێو دەستەکانتدا بێت! بە هەستەکانت پەروەردەی دەکەیت و پێی دەڵێیت کە ئەویش دەبێت بە گەورەترین نموونەی ژیان وەکوو مامۆستاکەی

 

‎دەتوانیت جوانترینی نێو ناخت ببەخشیت

 

‎ئەو کاتەی کە لە داینگە چاودێریی ئەو رۆحە بچووکە دەکەیت و لەنێو دەستەکانتدایە، ئەوا ئەو هەست بە میهرەبانیی دەكات؟ رەنگە وەکوو پیشەیەک سەیری كارەكەت بکەیت بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیان ئەو ئەركە ببینی، چونکە ماوەی کارکردنەکەت تەنیا چەند كاتژمێرێکە بێ ئاگا لەوەی تۆ لەوێ و لەو ساتەدا، بە هەموو پێوەرێك دایکیت.. لەنێو دڵ و دەروون و هزری ئەو منداڵەدا میهرەبانیت، ئارامیت، پێکەنینت شوێنەوار بەجێ دێڵێت

 

 

‎دەتوانیت وابیت، چونکە بەهێزیت

 

‎هیواخوازم ئەو دەستەواژانە بەکار نەهێنرێن کە ناخ رووخێنەرن! وەكو تۆ ناتوانیت، تۆ تێناگەیت، تۆ ئاستنزمیت! پەروەردەکردن دەبێ لەپێش زانست گەیاندنەوە بێت. لەپاڵ گەیاندنی زانستدا دەبێت و بەبێ هیچ رەتکردنەوەیەک قوتابییەکانت پەروەردە بکەیت! کە ئەوان بەهێزن و دەتوانن ببن بە سەرکەوتووترین تاکی کۆمەڵگە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی. گرنگی بدە بە وشە و دەربڕینەکانت، چونکە هۆکاری سەرەکین لە بوونیادنان یان رووخاندن و شکانی منداڵەکەت لە داهاتوودا

 

دەتوانیت بە سەریدا زاڵ بیت و ئەو دەنگە نەرێنییە

لەناو ببەیت کە پێت دەڵێت ناگەیت

 

 

‎ڕاستییەکی تاڵە کە ئەو دایک و باوکانەی هاوار دەکەن، منداڵەکانیشیان فێری هاوارکردن دەبن! بە هەمان شێوە دەنگە نەرێنییەکانت لەبارەی ژیانەوە هەمان کاردانەوەیان دەبێت لەسەر بیروبۆچوونی قوتابییەکانت. ئەرکی ئێمەیە وەکوو مامۆستا ئەو دەنگە نەرێنییانە لە ناخیاندا بسڕینەوە

‎سێ ساڵ لەمەوبەر قوتابییەکم لە دوای تەواوبوونی وانەکەم هات و گوتی: مامۆستا دەتوانم چەند خولەکێک لە کاتت بگرم و قسە بکەین؟ گوتم: بەڵێ بەدڵنیاییەوە دەتوانین

‎گوتی: “خەریكە دەخنکێم! لەو بەشەی ئێستا تێیدا دەخوێنم هیچ نامەوێ بخوێنم خەونم بەشێکی تر بوو، بەڵام نمرەکەم كەم بوو لەو بەشە وەرنەگیرام، ئێستا سێ هەفتەیە لێرەم وا هەست دەکەم هەرگیز ناتوانم بخوێنم و تەواوی بکەم و حەزیش ناکەم بیخوێنم”

‎گوتم: “ئێمە لە ژیان رووبەرووی بژارەی زۆر دەبینەوە، ئێستا تۆش لەنێوان دوو بژارەی، یان بەردەوامی بەو بەشەی ئێستات دەدەی و هەوڵ دەدەی لەگەڵی بژیت و خۆشت بوێ و کاری بۆ دەکەیت کە دەشزانم تۆ دەتوانیت بیکەیت، یان بە بەردەوامی لەگەڵ ئەو خەیاڵ و هەستەدا دەژیت ‎کە لەو بەشەی ئارەزووت دەكرد وەرنەگیرایت و لەوانەشە ئەگەر داشبنیشیت وەرنەگیرێیت و هەر نەتوانیت بیخوێنیت!“

گوتیشم: ”ئێستا هەڵبژێرە لەنێوان دەستپێکردن و خۆشویستنی ئەم بەشەی ئێستات، یان خەمخواردن و خەیاڵکردن بەو بەشەی کە نە لە ئێستا و لەوانەیە نە لە داهاتوودا پێی بگەیت!“

‎ئێستا دوای سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر گفتوگۆیەکەی نێوانماندا، بە شانازییەوە قوتابیەکەم لەنێوان قوتابیەکانی ئەو بەشەی کە نەیدەویست بیخوێنێت بە پلەی دووەم دێت

 

‎دەتوانیت گەورەترین نموونەی دەستپاکی و ڕەوشتبەرزی بیت  

 

‎هەڵسوکەوتەکانت لەگەڵ ڕۆڵەکانت بە جۆرێك بن کە رەنگدانەوەكانی لە داهاتوودا جێی شانازیی بن

‎كاتێك كە مامۆستایەك لە پولدا سسەرزەنشتی قووتابییەكانی دەكات بۆ ئەوەی مۆبایل بەكارنەهێنن، باشتر وایە خودی مامۆستاكەش لەو ماوە دیاریكراوەدا وەكو هەماهەنگییەك مۆبایل بەكارنەهێنێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ كە كاتی وانە وتنەوە كۆمەڵێ مەرج و رێسای خۆی هەیە

‎مامۆستایی پیشە نیە، مامۆستایی پەرتووکێکی پەروەردەییە کە دەتوانێت لە دڵ و هزری قوتابییەکانیدا خۆشەویستی دروست بکات

 لە کۆتاییدا وەکو مامۆستایەک دەڵێم: پێویستە خۆشەویستیت بۆ قوتابیەکان هەر وەکو ئەو خۆشەویستییە بێت كە بە رۆڵەكانی خۆتی دەبەخشی، بۆ ئەوەی هیچ جیاوازییەك لە نێوان هەردوو لادا دروست نەبێت، لەمرۆشەوە كاتێك قوتابییەك مامۆستاكەی خۆشدەوێت، ئەوا گوێی لێ دەگرێ، بەو هیوایەوە دەبێت كە لە ئایندەدا خۆشی نمونەیەك بێت وەكو مامۆستاكەی

 

 

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *