کوردستان سیمبولی پێکەوەژیان

 

زەیتون حەمید عەبدوڵا

بەشی دەرمانسازی – قۆناغی چوارەم

 

ئەگەر بە تێڕوانینێکی وەرگێڕانە واتای گشتیی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لێک بدەینەوە، بە گوێرەی هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە دەربڕینەکانی هەردوو زمانە جیهانیەکە پەیوەست بە بابەتەکە ئاماژە بە هەمان واتای دەستەواژە کوردیەکە دەکەن. لە زمانی عەرەبیدا (التعایش السلمي) واتە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لە زمانی ئینگلیزیدا (peaceful existence) بە هەمان شێوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هەمان مەبەستی دەستەواژە کوردیەکە

ئەگەریش لە گۆشەنیگای مێژووەوە سەیرێکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە بکەین، ئەوا پێویستە وێنەی هەرسێ بنەما گرینگەکەی پەیوەندیی بەهێزی نێوان مرۆڤەکان بکێشین لە لایەنە جیاوازەکانی ئاینی و ئابووری و کۆمەڵایەتی

ئەو سێ وێنە گرنگە زۆر بەجوانی و هەر لە دێرزەمانەوە لە پێکەوەژیانی ڕۆژانەی گەلانی کوردستانی شیرینی خۆمان ڕەنگی داوەتەوە و هەموومان سەرەڕای بیروبۆچوونە جیاوازەکانمان، شانازیی پێوە دەکەین، وەک دیاردەیەک کە نموونەیەکی تایبەت و جیاوازە و بەدەگمەن لەنێو گەلانی ناوچەكەدا بەدی دەکرێ. لێرەدا ئەگەر لە ڕوانگە ئابوورییەکەیەوە سەرنجی ئەم جۆرە پێکەوەژیانە ئاشتییانە بدەین، زۆر بەئاسانی و بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە بە درێژایی مێژووی کوردستان، هیچ جۆرە بەربەستێک دانەنراوە بۆ سنووردارکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، مەبەستم پەیوەندیی ئاساییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بەهێزکردنی ئەم جۆرە پەیوەندییانە هەمیشە ئامانجی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردەواری و کوردستانی بووە لەمیانەی بۆنەکانی سەردان و ژنخوازی و هاوڕێیەتی و هاوکاریکردنی یەکتری لە کاتی پێویستدا، ڕەنگی داوەتەوە و ڕێنمایی گشتیی هەموو لایەک بەو ئاراستەیە بووە کە ئەم جۆرە پەیوەندییانە زیاتر و بەهێزتر بکرێت. ئەگەر لە ڕوانگەی ئایینییەوە سەیرێکی وردی ژیانی کۆمەڵگەی کوردستان بکەین، ئەوا بێ شک بۆمان دەردەکەوێ کە بە درێژایی لاپەڕەکانی مێژوو، جوانترین نموونەی ئازادیی ئایینی و دەربڕینی ئایینی پێشکەش کراوە و هەر بە ڕەسەنایەتیی خۆی پارێزراوە و هیچ هۆکارێک نەیتوانیوە کاریگەریی لەسەر ئەو کەشوهەوا پڕ ئازادییە ئایینییە هەبێت، بەڵکوو ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر بووە و بۆنە ئایینییە جیاوازەکان زۆر بە ڕوونی وێنەیان کێشراوە

ئەگەر لە گۆشەنیگای ئابوورییەوە سەرنجی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو گەل و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان بدەین، ئەوا بێ هیچ دوودڵییەک ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە پەیوەندییە ئابوورییەکان بە درێژایی مێژووی زۆر چالاکانە بەردەوام بوونە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان و کارکردن و بەرهەمهێنانی پێکەوە هەرگیز نەوەستاوە، بەڵکوو بە هاوکاریی یەکتری بنەمایەکی ئابووریی هاوبەشیان پێکهێناوە و شان بەشانی بنەماکانی ئایینی و کۆمەڵایەتی، جوانترین نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیان پێشکەش کردووە و هەر لە بەرەوپێشچووندایە بۆ دابینکردنی کەشوهەوای ئازادیی ئاینی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بێ جیاوازی

دەبا ئێمەش لە سەردەمی نوێی ئێستاماندا، بە هەموو لایەکمان بیر و توانا و هەوڵەکانمان زۆر بە بەهێزی و دڵسۆزانە بخەینە گەڕ تا بە هەموومان بتوانین ئامانجی سەرەکیی هەموو گەلی کوردستان بە گەورە و بچووکەوە بە سەرکردە و هاووڵاتییەوە دەستەبەر بکەین، ئەو یەکڕیزی و بە ئاشتی پێکەوەژیانە بپارێزین و سیمبول و ڕێچکەی ئەو پێکەوەژیانەی کوردستان زیاتر ڕووناک بکەینەوە، بەرەو دواڕۆژێکی پڕ ئازادی و ئاشتییانەی بەهێزتر و پڕ خۆشی بۆ هەموو لایەک

 

 

 

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *