هەوکردنی سییەکان “کیسی سییەکان” چییە؟ – Pneumocystis pneumonia(PCP)

سۆز حەسەن حسێن
قۆناغی چوارەم-بەشی پەروەردەی بایۆلۆجی-زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

 

 

هەوکردنی سییەکان، کیسی سییەکان  (Pneumocystis pneumonia) هەوکردنێکی  مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە سییەکاندا لەلایەن کەڕوویەکەوە کە پێی دەوترێت  (Pneumocystis jirovecii) و لە ڕێگەی هەواوە بڵاو دەبێتەوە.

‎زۆربەی ئەو کەسانەی توشدەبن، سیستمی بەرگرییان لاوازە، واتا جەستەیان بەباشی بەرەنگاری هەوکردن  نابێتەوە،  ئەم کەڕووە  لە سییەکانی کەسانی تەندروستدا نیشتەجێیە، بەڵام بەزۆری بەهۆی سیستەمی بەرگری لەش کە بە باشی کاردەکات، هیچ زیانێکی لێناکەوێتەوە، بەڵام کاتێک سیستەمی بەرگری لەش تێکدەچێت،کەڕووەکە  گەشە دەكات و دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردن.

‎نزیکەی 40-30% ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، پێشتر تووشی ئایدز بوون، 7.9 ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن دەرمان بەکاردەهێنن وەک (کۆرتیزۆڵ) کەتوانای جەستەیان بۆ بەرگریی لەنەخۆشیی و میکرۆب کەم دەكاتەوە، یان حاڵەتیی پزیشکی تریان هەیە وەک نەخۆشیی هەوکردن یان بەرگریی خودکار وەک (لوپس یان هەوکردنی جومگەی رۆماتیزمی) یان نەخۆشیی سییەکان، شێرپەنجە.

‎نیشانەکان و پێشکەشکردنی کلینیکی:

‎نیشانەکانی هەوکردنی سییەکان دەتوانن جیاواز بن بەپێی توندی هەوکردنەکە، لە سەرەتادا تاکەکان لەوانەیە تووشی سەرهەڵدانی وردە وردە نیشانە نادیاریکراوەکانی وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە (تا)، کۆکە و هەناسە تەنگی، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی هەوکردنەکە، کێشەی هەناسەدان خراپتر دەبێت و نەخۆشەكە تووشی ئازاری سنگ و هەناسەدانی خێرا و کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجین دەبێت، و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی هەناسەدان، لەحاڵەتە توندەکاندا پێویستی بە چاودێری چڕ و هەواگۆڕکێی میکانیکی دەبێت.

‎دەستنیشانکردن:

‎دەستنیشانکردنی نەخۆشیی هەوکردنی سییەکان زۆربەی کات لەرێگەی گرتنی تیشکی ئێکس یان سکانی تۆمۆگرافی، یان ‎وەرگرتنی نموونەی بەڵغەم، یان شۆردنی بۆرییەکانی هەناسە (bronchoalveolar lavage)، و هەندێک جاریش نموونەیەکی بچوکی شانەکانی سی (بایۆپسی) و هەروەها پشکنینی (PCR) بۆ دەكرێت.

چارەسەریی:

‎لەژێر ڕێنمای پزیشكی پسپۆر بەبوارەکە زۆربەی کات دەرمانەکانی ترایمیتۆپریم-سولفامیتۆکسازۆڵ (TMP-SMX)بەکار دەهێنرێت.

‎خۆپاراستن:

‎خۆپاراستنێکی دیاریکراو نیە بۆ ئەم نەخۆشییە، چونکە نەخۆشییەکە لەڕێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە، بەڵام پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشییەکیان هەیە و سستمی بەرگرییان لاوازە، خۆیان بەدوور بگرن لەناوچەی قەرەباڵغ و تێکەڵیی خەڵک.

سەرچاوەکان:

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *