پیاوە قۆڵ زێڕینەکە، ملیۆنان منداڵی رزگار کردووە

پیاوە قۆڵ زێڕینەکە، ملیۆنان منداڵی رزگار کردووە

جێمس هاريسۆن، پیاوێکی ئوسترالییە و ئێستا تەمەنی ٨١ ساڵە، ئەم پیاوە بە یەکێک لە مرۆڤدۆستترین کەسانی جیهان ناسراوە، ئەمەش لەپای ئەوەی کە لە ماوەی ٦٠ ساڵى تەمەنيدا هەفتانە خوێنی بەخشیوە و لە ڕێی ئەم کارەشیەوە، ژيانى 2.4 مليۆن منداڵى لە مردن رزگار كردووە.

بەپێى چیرۆکەهەواڵێکی رۆژنامەى (واشنتن پۆست)ى ئەمريكى، خوێنی (جێمس هاريسون) جیاواز لە خوێنی هەر مرۆڤێکی تر،  تایبەتمەندییەکی زیندەگیی ناوازەی تێدایە، کۆئەندامی بەرگریی لەشی زۆر بەهێز کردووە و وای لێ کردووە، تووشی هیچ نەخۆشییەک نەبێت.

بەم هۆیەوە، زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە، کاتێ ئەو ژنە دووگیانەیان بۆ دێت کە دووچاری نەخۆشیی (ریسۆس) بوونەتەوە، پەنا وەبەر ئەو پیاوە دەبەن تا خوێنی لێ وەربگرن بۆ ئەو نەخۆشانە. ریسۆس نەخۆشییەکە کاتێ کۆرپە لە هەناوی دیایکیدایە تووشی دەبێت.

هاریسون ئەو وەختەی لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بوو، نەشتەرگەریی لە سییەکانیدا بۆ کراوە و پزیشکان ئەودەم ئەو تایبەتمەندییەی خوێنی هاریسونیان بۆ ئاشکرا بووە، بۆیە بە دووری نازانن کە لە رێی خوێن وەرگرتن لە کەسانی ترەوە، خوێنی هاریسۆن ئەو تایبەتمەندییە باشەی بۆ پەیدا بووبێت.

ئێستا میدیاکان جێمس هاريسۆن بە (پياوە قۆڵ زێڕينەکە) ناودێر دەکەن، چونکە يەكێكە لەو 50 كەسەى كە لەسەر ئوستراليا هەمان خەسڵەت لە خوێنیاندا هەیە. بەڵام كۆمەڵەى خاچى سووری ئوستورالي رای گەياندووە كە ئیدی هاريسون وازی لە خوێنبەخشین هێناوە، لەبەرئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە ٨١ ساڵ و چیتر لە رووی زانستی پزیشکییەوە، شیانی ئەوەی نییە خوێن بدات.

هاريسون کە لەپای ئەو کارە مرۆڤدۆستانەیەی لە ساڵی ١٩٩٩دا، میدالیای باڵای ئوسترالیای پێ بەخشرا، لە وتەیەکدا خاکەڕایانە رای گەیاند: ”رەنگە تاکە بەهرەی من لە ژیانمدا خوێن بەخشین بێت“.

هەروەها لە لێدوانێكى تريدا بۆ كەناڵى (نيوز 9)ى ئوسترالى گوتى: ”رۆحى چەندين كەسم رزگار كردووە، چەندين منداڵيشم هێناوەتە ناو جيهانەوە، ئەمەش وام لێ دەكات هەست بەوپەڕی خۆشحاڵى بكەم، چونكە بەپێى زانيارييەكانم ژمارەی دانيشتوانى جيهان لە رێی ئەو کارەی منەوە، بە مليۆنان زيادى كردووە“.

وه‌رگێرانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌

رۆژیار محه‌مه‌د شوكری

قۆناغی دووه‌م – به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نیوده‌وڵه‌تی و دیبلۆماسییه‌كان

سه‌رچاوه‌: https://arabic.sputniknews.com

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *