پەڵە ڕەشەکانی ژێر چاو.. هۆکار و چارەسەر

 پەڵە ڕەشەکانی ژێر چاو..

هۆکار و چارەسەر

 

عومەر نەجمەدين محەمەد/ قۆناغی سێیەمکۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی

 

پەڵەی ڕەشی ژێر چاو حاڵەتێکە، خەڵکێکی زۆر تووشی دەبن. هۆکارەکانی تووشبوون بە ڕەشیی ژێر چاو، یەکێکە لەو بابەتانەی زۆرترین خەڵک لە گوگڵدا بودوایدا دەگەڕێن. ئەو کەسانەی تووشی ئەم حاڵەتە هاتوون، لە چارەسەرێکی یەکجارەکی بێ هیوا بوونە. زۆربەمان پەڵە ڕەشەکانی ژێر چاو دەگەڕێنینەوە بۆ کەمخەوی و ماندووبوون و زۆر بەکارهێنانی شاشە ئەلیکتڕۆنییەکان. بەڵام شارەزایان لە توێژینەوەکانیاندا ئەم پەڵە ڕەشانە دەگەڕێننەوە بۆ کێشەی گەورەتری وەک کەمیی خوێن و نەخۆشییەکانی جگەر.

سەرەتا با بزانین چۆن ئەم پەڵە ڕەشانە لەژێر چاودا دروست دەبن؟ ئێمە موولوولەی خوێنی زۆر باریکمان هەیە، کە وەک تۆڕێک لەژێر پێستماندا بڵاو بوونەتەوە، ئەم موولوولە باریکانە بەشێوەیەک کار دەکەن، کە خڕۆکە سوورەکان پێیاندا تێپەڕ دەبن، لەم کردارەدا هەندێکیان لە خڕۆکە سوورەکان دەردەچن و لە دەوری موولوولەکان بڵاو دەبنەوە. لەم حاڵەتەدا ئەنزیمەکان بۆ پاککردنەوەیان دەردەدرێن. لە کاتی پاککردنەوە و تێکشکاندنی ئەم خڕۆکە سوورانە، ئەوا ڕەنگێکی ڕەش یان شین لەدوای خۆیان جێدە‌هێڵن، هۆکاری سەرەکیش لە دەرکەوتنی ئەم پەڵە ڕەشانە لەژێر چاودا، دەگەڕێتەوە بۆ تەنکیی پێستی دەوری چاو.

هۆکارە باوەکانی دروستبوونی پەڵەی ڕەشی ژێر چاو:

– بۆماوەیی: زۆر جار بۆماوە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە گواستنەوەی پەڵە ڕەشەکانی ژێر چاو، لە باوانەوە بۆ رۆڵە و نەوەکانیان.

– کەموکووڕی لە خۆراک: کەموکووڕی لە خۆراک و ماددە ئەندامییە گرنگەکان، دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵە ڕەشەکانی ژێر چاو. بوونی ژەمە خۆراکی دەوڵەمەند بە ماددە ئەندامییەکان و ڤیتامینەکانی وەک (A-C-K-E) دەبنە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ ڕزگاربوون لە پەڵە ڕەشەکانی ژێر چاو.

– کەمخەوی و ماندووبوون: کەمیی خەو و ماندوبوونێکی زۆر وا دەکات، کە ڕەنگی پێست کاڵ ببێتەوە، ئەمەش وادەکات، کە ئەو خوێنەی لەژێر پێستدایە، زۆر بە ڕوونی دەرکەوێت، کە ڕەنگێکی شین و شینی تۆخی پێ دەبەخشێت.

– جگەرەکێشان و خواردنەوە کهولییەکان: ئاهەنگی درەنگی شەوانە و جگەرەکێشان و خواردنەوە کهولییەکان، ئاڵۆزییەک لە پێستدا دروست دەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵە ڕەشەکانی ژێر چاو، کە ئەمەش نیشانەیەکە بۆ لەدەستدانی ڕێژەیەکی زۆری ئاو لە لەشدا، کە بە هۆی خواردنەوەی لە ڕاددەبەدەری خواردنەوە کهولییەکان و ئەو خواردنەوانەی، کە ڕێژەیەکی زۆری کافاینیان تێدایە، روودەدات.

– بەرکەوتنی تیشکی خۆر: زۆر بەرکەوتنی خۆر دەبێتە هۆی ڕەنگبوونی بەشی سەرەوەی پێست و دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵە ڕەشەکان. بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی زۆر، دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕێژەیەکی زیاتر لە میلانین وەک لە ئاساییدا هەیە، زیاتر لەژێر چاودا دەردەکەوێت و وادەکات ڕەنگی پێستەکە تاریکتر بێت، پێست لە دوو چین پێکدێت، پێستی سەرەوە و ژێر پێست. کاتێک ڕێژەی دروستبوونی میلانین زیاد لە پێویست بوو، ئەوا پێستی سەرەوە ڕەنگی قاوەیی خۆی پیشان دەدات، بەڵام ئەگەر هەر ڕێژەکەی زیادی کرد، ئەوا ژێر پێست بە رەنگێکی شین بەدەر دەکەوێت.

– گۆڕانی هۆڕمۆنات: پێستی ئافرەت لە ماوەی سکپڕی و سووڕی مانگانەدا دووچاری زۆر گۆڕان دەبێتەوە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی ڕەشی ژێر چاو.

– هەستیاری (حساسیە): هەر حاڵەتێک ببێتە هۆی دروستبوونی خورشت لە چاودا، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی ڕەشی چاو، بەهۆی زۆر خوراندن و دەستلێدان لەو پێستە تەنکەی دەوری چاو. جگە لەوەش، زۆرجار هەستیاریی بە خۆراکێک دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی ڕەشی چاو. لەڕاستیدا پەڵە ڕەشەکانی چاو لە منداڵاندا دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی هەستیاری، توێژینەوەکانیش پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە پەڵە ڕەشەکانی دەوری چاو بەستراونەتەوە بە کێشەی کەمخوێنی و نەخۆشییەکانی جگەر.

– پەڵەکان و کەمیی خوێن: کەمیی ئاسن یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی پەڵە ڕەشەکان، دەکرێ بە گۆڕینێکی سادە لە شێوازی ژەمە خۆراکەکان چارەسەر بکرێت. کەمیی ڕێژەی ئاسن لەلای ئەوانە زۆر باوە، کە کێشەی کەمیی خوێنیان هەیە، کە هۆکارەکەی کەمیی ئۆکسجینە لە شانەکانی لەش و کەمیی خوێنی تێر ئۆکسجینە. هەر بۆیە دەبێت ژەمە خۆراکی دەوڵەمەند بە سەوزەمەنییەکان و بەرهەمە شیرییەکان و هەموو جۆرە میوەکان بخۆن، بۆ تەندروست هێشتنەوەی لەش.

– پەڵە ڕەشەکان و کەمیی ڕێژەی ئاو: کاتێک ڕێژەی ئاو لە لاشەت کەم دەکا، ئەوا پەڵە ڕەشەکان بەتایبەت لەژێر چاو دروست دەبن، بە هۆکاری نزیکیی پێستی ژێر چاو لە ئێسکی ژێریەوە. هەر بۆیە پێویستە ڕۆژانە (٨-١٠) کووپ ئاو بخۆینەوە، لەگەڵ خواردنی میوەی تازە و سروشتی. دەبێت دووریش بکەوینەوە لەو خواردنەوانەی، کە ڕێژەیەکی زۆری کافاینیان تێدایە، وەک (چای و قاوە و خواردنەوە کهولییەکان و…).

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *