گرنگیی ڤیتامین D و کاریگەریی لەسەر لەشی مرۆڤ

گرنگیی ڤیتامین D و کاریگەریی لەسەر لەشی مرۆڤ

 

بەبێ ڤیتامین D ئێسک کێشی نامێنێ و ناسک دەبێ و ئەگەری شکانی زیاتر دەبێت

 

محەمەد سوڵتان عەبدوڵا/ قۆناغی سێیەم ـ کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی

ڤیتامین D چییە؟
ڤیتامین D یەکێکە لەو ڤیتامینانەی، کە بۆ لەشی مرۆڤ گرنگ و پێویستن و تەنیا لەناو چەند خواردنێکی کەمدا دەست دەکەوێت و لەشی مرۆڤیش بڕێکی باشی لێ بەرهەم دەهێنێت. ڤیتامین D لە لەشدا دروست دەبێت، کاتێک تیشکی ژێر وەنەوەشەیی خۆر بەر پێست دەکەوێت و لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی ڤیتامین D دەست پێدەکات، کە کۆلیسترۆلی ژێر پێست لە ئەنجامی چەند کارلێکێک دەگۆڕێت بۆ ئەم ڤیتامینە بەسوودە.
ڤیتامین D لە لەشدا، یارمەتیی چەند فرمانێکی سەرەکیی دەدات، وەک هاندانی هەڵمژینی کالسیۆم لە ڕیخۆڵە، پاراستنی ئاستی پێویستی کالسیۆم و فۆسفات لە خوێندا، کە یارمەتیی ئێسک دەدات بڕی پێویست لەم دوو کانزایە بە شێوەیەکی ئاسایی وەربگرێت و تووشی نەخۆشیی کۆپانەکی نەبێت (نەخۆشییەکی ئێسکە، لە ئەنجامی کەمیی کالسیۆم و ڤیتامین D دروست دەبێت).
بەبێ ڤیتامین D ئێسک کێشی نامێنێ و ناسک دەبێ و ئەگەری شکانی زیاتر دەبێت. لە منداڵانیشدا ڤیتامین D بەر لە تووشبوون بە ئێسکەنەرمە دەگرێت و لە کەسانی بەتەمەنیشدا ڕێگریی لە تووشبوون بە ئێسک پووکانەوە دەکات.
بێجگە لەم کارە سەرەکییانە، چەند فرمانێکی تریشی هەیە، وەک یارمەتیدانی گەشەکردنی خانەکان و کەمکردنەوەی هەوکردن و یارمەتیدانی بەرگریی لەش لە کاتی نەخۆشی.

کەمیی ڤیتامین D لە لەشدا:
بە گشتی کەمیی ڤیتامین و کانزاکان لە لەشدا ئاماژەن بۆ نەخورادنی خۆراکی پێویستی ڕۆژانە، کە ئەم ڤیتامانانە لەخۆ دەگرن، یان هەڵنەمژینی پێویستی ئەم ڤیتامین و کانزایانە لە ڕیخۆڵەکان، یان زیادبوونی پێویستی لەشی کەسەکە بۆ وەرگرتنی ئەم ڤیتامینانە. کەمبوونی ڤیتامین D لەو حاڵەتەدا ڕوودەدات، کاتێک وەرگرتنی بڕی پێویست لە خواردن و بەرکەوتنی خۆر، یاخود هەڵمژینی لە ڕیخۆڵە کەمترە لەو بڕەی، کە لەشی مرۆڤ پێویستی پێیەتی.
لە منداڵاندا کەمبوونی ئەم ڤیتامینە بە بڕێکی زۆر، ئەگەری تووشبوون بە ئێسکەنەرمە زیاد دەکات، کە نەخۆشییەکە لە ئەنجامی کەمیی ئەو کانزایانەی ئێسک پێویستی پێیەتی، وەک کالسیۆم و فۆسفات، کە ڤیتامین D هاوسەنگییان ڕادەگرێت، ئێسک تووشی لاربوون و تێکچوون و شێواویی دەکات.
کەسانی پێگەیشتوو لە ئەنجامی کەمیی ئەم ڤیتامینە، تووشی سووکبوونی ئێسک و پووکانەوەی ئێسک دەبن. ئێشانی ئێسکی بازوو و پەلەکان و بێهێزیی ماسوولکەکان، چەند نیشانەیەکن بۆ ئەگەری کەمیی ئەم ڤیتامینە.

ئەوانەی ئەگەری کەمبوونی ئەم ڤیتامینەیان زیاترە:

منداڵی شیرەخۆرە: ئەو منداڵانەی کەوا شیری دایکیان کەمە، یاخود دایکەکانیان کێشەی کەمیی ڤیتامینیان هەیە. لەو حاڵەتە دایکەکە دەبێت ئەو خواردنانە زیاد بکات، کە بڕی ڤیتامین Dیان تێدا زۆرە، یاخود بەپێی ڕێنمایی پزیشک، ڤیتامین D لە شێوازی تەواوکەری خۆراکی وەربگرێت.
کەسانی بەتەمەن: ئەو کەسانەی بەتەمەندا چوون، ئەگەری کەمیی ڤیتامین D یان زیاترە، چونکە لە پیریدا پێست توانای بەرهەمهێنانی ڤیتامین D کەمتر دەبێتەوە و لاوازتر دەبێت، هەروەها کەسانی بەتەمەن کەمتر دەردەچن و تیشکی خۆریان کەمتر بەر دەکەوێت.
ئەو کەسانەی کەم دەچنە بەر خۆر: ئافرەتی ماڵەوە، یان کەسانێک، کە بەهۆی کارەکانیان لە ژوورەوەن و تیشکی خۆریان بەر ناکەوێت.
یاخود ئەو کەسانەی بەبەردەوامی دژەخۆر بە بڕێکی زۆر بەکار دەهێنن، کە ڕێگری لە بەرکەوتنی تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەکەن.
ئەو کەسانەی نەخۆشیی هەوکردنی ڕیخۆڵەیان هەیە: چونکە ڤیتامین D لە چەوریی کولسترۆل دروست دەبێت، بۆیە ئەگەر ڕیخۆڵە بەهۆی نەخۆشی و هەوکردنەوە نەتوانێ بڕی پێویستی چەوریی بەسوود هەڵبمژێ، ئەوا یەک لە لێکەوتەکانی، کەمیی ڤیتامین D دەبێت.

چۆنیەتیی خۆپاراستن لە کەمیی ڤیتامین D:
بۆ وەرگرتنی بڕی پێویستی ڕۆژانەی ڤیتامین D، دەتوانین جۆرەکانی ماسی، بەتایبەتی (تونا، سەلەموون، ماکریل) و شیرەمەنییەکان، بە تایبەتی شیر و پەنیر، هەروەها زەردێنەی هێلکە و قارچک بخۆین.
هەروەها توێژەرانی بواری پزیشکی ئەوەیان دەرخستووە، کە هەفتەی دوو جار خۆ دانە بەر تیشکی خۆر بۆ ماوەی 5 تا 30 خولەک لەنێوان سەعات 9ی بەیانی تا 3ی دوای نیوەڕۆ، پێویستیی هەفتانەی ڤیتامین D لە لەشی ئەو کەسە دابین دەکات، بەڵام دانیشتن لەدواوەی پەنجەرە سوودی نابێت، چونکە تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەگەڕێنێتەوە و ڤیتامین D دروست نابێت.
بۆ جەستەیەکی تەندروستتر و بێ کێشەتر و پاراستنی ئێسکەکان و ددانەکانمان، وا باشە گرنگیی بە ئاستی سەرجەم ڤیتامینەکانی لەش و بەتایبەتی ڤیتامین D بدەین و بتوانین لانی کەم 6 مانگ تا ساڵی جارێک پشکنین بکەین، لە ئەگەری هەبوونی هەر کێشەیەکیش، بە زووترین کات سەردانی دکتۆری پسپۆڕی ئەو بوارە بکەین و چارەسەر وەرگرین. بە هیوای لەشێکی تەندروست و ساغ بۆ هەموو لایەک.

سەرچاوە:

1- https://ods.od.nih.gov/factsheets/VitaminD- HealthProfessional/

2- https://medicalnewstoday.com/articles/161618.php

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *