وێڵبوون بەدوای خۆشبەختیدا

وێڵبوون بەدوای خۆشبەختیدا

 

ھەر کاتێك ئاسوودە بوویت بەوەی ھەتە، ئەوا خۆشبەختیی لەودیوی دەرگاکەیە و چاوەڕوانتە

 

ئامادەکردنی: ھەرێز مەجید/ قوتابیی بەشى ئەندازیاری تەلارسازی، قۆناغی چوارەم  

 

ژیان وێڵبوونە بەدوای شتگەلێک، یەکێک لەو شتانەی مرۆڤەکان ھەمیشە بەدوایدا سەرگەردانن، دڵخۆشییە.

دڵخۆشیی بە ھەموو پێناسە و مانا فکرییەکانییەوە، ھەرگیز ناتوانین یەک پێوەری بۆ دابنێین و لای ھەمووان وەك یەك بێت، ئەگەر ھەر شتێك یەك پێوەری دیاریکراوی ھەبوو، ئیتر بەدەستھێنانی بۆ ھەمووان ئاسان دەبێت، چونکە ھەمووان بە ھەمان ڕێگە و بە ھەمان شێواز بەدەستی دێنن، بەڵام ونبوون و شکست و گەڕان ھەمیشە خۆشی و مانا دەدات بە شتەکان، ئەگەرچی ئەوە ئێمەی مرۆڤین، کە حەز دەکەین شتەکان لە خودی خۆمان سەخت بکەین و لەکۆتاییدا خۆمان وێڵ بکەین. مرۆڤ ژیان لە خۆی سەختتر دەکات، کاتێک خۆی لەپێناو بەدەستھێنانی شتگەلێک ون دەکات، کە خاوەنی نییە و واقیع ڕەت دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێك لە بەدەست نەھێنانی خۆشبەختیدا. مرۆڤ دەبێت ھەمیشە ئاوێنەیەکی لەپێش بێت، کە تیایدا ژیانی خۆی ببینێت و لەگەڵ خۆی بدوێ، کە چی ھەیە و شایەنی چییە و ئەوەی، کە خاوەنیشی نییە، قبووڵی بکات و ھەمیشە خۆی بە شایەنی باشتر بزانێت، ھەرکاتێک مێشکت بۆ نەبوونی شتەکان بەفیڕۆ نەدا، ئەوا تۆ ئاسوودە دەبیت و ھەر کاتێك ئاسوودە بوویت بەوەی ھەتە، ئەوا خۆشبەختیی لەودیوی دەرگاکەیە و چاوەڕوانتە. بۆیە پێویستە ژیان زۆر بەسادەیی سەیر بکەین و وەك ھاوکێشەیەکی دابنێین، کە ھەموو شتەکانی پێک بەستراوە و تەنیا ئەوە لەسەر تۆیە، کە بە جوانیی پەیڕەویان بکەیت و بگەیتە ئامانج.

گەورەترین ھەڵەی مرۆڤەکان، بە تایبەتی گەنجان ئەوەیە، کە ھەمیشە لەپێناو دڵخۆشیدا وێڵ و سەرلێشێواون، بەڵام لەنێو ناخی خۆیاندا نا، ھەمیشە دڵخۆشیی لە دەوروبەر و کەسانێک و شتانێکدا دەدۆزنەوە، کە بۆ ماوەیەکی کاتییە. ئێمە دەبێت تێبگەین، کە ئێمە لەپێناو ڕازیکردنی ھەمووان لێرە نین و نابێت ھەمیشە کات بەوە بەسەر ببەین، کە بە بەرامبەرمان دڵمان خۆش بکەین، دەبێت لە ناخی خۆمان بەدوای خۆشبەختیدا بگەڕێین، لەگەڵ خودی خۆمان دڵخۆش و ئاسوودە بین و خۆمان قبووڵ بێت، ئێمە لێرە لەپێناو تەواوکردنی سەفەرێک ژیان دەکەین، کە بۆ دروستکردنی کارەکتەری خۆمانە، لە میانەی ئەم گەشتەدا دەبێت ئامانجی ئێمە پەرەسەندنی خۆمان بێت و ھەردەم لە ھەوڵدان دابین بۆ گەشەسەندن، بۆ ئەوەی کەسمان خاڵی و بێ کەڵک ئەم ژیانە بەجێ نەھێڵین.

یەکێکی تر لە خاڵەکانی خۆشبەختی، بریتییە لە متمانە بەخۆکردن. قسەکردنی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی و پرسیارکردن لە خۆی، گەورەترین ھۆکارە بۆ ئەوەی لە خۆی و تواناکانی و لە ژیانیش تێ بگات، با ئێمە ڕۆژانە لەدوای سەرقاڵی و جەنجاڵیی ژیانمان، چەند خولەکێك لەگەڵ خۆمان دابنیشین و بپرسین، ئاخۆ ئەمڕۆ چیم کردووە و ھەڵەکانم چی بوون و تواناکانم چی بوون و چۆن پەرە بە خۆم بدەم؟ با ئێمە خۆمان لە ڕۆتینی ژیان ون نەکەین، کە ھەمیشە ھەمان شت بکەین، مرۆڤ دەبێت تا ڕادەیەکی زۆر چاونەترس بێت و ھەوڵی شکاندنی کۆت و زنجیرەکان بدات و دڵخۆشیی لەوپەڕی ئاسانی بدۆزێتەوە. مەرج نییە ئەوەی بۆ ھەمووان ڕاستە، بۆ تۆش ڕاست بێت، دەبێت لە جیاوازیی نێوان ڕاستی و دڵخۆشبوون بگەین، مەرج نییە ئەوەی کە ڕاست و ئاسان بێت، دڵت خۆش بکات، بۆ نموونە، کەسێك زیرەکە و نمرەی بەرزی ھێنا، ھەموو کەس ئەندازیاریی و پزیشکیی بۆ ئەو بە ڕاست دادەنێن، بەڵام ئایا مەرجە کەسەکە بە بوون بە ئەندازیار، یاخود پزیشک، دڵی خۆش بێت؟! پرسیارگەلێکی زۆر لەم شێوەیە ھەن، کە دەبێت مرۆڤ دابنیشێت و لەگەڵ خودی خۆی باسیان بکات و لەپێناو دڵخۆشبوون شیکردنەوەیان بۆ بکات. دەبێت ئەوەندە ھێزەمان ھەبێت، کە ڕووبەڕووی شتەکان ببینەوە، تەنانەت ئەگەر تێگەیشتنیان سەختیش بێ، دەبێت خۆمان یاساکانی ژیانی خۆمان دروست بکەین و ئەوە لە ناخماندا دروست بکەین، کە ئێمە بەھێزین و شایستەی باشترینین و کەس ناتوانێ بمانڕووخێنێت، ئیتر ھەموو بەیانییەک بە ھیوای ڕۆژێکی پڕ لە فێربوون لە خەو ھەستە، نەك ڕۆتینێکی بێزارکەر، کە دڵخۆشییت لێ بستێنێت. شێوازێك بۆ ژیانت دروست بکە، کە تێکشکاندنی لەلایەن مرۆڤەکان ئاسان نەبێت، وەك فەرمانڕەوایەك بە و کۆشکێکی تایبەت بە خۆت دروست بکە، کە بناغەکەی ئەوەندە بەھێز بێت، نە گەردەلوولی ژیان، نە ڕەشەبای مرۆڤەکان نەتوانێت بیڕوخێنێت، با کۆشکێکت ھەبێت پڕ بێت لە متمانە بەخۆبوون و سادەیی و جوانیی ژیان، با کۆشکێکت ھەبێت، کە ھەموو ساڵێک شتێکی تیادا پەرە بسێنێت، کۆشکێك، کە گرانبەھاترین نەبێت، بەڵام ھەمیشە خۆشبەختیی بۆ ژیانت بێنێت.

لەکۆتاییدا دەڵێم، خۆشبەختیی نانووسرێت، بەڵکوو ھەست پێ دەکرێت و رەنگە پەرەگرافێک نەتوانێت لە بەدەستھێنانی خۆشبەختیی یارمەتیت بدات، بەڵام وشەکان دەتوانن پێت بڵێن، متمانەت بەخۆت ھەبێت و بەردەوام بە و کۆڵ مەدە و تۆ شایەنی ھەموو شتێکی باشی و ھیچ شتێک لەم ژیانە شایەنی ئەوە نییە، خۆت بۆی ون بکەیت، ھەردەم ژیان بە سادەیی وەرگرە و با دڵخۆشییت پەیوەست بێت بە دانیشتنێکی سادە، چایەکی سەر دار، گەڕانێکی ناو شار، بۆنی گوڵێک، جوانیی ئاسمان و زەردەخەنەیەکی جوانی سەر ڕووخسارێک.

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *