کوشتن بە پاساوی شەرەف!

  کوشتن بە پاساوی شەرەف!

پیاو بە پشتیوانیی کۆمەڵگا ژن دەکوژێ

ئەگەر پێ لەسەر بەسزاگەیاندنی تاوانبار دانەگرین، ئەوا دەبینە هاوبەش بۆ رێ وێڵ کردن و شاردنەوەی تاوانەکە، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تاوانکردنەکەدا نییە

سارا سەباح/ قوتابیی قۆناغی چوارەم، بەشی یاسا

کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووس، تەنیا تاوانێک نییە کە وەکوو هەر کوشتنێکی دیکە بێت، بەڵکو هەوڵێکیشە بۆ لە کۆت و بەند ڕاگرتنی ژنان و زەوتی ماف و ئازادییەکانیان و درێژکردنەوەی تەمەنی کولتووری پیاوسالاری.

شەرەف پاساو نییە بۆ کردنە دەرەوەی فریشتەکان لە ژیان، ئەبێ بزانین کوشتن بەھەر ھۆکارێکەوە بێت تاوانە و پێویستی بە ئیدانەکردن و دواتریش بە سزاگەیاندن ھەیە. مەبەست لەم کوشتنە، کوشتنی دڵ پڕ لە کینەی کۆمەڵگایە لەژێر پەردە و بیانووی شەرەفدا، کە دەرھەق بە ژنان و کچانی دەکەن. ئەو جۆرە کوشتنە نەک ھەر سەربەرزیی نییە، بەڵکو لوتکەی دەبەنگی و ناوشیارییە. کاتێک کۆمەڵگای پیاوسالار بەھۆی ئەو بیروباوەڕە چەسپیوەی، کە ھەیە و ئەو بیروباوەڕەی، کە کۆمەڵگا تیایدا ھیچ ئامادەییەکی نییە و پێی وایە لەودیوی ئەو باوەڕەوە ھیچ راستییەکی دیکە نییە. ئەو باوەڕەی پێی وابێ، کە تەنیا ژنان ئەبێ شەرەفیان ھەبێت و شەرەفی پیاو و کۆمەڵگا تەنیا ژنان و کچان بن، ئەو باوەڕەی، کە تەنیا ژن بە شەرەفی پیاو ئەزانێت نەک خۆی، ئەویش لەبەردەم غەریزە بەربڵاو و بێ سنوورەکانی خۆیدا. لەبەر پلەی ناوشیارییەکەی. من تەنیا باسی کۆمەڵ و بیروباوەڕی کۆمەڵگا دەکەم، ناڵێم پیاو، لەبەرئەوەی پیاویش ئەو بیروباوەڕەی لە کۆڵگا وەرگرتووە و بە پشتیوانیی ئەو کۆمەڵگایە ئەو تاوانە دەکات.

بۆیە پێویستە ئەم تاوانی کوشتنە، نەک ھەر بە کوشتنی ئاسایی ئەژمارد بکرێت، بەڵکو ” ظروف مشددة”ی لەگەڵدا بەکار بھێنرێت. لەکاتێکدا بەپێی یاسا و ئایین، پێشێلکردنی بەهاکان، کە شەرەف وەکو چەمکێک سەیر دەکرێ، بە تاوان هەژمار دەکرێت و سزای خۆی هەیە.

لەو وڵاتە دواکەوتووانەدا، ئەوەندەی سۆراخ بۆ پاساوی کوشتنەکە و ڕەوایی پێدانی دەکرێت، ھەرگیز سۆراخ بۆ بکوژ و دۆزینەوەی ھاوبەشانی تاوانەکە ناکرێت. بۆیە زۆر بە ئاسانی لە یەک دوو ڕۆژدا شوێنەواری تاوانەکە ون دەبێت و بە بیانووی شەرەف کڕینەوە، تاوان و تاوانبار ون دەکرێن.

لەم دۆخەشدا بە ھەموو ئەو شین و رۆڕۆ لابەلایانەوەش، کە دەکرێت، لە دەرەنجامدا دەبێتە جۆرێک لە پاڵپشتیکردنی تاوانبار و ونکردنی. ئەویش بەوەی کاتێکی زۆر کەم وێنەی قوربانییەکە دەبێتە قسەوباس و دواتریش وەک ئەوەی ھیچ ڕووی نەدابێت، دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

لەکاتێکدا پێویست بوو پشتگیریکردنی قوربانییەکە، لە قسەی پەتیی دەربچووایە و بگەیشتبا بە ھەڵوێست وەرگرتن و بە پێداگیریی تەواو لەسەر بەسزاگەیاندنی تاوانبارو ھێشتنەوەی دۆسێەکەێکەی بە کراوەیی تا دادگاییکردنی.

ئەگەر ئەوەشمان نەکرد، ئەوا دەبینە ھاوبەش بۆ ڕێ وێڵ کردن و شاردنەوەی تاوانەکە، کە لە بنەڕەتدا ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تاوانکردنەکە  نییە.

ئەم باسە زۆر قسە ھەڵدەگرێت، لەبەرەوە کۆتایی قسەکانم بۆ بڵاوکراوەی تر و بۆ ئێوە جێ دەھێڵم، دڵنیام زۆرینەش لەگەڵ رای کۆمەڵگادا نین، بەڵام ھەوڵی زیاتری دەوی بۆ کۆتاییھێنان. ناڵێم کەمکردنەوەی، بەڵکو کار بکرێت بۆ بنبڕکردنی تاوانی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف.

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *