كوشتن وەك دیاردە

 كوشتن وەك دیاردە

رۆژ بە رۆژ دیاردەی کوشتن و یەکترسڕینەوە لەزیادبوون دایە

 

 

بێستان ئەحمەد محەمەد رەسووڵ/ قوتابیی قۆناغی پێنجەمبەشی یاسا

لە سەرەتای لەدایکبوونی مرۆڤەوە، چەندین رووداوی لەگەڵدا هاتوون، کە دژ بە خودی مرۆڤ خۆی بوونە، وەک جەنگ و ماڵوێرانی و لەناوبردنی یەکتر و.. ھتد.

ئەم رووداوانە لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە، کە خودی مرۆڤ لە ناخی خۆیدا گیانی شەڕانگێزی و ستەمکاری و حەزی دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات و ماڵ و موڵکی ئەوانی دیکەی هەیە، ئەویش لەپێناو مانەوەی خۆی و سڕینەوەی بەرامبەرەکەی، دواتر تەشەنەیان کردووە و بوونەتە دیاردە.

یەکێک لەو دیاردە مەترسیدار و قێزەونانە، کە مرۆڤ بەرامبەر خۆی و دەوروبەر و ئاژەڵ و باڵندەکان گرتوویەتییە بەر، (کوشتن)ە.

کوشتن ھەر لە سەرەتای مێژووی هاتنەدونیای مرۆڤەکانەوە پەنای بۆ بردراوە، لەکاتێکدا کە ئەوکات تەنیا خێزانێکی کەم پێکەوە ژیاون، کەچی لەگەڵ یەکتریدا هەڵیان نەکردووە و لەسەر تەماعگیری، یەکتریان کوشتووە، یەکەمین دیاردەی کوشتنیش کە لەنێوان دوو برای نێو یەک خێزاندا بووە، کوشتنی ھابیل بووە بە دەستی قابیلی برای، کە کوڕانی حەزرەتی ئادەمی باوکی مرۆڤایەتی و یەکەم پێغەمبەری خوا بوونە.

ئەگەرچی دیاردەی کوشتن چەندین ھۆکاری جیاجیای ھەیە، بەڵام لە دیدی مرۆڤایەتییەوە ھیچ ھۆکارێک پاساوی ئەو کوشتنە نادات، تەنانەت لە روانگەی ئایین و لە رووی یاسا و رێسا نووسراوەکانیشەوە، دیاردەی کوشتن مەرجدار کراوە بە حاڵەتی بەرگریی کردنێکی رەوا لەسەر ژیان و گیان و کەرامەتی مرۆڤەوە، چونکە کوشتن ئاسایشی کۆمەڵایەتیی نێوان خێزان و خێڵ و نەتەوە و نێونەتەوەییش تێکدەدات و بەها مرۆڤایەتییەکان دەسڕێتەوە.

لە کۆمەڵگای کوردیدا، ئەگەرچی خەڵکێک هەن کوژراون، بەڵام زۆربەی زۆری بەهۆی بەرگریی لە خۆییەوە بووە، بەرامبەر بە ستەمی داگیرکاران، کە لەبەرامبەریاندا شۆڕشی کردووە و قوربانیی داوە، بەڵام وەک دەبینین لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بەهۆی ئەو پانتاییە فراوانە لە تێکەڵبوونی خەڵک و بەیەکدادانی بەرژەوەندی و تەماعکارییەکان و دەستدرێژی و ستەم لە یەکدی، هەروەها بە هۆی ئەو رەوشە ئابووری و ناسەقامگیرییەی کە هەیە، لەناو کۆمەڵگای کوردیشدا دیاردەی کوشتن روو لە زیادبوونە و رۆژ بە رۆژ رێژەی کوشتن، یانیش خۆکوژی زیاد دەبێت، بە تایبەتی کوشتنی ژن، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکدانی سەقامگیریی ناو کۆمەڵگا.

بەو پێیەی کوشتن کارێکی قێزەوەنە و دژ بە مرۆڤایەتییە، ئەوا ھەموو وڵاتانی جیھان سزا و یاسایەکی تایبەتیان داناوە بۆ تاوانی (کوشتن)، لە عێراقیشدا یاسایەکی تایبەت هەیە بۆ تاوانی (کوشتن).، کە لە دوو ماددەی (٤٠٥)، (٤٠٦)دا باسی سزای یاسایی تاوانی کوشتن دەکات و توندترین سزای بۆ داناوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی ئەم کارە قێزەوەنە دەکات، سزای خۆی وەربگرێت و ببێتە رێگرییەکیش لە تەشەنەکردنی ئەو تاوانە قێزەوەنە دژ بە مرۆڤایەتییە، چونکە ھەموو یاساکانی ژیان تاوانی کوشتن رەت دەکەنەوە، تەنانەت یاسای سروشتی مرۆڤایەتییش رێگە بەم کارە قێزەونە نادات.

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *