چۆن دووبارە لەدایک ببمەوە؟

 

کاتێک کە ئەکەوینە سەر ڕێگای ژیان، لە سەرەتای ژیانماندا لە وەهمێکدا نوقم ئەبین و کەڵکەڵەی خود دۆزینەوە لەنێو ئەم حازر و وەهمدا خەریکە لەدایک ئەبێ.

هەر لەم ژیانەشدا هەرجارێک خۆمان لە نێو هونەرێکی جودادا دەدۆزینەوە، کە بە هەموو جۆرێک پێویستە بزانین هونەرەکان چەندە زۆرن. رەنگە گەر تەقەڵا نەدەین بۆ گەیشتن بە سەرەنجامی ئەم وەهمەی ژیانمان، لەنێو هونەرەکاندا نغرۆبین و سەرەنجام لە هیچەوە سەردەربکەین. 

بۆ ئەوەی نەبین بە راوچی هونەرەکان، و نەبین بە قەلەندەری ژیان و سەرەنجامیش لەچاوەڕوانی خود دا بمێنینەوە، بۆ ئەوەی لەسەر حسابی هەوڵ و ماندووبوونی خۆمان شانازیی بەم بوونەمانەوە بکەین، چونكە لەدایكبوونەكەشمان بە ئازایەتیی خۆمان نەبووە.

لێرەوە ئیتر باسی ئەوەتان بۆدەکەم کە چۆن بتوانین دووبارە لەسەر دەستی خۆمان لەدایک ببینەوە و  خۆمان حسابی سنگ دەرپەڕاندنەکانمان بدەینە دەست کاشێری ژیان.

کە گەیشتی بەم لەحزەیەی ژیانت، ئیتر تۆ لەسەر دەستی خۆت لەدایک دەبیتەوە و داوەریکردنەکانت دەدەیتە دەستی خۆت.

ئەم لەدایک بوونە لە وەهمی هونەرەکان رزگارت دەکات،  بۆسەر ڕێگای  دۆزینەوەی تاقانە، هونەری کەسایەتیی خۆت و ئاودانیی نەمامی شانازییەکانی نێوان پەنجەکانت دەنێرێ.

بێگومان پێش هەموو شتێکیش پێویستە سروشتی خۆمان قبوڵبکەین، بەجۆرێک کە کێوی شانازییەکانمان نەکەینە تۆزی بابردووی بەرپێی روخساری خود ناپەسەندمان .

لە هەموو بارێکدا با ئیش لەسەر ڕۆحی ناو جەستە بکەین، نەوەک جەستەی سەر ڕۆح، چونکە هەمیشە شتە باڵاکان لە پەنهاندان.

هەرچەندە پێناسە و ئایدۆلۆژیای سەردەم بە پێچەوانەوە لە سوودی ئەم قسەی من یەکلابۆتەوە، بەڵام تۆ گەر خەیاڵی رەتکردنەوەی ئەم ئایدۆلۆژیایە لەسەری خۆت پەروەردە نەکەیت، ئەوا هیچ یەکێک لەم درێژدادڕییانەی من سوودی بۆ تۆ نابێت.

 بۆیە پێویستە مەبەستی تۆ لەم ئەندازەی ژیانەدا گەنجی رۆحت بێت، هەمووشمان ئەزانین گەنجی جەستە مەحکومە بە لەناوچوون و خودکارانەش ناتوانین ڕێگری لێبکەین.

هەر بۆیە لەنێوان هەردوو لەدایک بونەکەدا دوو ڕێگا هەیە، کە ناچنەوە سەر یەک و جیاوازن.

لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیەدا حاڵی ئەبی کە باسی چی ئەکەم بۆ تێگەشتن لە هەردوو جۆرەکەی لەدایک بوون، هەروەها لە کۆتایی هاتنی ئەم دوو بوونە، پێت ئەڵێم کە

‎لەدایک بوون و پیر بوون شتێکە پەیوەندیی بە ڕۆحەوە هەیە، جەستەیەکی گەنج و جوان بەکەڵکی چی دێت؟ گەر رۆحێکی ناشرین و پیر لەناویدا بژی.

‎لێگەڕێن با رۆحمان جوانییەکەمان بەیان بکات، ئەوەی ئێمە بە جوانی ئەهێڵێتەوە جوانیی روخسار نیە، کە ڕۆح جوان بوو رووش بۆ خۆی جوان ئەبێ.

‎ڕەنگە لە روخسارەوە جوان بین، بەڵام  ئەم جوانییە شتێکە بۆ ئەبەد لەگەڵماندا نامێنێنتەوە، ئەوەی ئەمێنێتەوە ئەوەی لە نیوە ڕێی ژیاندا بەجێمان ناهێڵێ رۆحمانە. لە روویەكی دیكەشدا (ناو)مان بۆ دەمێنێتەوە، ئەمەش شتێکە پەیوەندیی بە رۆحمانەوە هەیە، ناوەکانمان مۆرکی ڕۆحمانن، ئەوەیە كە ئێمە پێی ئەژین ژیانێکی ڕاستەقینە ئەوەی بەرەو باڵابوون و کامڵبوونما ئەبات.

‎خۆ ڕوخسارێکی ناشرین گەر ڕۆحێکی جوانی تێدا بوو جوان ئەبێ، بەڵام ڕۆحێکی ناشرین بە روویەکی جوانەوە، هەرگیز جوان نابێ.

‎مرۆڤ دووجار لەدایک ئەبێ

‎یەکەمیان ئەوەیە کە لە سکی دایکی دێتە دەرەوە و وردە وردە بەبێ ویستی خۆی ژیانی ئەپشکوێ، ئەمەیان هیچ ئازایەتییەکی خودی تێدا نیە .

‎لەدایک بوونی دووەم پێویستی بە ئازایەتیی و توانا و هەوڵی خودە، جورئەتی مرۆڤ بۆ خۆرزگارکردن لە دووبارەیی و پێناسەکان، هەلی دووبارە لەدایک بوونەوە ئەبەخشێ.

‎ئەوەی گرنگە رۆژی لەدایکبوونی دووەمە، نەک یەکەم. شتانێک شایانی شانازیی پێوە کردنن کە بە توانا و هێز و ئازایەتیی و جورئەتی خۆت بەدەستت هێنابن.

‎ئەو رۆژە گرنگە کە پەردەی دووبارەیی و ئایدۆلۆژیا لەسەر خۆت هەڵدەدەیتەوە وجورئەتیی هەڵهێنانی هەنگاوەکانت ئەکەیت و لە بچوکترینەوە هەتا گەورەترین هەنگاو ناوەستی و دەگەیتە ڕادەی فڕین و پەروانە ئاسا بەرەو ئاسمانی نەبڕاوە، ئەمەیە ڕێڕەوی جوانی ژیان ئەمەیە ڕۆژی بوونی ڕاستەقینە.

‎لەنێوان ئەم دوو جۆرە لەدایک بوونەشدا شتێک هەیە بەناوی پیری، بەشێوەیەک لەناو بازنەی هەردووکیاندا بەتەواوی دژیەکن. لە یەکێکدا ڕووەو پیری هەنگاو دەنرێت و لەوی تریاندا بەرەو گەنجیی دەروون و ڕۆح دەڕۆن، ئەمەیان لەدایک بوونی دووەمە، ئەمەیان ئەو شتەیە کە شایانی یادکردنەوە و شانازیی پێوەکردنە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *