ڕەفتار و بیروباوەڕ و پەیوەندییان بە فشارەوە

چەند ساڵ لەمەو پێش کە لە دەزگایەکی زانستی کارم دەکرد، لەگەڵ کادرێکی ئەو دەزگایە کە پلەیەکی بەرزی زانستی هەبوو،  بوینە ھاورێ، رەفتارەکانی ئەم ھاورێیەمم زۆر بە دڵ بوو، چۆنکە رێكوپێك بوو لەلایەنی ھەڵسوکەوت، گفتوگۆی زانستی، ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بیرکردنەوەی زانستی، نەرمونیانی، تووڕە نەبوون… ھتد، بەڵام لەلایەنی پابەندبوون بە ئایینەوە زۆر لاواز بوو، چونکە ئەوەی ئایین ئەمری پێکردووە نەیدەکرد، و ئەوەی ئایین بە خراپی داناوە خۆی لێ نەدەپاراست، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییمان زۆر باش بوو لە زۆر شت رامان وەك یەك بوو، لە بواری دونیا و سیاسەت و کۆمەڵایەتی و شتی رۆژانەی تر، و من زۆرم پێ خۆش دەبوو ئەم ھاورێیەم لەو رەفتارانەی کە ئایین بە خراپی داناوە دوورکەوێتەوە، و لەو رەفتارانەی کە ئایین ئەمری پێکردووە نزیك بێتەوە، بۆیە رۆژێك دەستم کرد بە قسە لە گەلی، بۆ زانین ئەو ئاستی زانستی لەمن بەرزتر بوو و تەمەنی لەمن گەورەتر بوو  ئەزموونی ژیانی لەمن زیاتر بوو، بەڵام جورئەتم کرد و پێم وت جەنابت لەو ھەموو ئاستە بەرزەیت، پێم خۆشە بگەڕێیتەوە و تۆزێك لەو رەفتارانەی خودا پێی ناخۆشە دوورکەویتەوە،  و لەو رەفتارانەی کە خودا ئەمری پێکردووە نزیك بیتەوە، بەرای من ئەم جۆرە ئیلتزامانە زیاتر لە پایە و پلەی جەنابت ئەوەشێتەوە و لەلای خەڵک بەرزتر دەبیتەوە، گەرچی من لە ئاستی جەنابت نیم، بەڵام من وا بەباشی دەزانم ئەگەر لێم قەبووڵ بکەی. ئەویش زۆر بە نەرموونیانی و زەردەخەنەیەکی زۆر جوان ووتی: یاشێخ ئەمەی جەنابت ئەیلێی، دەرئەنجام و ئاواتی ھەموو موسڵمانێکە و انشاالله رۆژێك ئەبینی ئەم ئامۆژگارییانەی تۆ بۆمن دێنە دی. منیش زۆر ھانم داو سوپاسم کرد، بەڵام دوای ئەوە من بیرم کردەووە ئەم ھاورێیە وەکو خێزان لە خێزانێکە کە بیروباوەریان زۆر راست نییە و زۆر بیروباوەری پرو پوچییان هەیە، بۆیە پێم وت: بەڵام ئەگەر گەڕایتەوە بە لاساییکردنەوە نەگەرێیتەوە سەر ئایین و بیروباوەری کەسوکارت، ئەویش ئەم جارە زۆر بە جیددی ووتی: بە خوا من ئەم بیروباوەڕە بە ھەموو بیروباوەڕەکانی دونیا نادەم.

لێرەدا من ئەو دەرخستەم بۆ دەرکەوت، سڕینەوەی بیروباوەڕی کەسێك کە لە منداڵییەوە لەسەری پەروەردە بوبێت، زۆر ئەستەمە، و ھەوڵ و کۆششێکی زۆری ئەوێت، بۆیە ئەم بابەتە زۆر گرنگە لەسەری بنووسین، ئەم بابەتەم بە بییردا هات کە بینووسم دوای ئەو رووداوانەی کە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا روویاندا، لەم دواییانە کە ئافرەتێکی کورد بە ناوی (ژینە ئەمینی) کوژرا لەسەر ئەوەی سەرپۆشی سەری بە جۆرێک كە بە تێروانینی یاساكانی ئێران، نەشیاو دانابوو، و لەناو شەقامەکانی تاراندا بۆ کاروباری تایبەتی خۆی ئەسوڕایەوە، ھێزی چەکدار دەمەتەقەیان لەگەڵ کردووە، دەمە تەقەکە پەرەی سەند، هەتا گەیشتە ئەوەی ببیتە هۆی کوشتنی. ئەم رووداوە کاردانەوەی گشتی لەسەر دروست بوو و لە زۆربەی شارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکرد، ئەمە بووە هۆی ئەوەی لە شارەکانی تردا ھێزە چەکدارەکانی حکومەت تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد، بە داخەوە بەهۆی ئەو رووبەرووبوونانەوە چەند كەسێك لەو شارانەی خۆپیشاندان تیایدا روویداوە، ببنە قوربانی .

لێرەدا من وەکو شایەت حالێکی ژیانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە رۆژگارێكدا کە ئەم کۆمارە شاھنشاهییەت بوو، و ئێمە پێشمەرگە بووین، لە کاتی پشووەکان بەرەو کوردستانی شاھنشاهییەت دەچووین، بۆ چەند رۆژێك لەوێ پشوومان ئەدا دوور لە دەنگی فرۆکەی جەنگیی بەعس و زرمەی تۆپ و زڕڕەی زنجیرەکانی تانك و زریپۆش. لەو کاتەدا من چەند چەند جارێك شانسی ئەوەم ھەبوو سەر لە تاران بدەم، چونکە پسوولەی پەڕینەوە (بەرگی تردد) تەنها رێپێدان بوو بۆ پارێزگای ورمێ (ئەوکات ناوی رەزائیە بوو) و بەم پسولەیە نەماندەتوانی بچینە شارێکی تر، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئێران ئەو کات لە نێوان شارەکان بازگەی سەربازی و پشکنین نەبوو، بۆیە تەنها لە ئوتێلەکان کێشەیان بۆ دروست دەکردین، چونکە ئەم پسوولە تەنها لە ورمێ یاسایی بوو، و لەبەر ئەوەی ئێمە مالە خزمێکمان لە تاران بوو، بۆیە کێشەی ئوتێلمان نەبوو، ئینجا لەو کاتەدا تارانییەکان دەیانگوت ئێمە بە ویلایەتی پەنجاو یەکەمین ویلایەتی یەکگرتووی ئەمریکا هەژمار ئەکرێین، و لەو کاتەشدا زۆر لە ئافرەتانمان ئەدیت سەرپۆشیان ئەپۆشی، بەتایبەتی بە تەمەنەكانیان، و زۆربەشیان بێ سەرپۆش بوون، و ھەموویان لەگەڵ یەك ئەژیان، بەڵام دوای ھاتنی دەستەی دەسەڵاتی دوای شاھنشاهییەت، دەسەڵاتی ئیمام خوومەینی بەھێز سەرپۆشی بەسەر ھەموو خانمانی ئێراندا سەپاند، و لە زۆر جێگادا بەزۆر وا لە ئافرەت دەکرا کە سەرپۆش دانێن، ئەمە تا رادەیەك وای کرد سەرپۆشین ببێتە دیاردەیەکی بەربڵاو لە ھەموو ئێراندا، بەڵام لەم دواییەدا ئەم بابەتە ئاژاوەی لێ دروست بوو .

لێرەدا ئێمە ئەبێ فۆکس بخەینە سەر ئەم بابەتە لە روانگەی ئایینی ئیسلامەوە: وەکو بنەمای گشتی ئایین لە ئاستی گشتیدا بەزۆر ناسەپێنرێ، چونکە خودای گەورە لە ئایەتی (٢٥٦) لە سورەتی (البقرة) دەفەرموێ: (لا اكراه في الدين قد تبين الرشد من الغي فمن يكفر بالطاغوتِ و يؤمن بالله فقد استمسك بالعروة الوثقى لا انفصام لها و الله واسع عليم) ھەروەھا لە ئاستێکی تردا چەخت دەخاتە سەر ئەم بابەتە لە ئایەتی(٢٩) لە سورەتی (الكهف) دەفەرموێ (وقل الحقُ من ربكم فمن شاء فليؤمن و من شاء فليكفر) و لەئاستی تاك دا لە ئایەتی(٥٦) لە سورەتی (القصص) دەفەرموێ: (انك لا تهدي من احببت و لكن الله يهدي من يشاء والله اعلم بالمهتدين) ئەم ئایەتە ھۆی دابەزینی ئەوە بوو کە پێغەمبەر (د.خ) زۆر حەزی لێبوو ئەبو طالیبي مامى بڕوای پێبھێنی،

بەڵام بڕوای نەھێنا و خوای گەورە لە ئایەتی (٩٩) لەسورەتی (یونس) ئەفەرموێ ( ولوشاء ربُكَ لأمن من في الارضِ كُلُهُم جَميعاً أفأنت تُكرهُ الناسَ حتىٰ يكُونوا مؤمنين ) کەواتە وەکو بنەمای گشتی و لەسەر ئاستی کۆمەڵ و تاك ئیسلام رێنادات بە زۆر باوەڕ بە خەڵك بھێنرێت، چونکە خودای مەزن کە ئادەمیزادی دروست کردووە، ئەزانێ لەگەڵ سایکۆلۆژییەتی ژیانی ئادەمیزاددا ناگونجێ، شت بەزۆر بخرێتە ناو مێشکەوە وەکو بیروباوەڕ تەنھا ئەبێ بەخۆی حەز بکات، ئەوە بۆ خودی باوەر کە زۆر گرنکترە لە سەرپۆش کە وردەکاریەکی بچوکە لە لقێکی بچوکی ئایین کە زاناکان لەسەری کۆک نین،  ھەروەکو ئێمە وەکو مامۆستا زۆر جار حەزمان لێیە قوتابیەکی دیاریکراو یان باوك حەزی لێیە کورەکەی یان کچەکەی بەرەو زانست و زانین و بڕوانامە ھەوڵ بدەن، و زۆر چەخت دەکەن، بەڵام ئەگەر قوتابییەکە بەخۆی لە قەناعەت و بیروباوەریدا نەبێت، زۆر ئەستەمە ئەنجام بەدەست بھێنێت، بە تایبەتی زۆر کەس لەم زەمانەدا ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەك ئەدەن کە کورەکانیان یان کچەکانیان لە پزیشکی یان ئەندازیاری یان ھەر بەشێكی تر وەربگیرێت، بەڵام مناڵەکانیان بە ئاراستەیەکی تردا ئەڕۆن، یان ئەگەر لەسەر ویستی باوك و دایکی بە زۆر وەرگیرا، لە پسپۆرییەکەیدا سەرکەوتوو نابێت و پزیشکێکی نەزان یان ئەندازیارێکی فاشیل دەرئەچێ.

من باوەڕم وایە کە ھەموو شتێکی ماددی ئەشێ بە ویستی ئێمە بێت، وەکو دروستکردنی ھەرشتێك لە دار و ئاسن لە خشت لە قوڕ… ھتد، بەڵام شتی واتایی و فیکری ئەبێ ویستی ئەو کەسەی تێدا بێت کە ئەبێتە خاوەن و سوودمەندی بیروبڕواکە ئەگینا وەریناگرێ. روونترین نموونە، پێغەمبەری خۆشەویست لە سەرەتای بانگەوازی بۆ ئایینی ئیسلام لە مەککەی پیرۆز گەورە قورەییشییەکان هاتنە خزمەتی ئەبو تالیبی مامی خۆشەویست و پێیان وت: ئەگەر برازاکەت ئەیەوێ ئەیکەینە گەورەی خۆمان، واتا سەرۆکی خۆمان بە مەرجێ واز لەم بابەتە واتا ئایین بهێنێت، بەڵام کە مامی خۆشەویست (د.خ) پێیی راگەیاند قەبووڵی نەکرد و فەرمووی: مامە، بەخوا ئەگەر رۆژ بخەنە دەستی ڕاستم و مانگ بخەنە دەستی چەپم بۆ ئەوەی واز لەم ئایینە بهێنم، واز ناهێنم، تاوەکو خوا سەری ئەخا یان لە پێناوی ئەمرم.

مەبەستم لەم رووداوە ئەوەیە، ئەگەر پێغەمبەر (د.خ) قەبوولی کردبا ببی بە سەرۆکیان دەیتوانی بەهێز ئیسلامییەت بەسەریاندا فەرز بکات و بیانکات بە موسڵمان، بەڵام ئەیزانی ئەم جۆرە ئیسلام بوونە سوودی نییە، و باوەڕەکە پتەو نابێت و زوو هەلدەگەڕێتەوە بۆ بێ باوەڕی، گەر هێزیکی تر هات، چونکە هێز بۆ کەس بەردەوام نابێت.

و لەلایەنی ئاینییەوە لە ژیانی رۆژانەماندا دیومانە زۆر دایك و باوك بە زۆر مناڵەکانیان فێری نوێژ و رۆژوو و کارە ئاینییەکان دەکەن، بەڵام کە گەورە ئەبێت وازدێنیت و بە پێچەوانەشی ھەیە لەگەڵ رێزمان بۆ ھەموو لایەك كە لەناو كۆمەڵگەكەماندا کە خاوەنی بیروباوەڕی جیاوازن.

دەرئەنجامی ئەم نووسینە، ئەوەی من مەبەستمە ئەوەیە کە شت بەزۆر فەرزکردن رۆلی نییە لەپەروەردەی مرۆڤ، پێویستە دەسەڵات رەفتاری خۆی چاک بکات بۆ ئەوەی خەڵک لاسایی بکاتەوە، نەک سەرکردەکان وتار و رەفتاریان پێچەوانەی یەکتر بێت، و ئایین و رەفتاری ئایینی بە هێز فەرز بکرێت، ، چونكە بەم جۆرە سوودی نابێت و هەموو دەم وەک بۆمبێکی دانراوە دەبێت و هەردەم ئەگەری تەقینەوەی هەیە، وەکو فەرزکردنی ‌‌سەرپۆشی ئافرتان لە ئێران و هەندێ مەراسیمی رواڵەتی سەلەفیەکان لە سعوودیا و هەندێ مەراسیمی کەنیسە لە ئەوروپادا….هتد. کەواتە رەفتار و بیروباوەڕ و پەیوەندییان بە فشار وەک پاڵەپەستۆی ئیسفەنج وایە.

ئیتر تا ژمارەیەکی تر ھەرسەرفراز بن .

پ.ی.د.حسین بالیسانی

ڕاگری کۆلێژی یاسا

زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *