سادەیی لە دەربڕیندا

هێرۆ ئیسماعیل عارف

ئەمریكییەكان بەرنامەیەكیان هەیە كە ئێستا لە زۆربەی وڵاتاندا بۆتە باو، ئەویش هونەرمەند یان كەسێكی ناسراو دەچێتە سەر ستەیج و باس لە خۆی و تاقیكردنەوەكانی ژیانی، بۆ ئامادەبووانی دەكات. لەم رۆژانەدا بە رێكەوت هونەرمەند و پێشكەشكاری ناسراوی ئەمریكی (ستیڤ هارڤی)م بینی، ڤیدیۆكە هەندێك كۆن بوو، لە هی ساڵانی نەوەدەكان دەچوو، لە بەشێكی قسەكانیدا باسی لە كوڕە گەورەكەی كرد و گوتی: (كاتێك ناوی كوڕەكەم لە قوتابخانە تایبەتەكە تۆماركرد، پێم گوت كوڕم كە چوویتە ئەوێ بە فەلسەفەی دەوڵەمەندەكان بۆم نەگەڕێیتەوە، ئەو شتانەی ئەوان لەگەڵ من ناخوات. ئیتر دوای ماوەیەك لە دەوامكردنی لە قوتابخانەكەی، رۆژێكیان لە ناو مەتبەخی ماڵەكەمان خواردنم ئامادە دەكرد، كوڕەكەم هات و گوتی باوكە ئەتوانم هەندێك قسەت لەگەڵ بكەم؟ منیش گوتم، ئەی بۆ نا، وەرە چیت هەیە بیڵێ.. گوتی باوكە ئیتر تۆ بۆت نییە لێم بدەیت، ئەگەر توڕە بوویت تەنها ئەتوانیت سزام بدەیت، بەڵام بە هیچ جۆرێك ناتوانیت لێم بدەیت… بۆ وەڵامەكەم ئاوڕێكم لێی دایەوە و گوتم، چییییی؟ چییەكەم بە یەك زلەوە بۆی چوو، تا ئەو سەری مەتبەخەكەم پەڕاند)

مەبەستی من لە گێڕانەوەی ئەو قسەیەی ستیڤ هارڤی نەك خودی چیرۆكەكە بوو، بەڵكو ئەو راستگۆییەی بوو، ئەوان واتا رۆژئاواییەكان، بە تایبەتی ئەمریكییەكان لە رادە بەدەر راستگۆیانە هەستی خۆیان دەردەبڕن، بەڵام ئەگەر هەندێك لەلای ئەو رۆژئاواییانەوە بێینەوە بەرەو لای ئەملاوە، واتا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە تایبەتی توركیا و ئێرانی دراوسێمان، دەبینین هونەرمەندەكانیان زۆر بە سادەیی و راستگۆیانە قسە دەكەن و هەستی خۆیان دەرەبڕن. بۆ نموونە جارێكیان بەشێك لە بەرنامەی (همرفیق) كە لە پێشكەشكردنی هونەرمەندی رۆح سووكی ئێرانی (شهاب حسینی)یە، بینیم، ئەو وەكو پێشكەشكار، میوانەكانیشی و هەموو ئەوانەی لەناو بەرنامەكەدا بوون، بە رۆحێكی سووكەوە، بە هەستێكی ناسكەوە، بەوپەڕی راستگۆیی و  جوانییەوە رای خۆیان دەرەبڕی و قسەی نەستەق و نوكتەیان دەكرد و پێدەكەنین. هەرچەندە فارسییەكەم باش نیە، بەڵام هەستە راستگۆكەیان بە منی بینەر گەیشت….

ئینجا ئەگەر هەندێك بێینە ئەملاوە بەرەو لای توركیا دەبینین كەمێك، زۆر كەم هەست دەكرێت بەقەد ئێرانییەكان ناتوانن سادەیی بنوێنن و رای خۆیان دەرببڕن، هۆكارەكەی چییە نازانم!

ئێستا با بەرەو وڵاتە عەرەبییەكان بڕۆین، بەتایبەتی میسرییەكان، (أم الدنیا) پێشەنگ لە هونەر و لە پێشكەوتندا، پێشەنگ لە كرانەوەی فیكری كۆمەڵگەدا. میسرییەكان وەكو هاوڵاتیی یەكێك لە وڵاتە عەرەبییەكان، زۆر زۆر راستگۆن، راستگۆییان لە چاوپێكەوتنەكاندا ئەوەندە بەدی دەكرێت، چێژێكی تایبەتی بە بینەران دەبەخشن. بۆ نموونە: لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هونەرمەندی كۆمێدی (محەمەد هنێدی)دا پرسیاری ئەوەیان لێ كرد كە ئایا لە كاتی منداڵیدا یاخود هەرزەكاریدا هەر ئاوا زرینگ و وریا بووە یاخود نا؟ لە وەڵامدا گوتی: (من هەر زۆر گێل بووم، بۆ ئەمەش چیرۆكێكی خۆمتان بۆ دەگێڕمەوە). چیرۆكەكە بە زمانی  هنێدی دەگێڕمەوە:

(من خووی پاككردنەوەی پێلاوەكانم هەبوو، بەردەوام خەریكیان دەبووم، نەدەبوا هیچ پیسییەكی لە سەر بێت. رۆژێكیان كوڕێكی بۆیاخچی پێڵاو رایوەستاندم و گوتی: ئەڵێی چی پێلاوەكەت بۆ سێ مانگ پاك بكەمەوە؟ منیش گوتم سێ مانگی چی؟ چۆن شتی وا دەبێت؟ بۆیاخچییەكە گوتی: تۆ وەرە، پاك كردنەوەیەكی سێ مانگیت بۆ دەكەم، لە دونیادا شتی وا هەر نەبووە، و بزانە بۆ سێ مانگ بەرگە دەگرێت یان نا! خولاسە لەبەر خاتری پێڵاوەكەم، 90 جونەی (پارەی میسری)م پێبوو، 80 جونەیم بە كورەكە دا، تا چوومە ئەولاوە پێلاوەكەم پیس بۆوە!!)… ئەو باسەی محەمەد هنێدی هەرچەندە زۆر كۆمێدی بوو و هەموو ئەوانەی لەوێ بوون بە قاقاوە پێی پێ دەكەنین، كەچی لەو كاتەدا لەگەڵ پێكەنینم بە قسەكەی خەیاڵم لەلای ئەوە بوو كە چەند بە سادەیی باسی لە گێلبوونی خۆی لە ماوەیەكی تەمەنی خۆی دەكرد، ئەوەی كە زۆربەمان لە منداڵی و هەرزەكاریدا تێیكەوتووین، بەڵام جورئەت ناكەین باسی لێوە بكەین.

با بێمەوە بۆ بەراوردەكەی خۆم، لەدوای میسرییەكان بۆ سادەیی لە قسەكردن و راستگۆییی لە دەربڕین، سورییەكانن ئینجا لوبنانییەكان، بەڵام كە بەرنامەیەكی عێراقییەكان نمایش دەكرێت و گوێیان  لێ دەگرم، مەبەستم هونەرمەندەكانیانە، ئەی هاوار!! بە هیچ جۆرێك قسەكانیان ناچنە دڵەوە، بە قەولە عامییەكە (تصنع)ێكی زۆری تێدایە، پێچ و پەنایەك لەناو قسەكانیاندا هەیە، كە نازانیت بگریت یان پێبكەنیت! ئەمەش بێگومان خەتای خۆیان نییە، كەش و هەواكەیان وایە، مەبەستم شێوەی ژیانیان، هەموو ئەو نەهامەتی و ململانێ و قەیران و كێشە سیاسیانەی كە بەسەر ئەم میللەتەدا هاتووە، رۆڵی هەبووە لە بیركردنەوەیان و ئینجا شێوەی دەربڕینیان.

لەو وڵاتانەی كە ڕا دەربڕین بە ئازادییە، ئەوا بە سادەیی رای خۆیان دەرەبڕن، لە میسریش بەهەمان شێوە، لەوانەیە ئێوە بڵێن خۆ لە ئێران ئازادی را دەربڕین نیە، كەواتە ئەو قسەیە ئەوان ناگرێتەوە؟! هاوڵاتی ئێرانی خاوەنی كەلتوور و مێژوویەكی رەسەنی پێشكەوتن و ئازادیین، ئەوەی ئێستا دەیبینین تەنها لایەنە رووكەشییەكەیەتی، كە بەهۆی دەستەیەكەوە كە دەسەڵات كەوتۆتە دەستیانەوە، ئاوایان لێ هاتووە، بەڵام لە بنەرەتدا لە ناخی هەر تاكێكی ئەو میللەتەدا ئازادیی و پێشكەوتنێك هەیە كە دەتوانم بڵێم شان لە شانی هەموو وڵاتە پێشكەوتوو و ئازادیی خوازەكان دەدات.

ئەی لە هەرێمی كوردستان و هاوڵاتی كوردی چی؟ واتا ئەوان را دەربڕین و قسەكانیان چۆنە؟ لە وەڵامدا دەڵێم، ئێمە هێشتا تا رادەیەكی باش لە هاوڵاتی عێراقی دەچین!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *