کەسە باشەکان ماون

 

لە سەرەتای لە دایكبوونی مرۆڤەوە تاوەکو مردنی چەندەها رووداو و بارودۆخی جیاواز رووبەروی دەبێتەوە، ئینجا هەر رووداو و بارودۆخێك بەشێواز و شێوەیەكە، و لە هەموو ئەمانەشدا مرۆڤ پێویستیی بەوەیە کەسانی باش و چاکی لە دەوروپشدا بێت بۆ ئەوەی بتوانێ رووداو و بەسەرهاتە جیاوازەکان تێپەرێنێت، گرنگ نیە کەسەکان ژمارەیان چەند دەبێت یاخود لە چ تەمەنێكدا دەبن، بەڵکو گرنگ باشی کەسەکە و پاك و خاوێنی ناخییەتی، گرنگ تێگەیشتنیەتی لەبەرامبەر، بۆ ئەم بابەتەش دەوڵەمەندیی و هەژاری رۆڵ نابینێت، چونکە باشیی و بە ئەمەكداریی بەستراوەتەوە بە خودی کەسەکە و چۆنییەتی پەروەردەکردنی. چەندەها کەسمان بینیوە کە خوای گەورە لە موڵك و سامانی خۆی زۆری پێداوە، کەچی هیچ سوودێکی ماددی و مەعنەوی بۆ دەورووبەری نەبووە، و چەندین کەسی هەژار و دەست کورتیشمان بینیوە لە پای نەبوونی هیچ توانایەکی ماددی، بەڵام بەردەوام بوون لە یارمەتیدانی کەسانی دەورووبەر بەو توانا مەعنەوییەی کە هەیانە، ئەمەش بە جوانیی هەڵسوکەوتوو و پشتگیریکردنی کەسی بەرامبەر و رەشبین نەبوونییان و قسە خۆشییان، رەنگ دەداتەوە.

نووسینی بابەتی ئەم جارەم راستەوخۆ پەیوەندیی بەبەندەوە هەیە، کە لەماوەی خوێندنی باڵام (ماستەر) لە وڵاتی میسردا رووبەرووم بۆوە، کۆی بابەتەکە لە چەند دێڕێکدا بۆتان روون دەکەمەوە، سەرەتای بابەتەکە لە گەشتێکی گەرانەوەم بوو بۆ ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢١ ، کە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆرسی دووەم بوو، ئەو کاتە ماوەیەکی زۆر بوو ماڵەکەی خۆمم جێ هێشتبوو، بۆیە لە رادە بەدەر پیسبووبوو ، بۆ من زۆر ئەستەم بوو بتوانم بەتەنیا خاوێنی بکەمەوە، ناچار بووم پەیوەندیی بە خاوەن ماڵەکەوە بکەم بۆ ئەوەی ماڵباتێکی گونجاوم بۆ بدۆزێتەوە تاوەکو ماڵەکەم بۆ خاوێن بکەنەوە. لە گۆمەڵگەی میسریدا ئەمە شتێکی ئاساییە، چونکە بژێوی ژیانی زۆرێك لە ماڵباتەکان لەسەر ئەم کارەیە، ئەوە بوو دوای نیو کاتژمێر خاوەن ماڵەکەم خێزانێکی میسری پێناساندم، هاتن و منیش پێشوازیم لێکردن، دواتر رۆژگار وایكرد ئەم خێزانە سادەیە ببێتە ماڵ و کەسوکاری دووەمم لەو وڵاتەدا، دوای تەواوکردنی کارەکەیان کە زۆر پێی سەرسام بووم، لەگەڵیان دانیشتم بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بکەم. خێزانەکە پێکهاتبوو لە (٥) کەس، دایك و باوك و سێ کوڕ خۆیان لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندێکی دەورووبەری ئەو پارێزگایە بوون كە من لێی نیشتەجێ بووم، هاتبوون لە شارەکە نیشتەجێبووبوون بە مەبەستی کارکردن، دوای تەواوبوونی گفتوگۆكەمان، گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان کە لەسەرەتای شەقامی ئەو جێیەی من لێی نیشتەجێبوون، ئەوان لەوێ لەژێرزەمینی باڵەخانەیەکدا نیشتەجێبوون. رۆژگار هات و رۆی، لەگەڵ ئەم خێزانە بەرێزەدا زیاتر تێکەڵ بووم، رۆژ لە دوای رۆژ نییەت پاکیی و باشی ئەم خێزانە بۆ من زیاتر دەردەكەوت، ئەوان منیان زۆر خۆش دەویست، بەو پێیەی كە من قووتابی بووم و لە خێزانەکەم دوورکەوتبوومەوە، زۆر رێزیان لێ دەگرتم، منیش بە هەمان شێوە، ئێدی وای لێهات گەر رۆژانە سەردانم نەکردبان هەستم دەکرد شتێکم وون کردووە. دایکەکەیان بۆ من بووبوو بە خوشکێکی گەورە، وەکو دایکی خۆم نزای بۆدەکردم تاوەکو سەرکەوتن بەدەست بهێنم، باوکەکە بۆ من وەكو مامێکی ئازیز بوو، هەر کارێکم هەبوایە بۆی جێبەجێ دەکردم، کوڕەکان بۆم بوون بە برایەك و زۆر لە خەمی مندا بوون، هەر کاتێك هەستم بە بێتاقەتی بكردایە، راست سەردانی ئەوانم دەکرد یان بەیەکێك لە کوڕەکانم دەگوت بێنە لام، ئەوان ئامادەبوون هەموو شتێکم بۆ بکەن بۆ ئەوەی هەست بە غەریبی نەکەم ، ناخ خاوێنی و قسە خۆشی و رێزی ئەم خێزانە تایبەتمەند بوو، و ئەوەی راستی بێت لەو کۆمەڵگە هەژارەی میسردا ئەم جۆرە کەسانە رێژەیان زۆر كەمە، ئەوانەی سەردانیی ئەم وڵاتەیان کردبێ دەزانن مەبەستم چییە، تا دوایین ساتەکانی مانەوەم  لەم ووڵاتەدا، ئەم خێزانە بەرێزە لەگەڵم بوون، لە دوایین رۆژدا بە چاوی پڕ فرمێسکەوە خواحافیزییمان لەیەكدی کرد. بە درێژایی مانەوەم هیچ نیاز خراپییەکی ئەو خیزانەم نەبینی، ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵ ئەم خێزانە نەپچراوە و هەفتانە پەیوەندییمان هەیە، و بەڵێنم پێداون کە لە داهاتوودا سەردانییان بکەم، زۆر حاڵەت هەبووە کە لەگەڵ ئەم خیزانەدا بینیم، بەڵام ناتوانم هەموویان باس بکەم.

مەبەستی سەرەکی من لەم نووسینەدا بێ ئومێدیی نەبوونە، و پێویستە هەردەم وا بیر بکەینەوە کە کەسی باش هەر ماوە، بە تایبەت لە رۆژگاری ئێستادا کە دەبینین چ جۆرە کەسانیك پەیدا بوون کە وای لێهاتووە متمانەت بەکەس نەمینێت، بەڵام لە نێو هەموو ئەمانەدا کەسانی باش، چاکە و رووخۆشی خۆیان هەر نیشان دەدەن. لێرەوە ڕێز و سڵاوێکی بی پایان بۆ ئەم خیزانە بەرێزە دەنێرم، و هیوای لەش ساغی و تەمەن درێژییان بۆ دەخوازم.

                                                                                                                                         

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *