دایک یان پاڵەوانە تاوانبارەکە

 

 

هەر کاتێک گوێمان لە وشەی دایک دەبێت، هەموومان دەستدەکەین بە وشەی جوان و پیدا‌هەڵگوتن، گەورەترین داڕشتن و پەخشان و شیعر و  وتارەکان بۆ دایک دەنووسین، بەڵام بێ ئاگاین لەوەی کە رۆژانە بە قسەکانمان، بە هەڵسوکەوتەکانمان ئازاریان دەدەین، دڵیان دەشکێنین و فرمێسک بە چاوەکانیاندا دەهێنینە خوارەوە.

بچوکترین نموونە كە دەتوانم بیكەمە دەسپێك ئەوەیە، کاتێک خاتوونێک بۆ یەکەم جار دەبێت بە دایک، دەورووبەرەكەی توانجی لێ دەدەن، بەوەی کە نازانێت بەخێوی بکات یان پەروەردەی بکات، هەرکەسەو لە جێی خۆیەوە ئامۆژگاریی دەکات و  هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات، ئینجا ئەگەر ئەو دایکە بیەوێت بە شێوازێکی تەندروست و بە ڕینمایی زانستی  منداڵەکەی پێیبگەینێت، دەکەوێتە بەر شاڵاوی تانە و تەشەری دایكەكانی تر  بەوەی كە ئەوان و دایك و داپیرەككانیشیان بەو شیوەیە منداڵیان پەروەردە نەكردووە، كەواتە بەپێی تێڕوانینی ئەوان ئەم دایكە هەڵەیە. هەرچەندە ئەو دایكە هەوڵ بدات روونی بكاتەوە کە ژینگە و بارودۆخی ئەوکات زۆر جیاوازتر بووە لە ئێستا، هیچ کاریگەریی و بەهایەکی نیە و  ئەوان لەسەر قسەی خۆیان سوور دەبن.

پەروەردە و فیرکردن و پیگەیاندنی منداڵیکی لەشساخ و دەرووندروست بۆ دایکێکی مۆدێرن زۆر زەحمەت و بە ئازار و تاقەت پڕ و کینترە لە دایکێکی کلاسیکی کۆن، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و گۆڕانیی زۆر خێرای سەردەم و هەروەها پێویستیی کارکردنی دایک لەدەرەوەی ماڵ،  بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانێت لە ئاست پێویستییەکانی کۆماڵگاکەی بێت و دانەبڕێت، ئەوەندەی تر کارەکەی قورس کردووە. هەرچەندە لەپاڵ ئەو کارکردنەی بە هیچ شێوەیەک لە کاری ماڵ و خزمەتکردنی منداڵ لێینابوردرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر بچوکترین کەم و کوڕی یان بۆشاییەک لە هەرشوێنێکی ماڵەکە یان منداڵەكە هەبێت، یەکەم کەس کە یەخەی دەگیرێت دایکەکەیە. بێ ئاگان لەوەی ئەو دایکەش مرۆڤە و دەکرێت رۆژێک ماندووبێت یان ئەسڵەن نەیهەوێت هیچ کارێک بکات، چونکە دەروونی ئارام و ئاسودە نیە لەوەی  کە هەموو کەس چاوی لەسەر ئەوە و چاوەڕیی نەنگیەکن لەو.

ئاخر نازانن کە دایک یەکەم قوتابخانەیە کە هەموو مرۆڤایەتیی پیدەگەێنێت، ئەگەر ئەو قوتابخانەیە سەرکەتووبێت هەموو کۆمەڵگە پێشدەکەوێت و ئاوەدان دەبێت و تاکەکان کاسانی بەرهەمداریان لێدەردەچێت، خۆ ئەگەر ئەو قوتابخانەیە بەردەوام بەرد و تیری تێبگیرێت، تۆ بڵێی چ قوتابیی و کەسایەتییەك بۆ داهاتوو پێبگەیێنێت.

باری دەروونی دایکان یەکیکە لە سەرەکیترین بابەتەکان کە زۆر جار دەبینین رەچاو ناکرێت، ئاشكرایە کە پاش منداڵبوون زۆربەی دایکەكان تووشی خومۆکیی دەبن، کە ئەگەر لەبەرچاو نەگیرێت و چاودێری نەکرێت ڕەنگە دووچاری چەندین نەخۆشی و ناخۆشیی ببنەوە.

ئەمانە و زۆر بابەتی دیكەش هەن كە دڵی دایكەكانی پێ دەشكێنرێت، لە کاتێکدا ئەوان پاڵەوانی جیهانن، ئەوان رۆڵیان ئەوەندە گەورەیە لە پەرتوكێكدا جێی نابێتەوە، بۆیە تکایە کاتێک دایکێک لەهەر شوێنێکدا دەبینن، هەوڵ بدەن ئەگەر بە قسەیەکیش بێت پستگیریی بکەن و شتایشی بکەن لەپای ئەو هەموو ماندوو بوون و شەونخونییانەی کە دەیکات، تا هیچ نەبێت هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژێت و هەست بكات كە ماندووبوونییەكەی دەبینرێت.

خۆشەویستمان (د.خ) فەرموویەتی ” ئافرەتان شووشەن” بۆیە شووشەکان تەنها بەرگەی هەڵگرتنی گوڵ دەگرن نەك زیاتر.

 

            

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *