ستار جه‌بارى
گوڵبه‌هار سه‌رمه‌شقى ژنه هونه‌رمه‌نده‌كانی كورد و ده‌ركه‌وتووى سه‌رده‌مى خۆى بووه، كه له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بیستدا ناسرایه‌وه. ئه‌و خاتوونه‌هه‌موو به‌یانییه‌ك له رادیۆى كوردى به‌غداوه گوێبیستى ده‌نگه به‌سۆز و گۆرانییه‌كانى ئه‌م ژنه هونه‌رمه‌نده ده‌بووین به‌تایبه‌تى گۆرانیى (كه‌وا سپێدێ بخوینه)، به‌هۆى خۆشخوانیى ئه‌م گۆرانییه‌وه بوو كه به فه‌یرووزى كورد ناوزه‌د كرا.
له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستدا كه ئه‌وكات گۆرانیبێژی ژن زۆر كه‌م بوون، گوڵبه‌هار توانی هه‌ندێك له‌و بۆشاییه پڕ بكاته‌وه و خزمه‌تێكى زۆری ئه‌م بواره‌ى كرد. جیاواز له ژنه هونه‌رمه‌نده‌كانى پێش خۆى وه‌ك دایكى جه‌مال، نه‌سرین شێروان، مه‌نیج حه‌یران، مریه‌م خان، نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد و فه‌وزیه محه‌مه‌د كه ته‌نیا حه‌یران و لاوك و گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كانیان ده‌گوته‌وه. گوڵبه‌هار نوێگه‌ریى له گۆرانیی كوردی و رچه‌شكێنی له‌و بواره‌دا كرد.یه‌كه‌م ژنه گۆرانیبێژى كورد بوو كه به‌ئاواز و شیعرى نوێوه كۆمه‌ڵێك گۆرانیی نوێ و هه‌مه‌چه‌شنه‌ى تۆمار كرد، به‌مه‌ش بووە پێشه‌نگى ژنه گۆرانیبێژه نوێگه‌رییه‌كانى باشوورى كوردستان.
زۆربه‌ى گۆرانییه‌كانى گوڵبه‌هار له شیعرى دكتۆر به‌درخان سندى، فه‌یسه‌ڵ مسته‌فا، عه‌بدولحافز مایی، سه‌برى بۆتانى، مه‌حفووز مایی، محه‌مه‌د ئه‌مین ئوسمان، فه‌خره‌دین دۆسكى و سه‌گڤان عه‌بدولحه‌كیم بوون. ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندیش ئاوازیان بۆ گۆرانییه‌كانى داناوه وه‌ك ئه‌حمه‌د ئه‌لخه‌لیل،سه‌میر زاخۆیی، نازم نه‌عیم، یاسین ئه‌لشێخلی،محه‌مه‌د قه‌درى، جه‌مال جه‌لال و به‌شار زاخۆیی.
هه‌روه‌ها گوڵبه‌هار له‌گه‌ڵ چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی تردا به‌دووقۆڵى گۆرانیى گوتووه وه‌ك گۆرانیى “ئه‌ز كچم كچا كوردانم” له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی،گۆرانیى “زه‌مبیل فرۆش” له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عیسا به‌روارى، گۆرانیى “خالخالۆكى” له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها، گۆرانیى “ماسى فرۆش” له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند فه‌خرى بامه‌ڕنى. هاوكات چه‌ند گۆرانییه‌كیشی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان عه‌بدوڵا زێڕین، فوئاد ئه‌حمه‌د، جه‌مال جه‌لال، محه‌مه‌د ته‌یب تاهیر و محه‌مه‌د قه‌درى گوتووه‌ته‌وه.
له پاش كۆچى دوایی بارزانى نه‌مر، به‌دووقۆڵى له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا زێڕین، گۆرانییه‌كیان به‌ناونیشانى “رۆژا تو چووى ته‌لمه‌كر تازى” تۆمار كرد كه ده‌ڵێ،”ئه‌ی دلێ من پر برینه، توچووی مه خودان نینه)”. “1”.
گوڵبه‌هار یه‌كه‌م ژنه گۆرانیبێژى كورد بوو كه له وڵاتانى ده‌ره‌وه كۆنسێرت و ئاهه‌نگى تایبه‌تى گێڕاوه، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر شانۆى گه‌وره‌ترین هۆڵه‌كانى لبنان شانبه‌شانى هونه‌رمه‌ندان محه‌مه‌د عارف جه‌زراوى و عیسا به‌روارى گۆرانىی گوتووه. له ساڵانى 1977 و 1978 گه‌شتى هونه‌ریى بۆ وڵاتانی به‌ریتانیا و نه‌مسا و سوید كردووه، له ساڵى 1981 چووه‌ته ئه‌مه‌ریكا و له‌وێش چه‌ندان كۆنسێرت و ئاهه‌نگى بۆ كوردانى تاراوگه گێڕاوه.به‌مه‌ش نازناوى باڵوێزى گۆرانیى كوردى وه‌ده‌ست هێناوه. تا كاتی دووركه‌وتنه‌وه‌ى له گۆرانیگوتن، به‌رهه‌مه‌كانى گه‌یشته 275 گۆرانى”2″ و دوایه‌مینیان گۆرانیى “دلۆ دلۆ ته ئه‌ز هێلام” له هۆنراوه‌ى دكتۆر به‌درخان سندى بوو.
گوڵبه‌هار ناوى ته‌واوى “فاتیمه محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د عه‌لى”یه و له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى شارۆكه‌ى ئامێدییه،به‌هۆى كێشه‌ى خێزانى كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ده‌ڤه‌رى جۆله‌مێرگ له باكورى كوردستان، دواتر دێنه‌وه شارۆچكه‌ى ئامێدى و پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م باوكى كۆچی دوایی ده‌كات. ئیتر ماڵیان ده‌گوازنه‌وه بۆ شارى مووسڵ و له‌وێ قوتابخانه‌ى سه‌ره‌تایی له ساڵى 1949 ته‌واو ده‌كات، دواتر ده‌چێته به‌غدا و له‌گه‌ڵ كوڕێكى به‌غدایی ده‌رچووى زانكۆى ئه‌مه‌ریكى هاوسه‌رگیرى ده‌كات، به‌رهه‌مى ئه‌و هاوسه‌رگیرییه كچێكیان ده‌بێت به‌ناوى “بێریڤان”.
سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ كۆراڵى رادیۆى به‌غدا به‌شى عه‌ره‌بى ده‌ستى به‌كارى هونه‌رى كردووه و دواتر له‌گه‌ڵ تیپى شانۆى 14ى ته‌مزوزى هونه‌رى به‌شداریی له چه‌ندان كارى شانۆیی و دراماى ته‌له‌ڤزیۆنىدا كردووه، به‌مه‌ش ده‌بێته یه‌ك له ژنه پێشه‌نگه‌كانى شانۆى عێراقى. له چه‌ندان فلیمى سینه‌ماییش وه‌ك “گوڵى سوور” و “بووكى فورات” به‌شداری ده‌كات.
گوڵبه‌هار پاش ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى هونه‌رمه‌نده كورده‌كان ئاشنایه‌تى په‌یدا ده‌كات، ئه‌وان هانی ده‌ده‌ن به‌زمانى دایك گۆرانى بڵێت. ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ره‌تاى ساڵانى شه‌سته‌كان له هۆنراوه‌ى محه‌مه‌دئه‌مین ئوسمان و ئاوازى ئه‌حمه‌د ئه‌لخه‌لیل،گۆرانییه‌ك به‌ناونیشانى “كورێ گوندی به‌ژن دارێحه‌یزه‌ران” تۆمار ده‌كات.به‌مه‌ش ده‌بێته یه‌كه‌م ئافره‌ته‌گۆرانى بێژى كورد گۆرانى بۆ كوڕ بڵێت، كه پێشترهیچ ئافره‌تێك به‌زمانى مێینه‌وه گۆرانى بۆ ره‌گه‌زىنێر نه‌گوتووه..
گوڵبه‌هار له 17/3/2005 له پاداشتى خزمه‌ت و ماندووبوونى بۆ هونه‌رى كوردى، له هۆڵى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیرى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى رۆشنبیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه فێستیڤاڵێكى تایبه‌ت و رێزلێنانى شایسته‌ى له شارى دهۆك بۆ ساز كرا. ئه‌و خاتوونه خاوه‌نى چه‌ندان ده‌سپێشخه‌رى و رچه‌شكێنی بوو له بوارى هونه‌ردا، بۆیه چه‌ندان نازناوى وه‌ك نوێخواز، باڵوێزى گۆرانیى كوردى و فه‌یرووزى كورد به‌ده‌ست هێناوه.
له‌به‌رئه‌وه‌ى ئاماده نه‌بووه له هیچ چاوپێكه‌وتنێكىی میدیایى و دانیشتنى تایبه‌تیشدا باس له ژیانى تایبه‌تى خۆى و بنه‌ماڵه‌كه‌ى و هۆكارى هاتنى بۆ شارى به‌غدا بكات “3”، بۆیه چیرۆكه‌كانى ژیان و مردنى زۆر ته‌مومژاوین. سه‌رچاوه‌كان به‌یه‌ك جۆر له ژیانى نادوێن، ته‌نانه‌ت له شوێن و ساڵى له‌دایكبوونه‌كه‌یدا یه‌ك ناگرنه‌وه و جیاوازى له‌نێوانیاندا هه‌یه. هه‌ندێ سه‌رچاوه ده‌ڵێن له گوندێكى مه‌سیحینشین به‌ناوى “مار شه‌معونا” له ده‌ڤه‌رى جۆله‌مێرگ له باكورى كوردستان له ساڵى 1929 له دایك بووه. هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه له ساڵى 1932 له ئامێدى له دایكبووه. شێوازى مردنه‌كه‌یشى جێی سه‌رسوڕمانه!. هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی ده‌ڵێ، گوڵبه‌هار لاى من گوتى ئه‌گه‌ر مردم له كوردستان و له شارۆكه‌ى زاخۆ به‌خاكم بسپێرن، كه‌چى كاتێ له شارى به‌غدا و له 23/2/2010 كۆچی دوایی ده‌كات، له گۆڕستانى شارى نه‌جه‌ف به‌خاك دێته سپاردن، ئیتر نازانم بۆ بردیان بۆ نه‌جه‌ف؟!
چه‌ند وێسته‌گه‌یه‌ك له ژیانى گوڵبه‌هار
*ده‌ڵێن هونه‌رمه‌ندى كورد ئه‌حمه‌د ئه‌لخه‌لیل نازناوىگوڵبه‌هاری پێبه‌خشیووه.
* هونه‌رمه‌ندێكى به‌هه‌ڵوێست بووه و گۆرانیى به‌سه‌ر رژێمى به‌عسدا نه‌گوتووه.
*حافز مایی كه پتر له 40 هه‌ڵبه‌ستى له‌لایه‌ن گوڵبه‌هاره‌وه كراوه‌ته گۆرانى، ده‌ڵێ له ساڵى 1961 قوتابیی زانكۆ و هاوكات بێژه‌ری رادیۆى كوردی به‌غداش بووم، سه‌ره‌تا شیعره‌كانم له رۆژنامه و گۆڤاره‌كان بڵاو ده‌كرده‌وه و دواتر كه گوڵبه‌هارم ناسى كه هۆنراوه‌كانمی كرده گۆرانی. له‌باره‌ى به‌ناوبانگترین گورانیى گوڵبه‌هار “كه‌وا سپێدێبخوینه”یه، ده‌ڵێ رۆژێكیان له قاوه‌خانه‌ى به‌رازیلى له‌شه‌قامى ره‌شید له شارى به‌غدا، به‌ته‌نیادانشتبووم. ئه‌ندێشه‌م چووه سه‌ر دیمه‌نه دڵفڕێنه‌كانى گونده‌كه‌مان و خه‌یاڵ بردمییه‌وه كه‌سبه‌ینان گوێمان له قاسپه‌ی كه‌وه‌كانى گونده‌كه‌مان ده‌بوو، ئه‌وه‌بوو ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌م نووسی “كه‌وا سپێدێبخوینه”.
* ژنه هونه‌رمه‌ند فه‌وزیه محه‌مه‌د”4″ پێش گوڵبه‌هارى خوشكى هاته ناو دنیاى گۆرانیى كوردى، له سه‌ره‌تاى ساڵانى په‌نجاكان شووى كرد وله دنیاى هونه‌ر دوور كه‌وته‌وه، ئه‌وه‌بوو له ساڵى 1992 كۆچى دوایی كرد. هونه‌رمه‌ندى ناودارى عێراق “غه‌زوه ئه‌لخالدى” كچى فه‌وزیه‌یه كه ده‌كاته‌خوشكه‌زاى گوڵبه‌هاره.
سه‌رچاوه:
1.رۆژنامه‌ى “ئه‌لته‌ئاخى” ژماره 6798 رێكه‌وتى 3/3/2014 .
- ماڵپه‌ڕى برایه‌تى، جه‌مال به‌روارى،”وێستگه‌كانى یاده‌وه‌ریم له‌باره‌ى گوڵبه‌هار” 20/9/2016 .
- ئه‌حمه‌د زاویتى “گوڵبه‌هار هاته‌وه كوردستان”. كه‌ناڵى ئه‌لجه‌زیره..22/3/2005.