گەشتێك بەنێو پەرلەمانی ئەوروپادا

گەشتێك بەنێو پەرلەمانی ئەوروپادا

رێککەوتننامەی (ماستەرخیت)ی ساڵی ١٩٩٢ و رێککەوتننامەی (ئەمستەردام)ی ساڵی ١٩٩٧ پەرلەمانی ئەوروپایان گۆڕی بۆ دامەرزاوەیەکی یاسادانانی بەهێز

 

پەرلەمانی ئەوروپا لە ٥٧٢ ئەندام پێکدێت، کە نوێنەرایەتیی ٣٨٠ ملیۆن کەس دەکەن لە ٢٨ وڵاتی ئەندام، لە رێگەی هەڵبژاردنێکی گشتی و بۆ ماوەی ٥ ساڵ

 

عەبدوڵا شاخەوان/ توێژەری یاریدەدەر

دوای کۆتاییهاتنی دووەم جەنگی جیهانی، وڵاتانی ئەوروپا گەیشتبوونە بەرزترین ئاست لە وێرانکاری و ژێرخانی ئابوورییان بەتەواوی مایەپووچ ببوو، ئەمەش وای کرد وڵاتانی ئەوروپا بیر لەوە بکەنەوە، کەوا چۆن وڵاتەکانی خۆیان دووبارە بنیات بنێنەوە و یەکبگرن و نموونەیەکی جوانی سەرکەوتنی ئابووری و سیاسی بە هەموو جیهان پیشان بدەن. یەکێك لە رێگاکانی یەکگرتنی وڵاتانی ئەوروپا دامەزراندنی پەرلەمانێك بوو، بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بڵێن، بەڵێ ئێمە یەکگرتووین و بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکانمان و هاونشتمانیانمان لەپێش هەموو شتێکەوەیە، وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی دامەزراندنی پەرلەمانی ئەوروپاوە، توانییان گەورەترین دامەزراوەی شەرعی و یاسایی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن و لەبەر گرنگی و سەنگ و قورسایی ئەم پەرلەمانە، لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی و لەسەر ئاستی کیشوەری ئەوروپا بە تایبەتی، وا بە باشم زانی، گەشتێك بەنێو پەرلەمانی ئەوروپادا بکەین و کۆمەڵێك زانیاریی سوودبەخشمان دەست بکەوێت.

پەرلەمانی ئەوروپا یەکێکە لە کۆنترین دامەزراوە یەکگرتووەکانی ئەوروپا، ئەم پەرلەمانە شەرعییەتی فەرمیی خۆی لە رێگەی هەڵبژاردنێکی گشتی وەردەگرێت، کەوا هاونیشتمانییانی ئەوروپا لە رێگەی دەنگدانیانەوا نوێنەرەکانی خۆیان بۆ ماوەی (٥) ساڵ هەڵدەبژێرن، بێ گومان لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەبێت بزانین، مێژووی دامەزراندنی ئەم پەرلەمانە بۆ کەی دەگەڕێتەوە. بیرۆکەی دامەزراندنی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ بیرۆکەی یەکگرتوویی ئەوروپا سەری هەڵدا و لەگەڵ واژووکردنی رێککەوتنامەی رۆمای ساڵی ١٩٥٧ زاراوەی پەرلەمانی ئەوروپا بەدەر کەوت. شایەنی باسیشە، رێککەوتنامەکەی رۆما تایبەت بوو بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ئابووریی ئەوروپا، یەکەمین کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵەی پەرلەمانی ئەوروپاش لە ئاداری ساڵی ١٩٥٨ لە شاری بستراسبۆرغ بوو، ئەو کاتە (رۆبەرت شومان)ی بە سەرۆکی خۆی هەڵبژارد. یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٩ ئەنجام درا، واتە دوای ٣٤ ساڵ لەکۆتایی هاتنی دووەم جەنگی جیهانی، ئەو جەنگەی کەوا جگە لە ماڵوێرانی زیاتر هیچ شتێکی تری بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستەبەر نەکرد، ئەم هەڵبژاردنەی ساڵی ١٩٧٩ گەورەترین ئاماژە بوو بۆ ئاشتەوایی و یەکگرتوویی وڵاتانی ئەوروپا، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەو رێککەوتننامانەی، کە لەنێوان وڵاتە ئەوروپییەکان ئەنجام دەدرا، کاریگەرییەکی تەواوی هەبوو لەسەر بەهێزبوونی پێگەی پەرلەمانی ئەوروپا و بەدەرکەوتنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لەو رێککەوتننامانە گرنگترینیان رێککەوتننامەی (ماستەرخیت)ی ساڵی ١٩٩٢ و رێککەوتننامەی (ئەمستەردام)ی ساڵی ١٩٩٧ بوو، ئەم رێککەوتننامانە پەرلەمانی ئەوروپایان گۆڕی بۆ دامەرزاوەیەکی یاسادانانی بەهێز، کە شان بە شانی پەرلەمانە نیشتمانییەکان رۆڵ بگێڕێت و کاریگەریی هەبێ. ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە بزانین، بارەگای ئەم پەرلەمانە لەکوێیە؟ بارەگای ئەم پەرلەمانە دەکەوێتە شاری ستراسبۆرغ لە وڵاتی فەرەنسا، کەوا لە ساڵێكدا ٤٨ جار کۆدەبنەوە، ئەم پەرلەمانە لە هەمان کاتدا بارەگایەکی گەورەتریشی هەیە و دەکەوێتە شاری برۆکسڵی پایتەختی وڵاتی بەلجیکا، کەوا زۆربەی کۆبوونەوە گشتییەکان و کۆبوونەوەی لێژنەکان لەو بارەگایەدا دەکرێن. سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا نوێنەرایەتیی پەرلەمانی ئەوروپا دەکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و درەوەدا و کاری سەرەکیی سەرۆك پەرلەمان هەڵسوڕاندنی کارەکانی پەرلەمان و ئەو دەستانەی کەوا سەر بە پەرلەمانی ئەوروپان و هەروەها چاودێریی کاری لێژنەکان و سەرۆکایەتیی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکات. سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی ئەوروپا کەسێکی ئیتالییە و ناوی (ئەنتۆنیۆ تاجانی)یە، کە لە حزبی راستڕەوەکانە و لە هەڵبژاردنەکانی ١٧ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا هەڵبژێردرا. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەم پەرلەمانە لە ٥٧٢ ئەندام پێکدێت، کە نوێنەرایەتیی ٣٨٠ ملیۆن کەس دەکەن لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، کەوا ٢٨ وڵاتن و شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامەکان لە رێگەی هەڵبژاردنێکی گشتییەوە دەبێت بۆ ماوەی ٥ ساڵ .

پەرلەمانی ئەوروپا و گشت دامەزراوە یەکگرتووە ئەوروپییەکانی تر، توانیویانە لە رێگەی ئەم دامەزراوانەوە داکۆکیکارێکی مەزن بن لە مافی هاونیشتمانییانی ئەوروپا، هەروەها توانیویانە لە رێگەی دانانی یاسا و سیستەمێکی سەرکەوتووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، کیشوەری ئەوروپا ببێتە پێشەنگی هەموو وڵاتانی جیهان.

* توێژەری یاریدەدەر.

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *