کاریگەریی وەبەرھێنانی بیانی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی وڵات

 کاریگەریی وەبەرھێنانی بیانی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی وڵات

وەبەرھێنانی بانکی، پاڵپشت و یارمەتیدەرێکی گەورەن بۆ کۆمپانیاکان و حکوومەت، بۆ پلان و بەڕێوەبردنی پڕۆژە گەورەکان

 

یاسا ھانی وەبەرھێنەری بیانی دەدات بۆ وەبەرھێنان لە لایەنی پارێزگاریکردنی بەژەوەندییەکانی وەبەرھێنەر و دەستەبەرکردنی مافاکانیان

 

بانکی وەبەرھێنان یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ دانانی نرخ لەسەر کەرەستە داراییەکان، بۆ وەدەستخستنی زۆرترین داھات لەگەڵ پارێزگاریکردن لە ڕێکخراوەی دەزگاکان

سیڤەر سەرسپی

وەبەرھێنانی بیانی چییە؟
وەبەرھێنانی بیانی یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی وڵات، بە تایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی ھەنگاو بۆ پێشکەوتن دەنێن، ھەر ئەمەش کایگەریی ھەیە لەسەر گۆڕانی پەیوەندیی ئابووری و سیاسی، ھەروەھا یارییەکی گرنگ دەکات لە داڕشتنەوەی سیستەمی جیھانی، کە دەبێت بە یاسا ڕێکبخرێت، گرنگیی دیکەی ھەیە لە قوربانیدان بە سامانی ئێستا، لەپێناو گەیشتن بە سامانی داھاتووی.
زۆرینەی دەوڵەتە تازەپێگەیشتووەکان، کە سەرچاوەی پاڵپشتی دارایی پڕۆژەکانیان بە سەرمایەی بیانییەوە دەکەن، بۆ ھاندان و کرانەوە بە ڕووی جیھانی دەرەوە، لە رووی بازرگانی و وەبەرھێنانی بیانی، لەکۆتاییدا بە سوودی ئەو وڵاتەیە، کە پڕۆژەکەی لێ ئەنجام دەدرێ، جا چ لە ڕووی وەبەرھێنانی مادی بێت یان وەبەرھێنان لە بەررزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی تاک، کە سوودی ھەیە بۆ بەرەوپێشبردن و پێشکەوتنی ئابووری.
گرنگیی وەبەرھێنان لە زیادبوونی بابەتی دارایی بۆ خەزێنەی گشتی، لە وەرگرتنی باج و رەسم بە ھەموو جۆرەکانیەوە لەسەر وەبەرھێنانە قازانجکراوەکانە، ھەروەھا بۆ نەھێشتنی بێکاری لەنێو ھاووڵاتییاندا، کە ئەوە دیاردەیەکی سروشتییە لە زیادبوونی ڕێژەی دانشتوان، ھەروەھا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تر لە کەلوپەلی جۆراوجۆر بۆ ژیان و بۆ بەکارھێنان، کە ئەمانەش دەبێت بەپێی یاسا ڕێکبخرێن، ھەروەھا لە وەبەرھێنانی پێشکەوتوودا داھێنانەکان زیاد دەکەن بۆ پڕکردنەوەی ھەموو پێداویستییەکان بە گشتی و بۆ دووبارە بەکارھێنانەوەی لە وەبەرھێنانی نوێتر و گەورەتردا.
پاڵنەرەکانی ئابووری یەکێکن لە داینەمۆی سەرەکیی بۆ وەبەرھێنانی دەرەکی، کە ئەمانەش جۆراوجۆرن و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتکی دیکە دەگۆڕێن و بەپێی یاساش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت بەپێی کۆمەڵێک پێوەر، لەوانە دەستکەوتە داراییەکان بۆ زیادکردنی بودجەی بەردەوامی تاک و دەوڵەت و کەمکردنەوەی مەترسییەکان و زیادکردنی داھات، ھەروەھا بۆ دەستبەسەرداگرتنی بازاڕی دەرەکی، بەتایبەتی لە وڵاتە تازەپێگەشتووەکان لە کەمکردننەوەی ھاوردەکردن و ڕکابەریکردنی بەرھەمی دەرەکی لە ھەموو جۆرە بابەتەکان تەنانەت، لە کەرستەی خاویش بۆ پارێزگاریکردن لە چوونەدەرەوەی سەروەت و سامانی وڵات، لەلایەکی دیکەوە، ھۆیەکی سەرەکییە بۆ دژایەتیکردنی ھەڵئاوسان لە ئابووریی وڵات، بۆ ڕاگرتنی نرخی نەختینە، کە ئەمانەش لە ڕێگای وەبەرھێنانی ھەمەجۆرەوەیە، بە تایبەتی وەبەرھێنانی بانکی، کە پاڵپشت و یارمەتیدەرێکی گەورەن بۆ کۆمپانیاکان و حکوومەت، بۆ پلان و بەڕێوەبردنی پڕۆژە گەورەکان، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەر پڕۆژەکان بەشێوەی زانستی، پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکانیان، چونکە بانکە وەبەرھێنەکان لە بواری وەبەرھێنان و پێشکەشکردنی وانە و ئامۆژگاریی بە باشترین ڕێگاکان بۆ وەبەرھێنان پسپۆڕن، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە، بانکەکان کۆکەرەوەی نێوان کۆمپاناکان و وەبەرھێنەرەکانن، بە تایبەتی لە کاتی دەرکردنی پشک و سەنەد، ھەروەھا بانکی وەبەرھێنان یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ دانانی نرخ لەسەر کەرەستە داراییەکان، بۆ وەدەستخستنی زۆرترین داھات لەگەڵ پارێزگاریکردن لە ڕێکخراوەی دەزگاکان، کە ئەمانەش کاتێک گرنگیی بانک دەردەخەن، وەک کڕینەوەی ھەموو پشکەکانی کۆمپانیایەک بە ڕاستەوخۆ لەجیاتی کۆمپانیا ھەرە گەورەکان، کە ئەمەش دەبێت بەپێی یاسا ڕێکبخرێت، بۆ فرۆشتنەوەی لە بازاڕی ناوخۆیی، کە ئەوە بۆ کۆمپاناکان زۆر بەسوودە، ئەمانە ھەمووی لە ڕێگای بانکە وەبەرھێنانەکانەوە دەبێتە ھۆی دروسبوونی قازانجی زۆر، لە ڕێگای دیاریکردنی نرخی پشکەکان و فرۆشتنەوەی بە نرخی بەرزتر.
جا لێرەدا گرنگی و ڕۆڵی یاسا بە گشتی و یاسای وەبەرھێنان بە تایبەتی لە لایەن یاسای وەبەرھێنانی ​ئاسانکراو بەدیار دەکەوێت، کە ھانی وەبەرھێنەری بیانی دەدات بۆ وەبەرھێنان لە لایەنی پارێزگاریکردنی بەژەوەندییەکانی وەبەرھێنەر و دەستەبەرکردنی مافاکانیان، ھەر لە سەرەتای دابەشکردن و پۆلێنکردنی پڕۆژەکان بەپێی یاسا، لە کات و ساتی خۆیدا، لە وەدەستھێنانی پڕۆژەکان و پارێزگاریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ھەدوو لا، واتا (وڵات و وەبەرھێنەر). ھەروەھا ڕۆڵی یاسا لە دابەشکردنی پڕۆژەکان و بانکەکان و باج و ھاوردەی کەرەستەکان و پێشبڕکێی بەرھەمھاتووەکان لە ھەموو بوارەکانی ژیان، ھەر لە بەکاربەر و وەبەرھێنەر و دەوڵەت، کە ئەمانەش خۆ دەبیننەوە لە ڕێگریکردن لە ھاوردەکردن بەپێی یاسا، یاخود کەمکردن و زیادکردنی لە کاتە پێویست و چارەنووسسازەکان، کەواتە بەبێ گرنگیپێدانی یاسا، گرنگیی وەبەرھێنان دەستەبەر نابێت و وەک گرنگیی یاسایە لە ھەموو بوارەکان، بۆیە بەگوێرەی یاسای تۆکمە و زانستی، وەبەرھێنانیش بەرھەمدار دەبێت.

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *