یاسا و سیاسەت

ڕۆژێك، كەسێك بە ئۆتۆمبێلەكەی بەناو بیابانێكدا دەڕوات، لەناكاو كەسێكی پیادە دەبینێت و دەوەستێت، شۆفێرەكە لێی دەپرسێت كە ئایا ئێستا ئەم لە كوێیە؟

-كەسەكەش دەڵێت: تۆ لەناو ئۆتۆمبێلەكەتدایت!.

-شۆفێرەكە دووبارە لێی دەپرسێتەوە: ئۆتۆمبێلەكەم ئێستا لە

كوێیە؟

-كەسەكە بە دەروونێكی ساردەوە پێی دەڵێت: لەناوەڕاستی

بیاباندا.

-ئەمجارە شۆفێرەكە بەهەڵچوونەوە پێی دەڵێت: تۆ شیكەرەوەی سیاسیت؟

-كەسەكە بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: بەڵێ، بەس چۆن زانیت؟!

شۆفێرەكەش وتی: لەبەرئەوەی وەڵامەكانت دروستن، بەڵام هیچ سوودێكیان نیە!.

سیاسەت دەچێتە ناو هەموو پرسە گشتییەكانی ژیانی ئێمەوە، شیكردنەوەی سیاسەت واتە بەرچاوڕوونكردنەوەی تاكەكان لەوەی كە چی دەگوزەرێت و چیش لە ڕێگایە و خاوەنی چیشین.

  • دوو شتی زۆر گرنگ هەن بۆ داڕشتنی سیاسەتی گشتی لە هەر وڵاتێكدا، ئەوانیش بوونی دەسەڵاتی یاسادانان و شیكەرەوەی سیاسییە.

قسەی من لێرەدا، ئاڕاستەی لایەنە یاساییەكەی داڕشتنی سیاسەتی گشتییە، كە ئەمەش پەیوەستە بە دەسەڵاتی یاسادانان و یاساناسانەوە، وەكو قوتابییەكی كۆلێژی یاسا، گرێدانەوەی یاسا بە سیاسەتەوە لە پڕۆگرامی خوێندنی یاسا بە یەكێك لە خاڵە باشەكانی دەبینم، كە ڕۆڵی دەبێت لە پێگەیاندنی كادری یاسایی لێهاتوو كە بتوانێت خوێندنەوەی یاسایی و سیاسی بۆ بابەتە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگا هەبێت و كاریان لەسەربكات و ڕای گشتی لەسەر بجووڵێنێت و دواتر داڕشتنەوەیەكی یاسایی بۆ بكرێت لە پەرلەماندا. بەلاش نیە كە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان بەدەیان سەنتەری توێژینەوەی سیاسەتیان هەیە و بودجەی زەبەلاحیان بۆ تەرخان دەكەن و پڕی دەكەن لە كادری سیاسی و یاسایی، چونكە باش دەزانن بەبێ بوونی زانیاری و لێكۆڵینەوەی دروست، وەكو فیلێكی زەبەلاحی بەهێزیان لێدێت بەڵام نابینا، تۆ چەنێك بەهێزبیت بەڵام كە نابینا بووی، هیچ بە هیچ ناكەیت.

شارەزابوون لە فكری سیاسی بۆ هەمووان پێویست بێت، بۆ یاساناسان دووجار پێویستە، چونكە ئەوكات كۆمەڵگا شیكەرەوەیەكی سیاسی دەبێت كە بتوانێت نیشانەی پرسیار لەسەر زۆر بابەت دروستبكات و چارەسەریشیان بۆ بدۆزێتەوە، ئەمەش خاڵێكی وەچەرخان دەبێت لە پێشكەوتنی جووڵەی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگادا.

كارۆ كاوە مەحموود

قۆناغی سێیەم

بەشی یاسا – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *