سزای تاوانی خۆكوشتن

دیاردەی خۆکوشتن لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا مێژوویەکی کۆنی هەیە، کە بە هۆی چەندین هۆکارەوە روودەدات، كە زۆربەی جار دەگەرێتەوە  بۆ نەخۆشییەکی دەروونی، وەک خەمۆکی  یان بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بێت یان بە هۆی فشاری دەروونییەوە کەسەکان پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن وەک کێشەی دارایی، یان مردنی کەسێکی ئازیز، یان کێشە لە پەیوەندییە کەسییەکاندا، زۆرجار ڕۆڵیان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە.

ئاماری خۆکوشتن

 بە پێی ئاماری رێکخراوی تەندرووستیی جیهانی، بە تێکڕای ساڵانە ٧٠٠.٠٠٠ کەس خۆیان دەکوژن. ئاماری خۆکوشتن لە عێراقیشدا بەم شێوەیەیە: لە ساڵی (٢٠٢٠) نزیكەی ٦٦٣ کەس خۆیان کوشتووە، و لەساڵی (٢٠٢١) ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە بەرزبۆتەوە بۆ ٧٧٢ كە لە سەدا  (٣٦)یان تەمەنیان لە خوار ٢٠ ساڵیدایە.

بە درێژایی مێژوو، هەتا رۆژگاری ئێستا پرسی خۆکوشتن یاسای بۆ داندراوە، و ئەو کردەوەیە بە تاوان هەژمار کراوە، و هەنێ لە یاسا کۆنەکان و نوێیەکان سزایان بۆ تاوانى خۆکوشتن داناوە.

سزای تاوانی خۆکوشتن بە پێی مێژوو، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، سزاکەی جۆراوجۆر بووە، وەک لە شارستانییە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و دۆلی نیل، شارستانی ئەغریقی خۆکوشتن وەک تاوان سەیر کراوە، سزایێکی مەعنەویان بۆ ئەو کەسەنە داناوە کە خۆیان دەکوشت وەکو بە چاوێکی کەم سەیری جەستەی ئەو کەسانەیان دەکرد کە خۆیان کوشتووە.

و لە یاسای کڵێسادا لە ساڵی (684ز) خۆکوشتن بە تاوانێکی گەورەی مەترسیدار داندراوە، سزای ئەو کەسانەی خۆیان دەکوشت بەشێوەیەک بوو کە مەراسیمی بە خاک سپاردنیان بۆ ئەنجام نەدەدرا، و وەک کەسێکی خراپ و سووک سەیر دەکرا، و بە نەفرەت دەکرا، و هیچ دەرفەتێکیان  بۆ لێخۆشبوون نەدەهێشتەوە.

 لە سەدەکانی ناوەراستدا سزای خۆکوشتن لە بەریتانیا بەشێوەیەک بوو، کە هەر کەسێک خۆی کوشتبا، دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەو کەسەدا دەگیرا و بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەبرا، وەک سزایەک بۆی، میراتگرەکانی لێ بێبەش دەکرا.

لە فەرەنسا سزای تاوانی خۆکوشتن تووندتر بوو، بەشێوەیەک كە جستەی ئەو کەسانەی خۆیان دەکوشت بە ئامێری (مقصلة) سەریان لە جەستەیان جودا دەکرایەوە.

سزای تاوانی خۆکوشتن لە یاسای سەردەمدا جیاوازە، و زۆرێک لە یاساکان هیچ سزایەکیان بۆ ئەو کەسانە دانەناوە کە خۆیان دەکوژن یان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، بەڵام سزا بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە دەبنە هۆکاری خۆکوشتنی کەسێک.

 لە مادە ٤٠٨ی یاسای سزادانی عێراقیدا، خۆكوشتن وەک تاوان هەژمارکراوە، بەڵام هیچ سزایەکی بۆ دانەنراوە بۆ خودی ئەو کەسەی کە خۆی کوشتووە یان هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام بە هۆکارێک سەرکەوتوو نەبووە.

 ئەوەی پێویستە بۆ ئەو کەسانەی کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن و سەركەوتوو نابن لە هەوڵەكەیاندا، ئەو جۆرە کەسانە بخرێنە ژێر چاودێری پزیشکی دەروونی پسپۆر و  توێژەری کۆمەڵایەتیدا، و لە سەنتەرەکانی چارەسەری دروونیدا دابنرێن، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، چونکە ئەو جۆرە کەسانە بە هۆی نەخۆشیی دەروونیی یان خەمۆکی یان ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەرەوە، خۆكوشتن بە تاکە رێگاچارە دەزانن بۆ رزگاربوون لە کێشەکانیان، بەڵام كاتێك چارسەری دەروونیی وەردەگرن و سەركەوتوو دەبن، ئەوا دووبارە وەک کەسێکی بە سوود دەگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگە.

ئەوەی گرنگە لێرە ئاماژەی پێ بكرێت، لە یاسای سزادانی عێراقیدا، راستە سزا بۆ ئەو كەسەی خۆی كوشتووە یان هەوڵی خۆ كوشتنی داوە و سەرنەكەوتووە دانەنراوە، بەڵام سزا بۆ ئەو كەسە دانراوە  کە دەبێتە پاڵنەر بۆ خۆ کوشتنی کەسێك.

واتا بەشداریکردن لە تاوان کە وەک لە ماددە (٤٠٨)ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، بە تاوان هەژمار دەکرێت، کەسێک هانی کەسێکی تر بدات، یاخود هاوکاری بکات وەک پێدانی چەک بۆ ئەوەی خۆی لە ناوببات, بە تاوان دادەنرێت و سزادەدرێت بە بەندکردن كە لە( ٧ ساڵ زیاتر نەبێ)، بەڵام كاتێك كەسێكی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ خۆی دەكوژێت، یان کەسێک نەخۆشی کەم ئەقڵی هەبێت، و كەسێكی تر بووبێتە هۆکار یان هاوكاری خۆکوشتنی،  ئەوا سزاكە توندتر دەبێت، لە هەندێك حاڵەتدا دەگاتە ١٥ ساڵ.

محەمەد عەبدوڵا

قۆناغی سێیەم

بەشی یاسا – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *