ئایندەی ئابووری کوردستان لە نێوان نەوت و وەبەرهێناندا

د. کاروان ظاهر صابر

 

لە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی  فراوان هەیە بۆ بەرهەمهێنان لە بوارەکانی: کشتوکاڵ، گواستنەوە، بازرگانی، پیشەسازی و بونیاتنانی ژێرخانێکی تۆکمە، کە وەبەرهێنەران دەتوانن ڕۆڵی خۆیانی تیدا بگێڕن بۆ پێشخستنی ئابووری وڵات. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠٠٠ دەستی بە وەبەرهێنان لە ژێرخانی نەوت و گازدا کرد، بە هاوکاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، و توانی نەوتەکەی هەناردەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بکات. هەروەها هەولی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبای ناوخۆیی داوە، بەڵام دەکرێت بڵێین لەم دواییانەدا زیاتر پشتی بە سێکتەری نەوت بۆ دابینکردنی داهاتی گشتی بەستوە، ئەمە سەرەرای لێکەوتنەوەی چەندین کێشە و گیرو گرفت لە رووی یاسایی و ئابووری و سیاسی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی (بغداد)، کە وادەکات رێگربێت لە بەدیهێنانی زۆربەی ئامانجە ئابووری و سیاسییەکانی پشت هەوڵی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵکو هەوڵەکانی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاریگەریی پێچەوانەی هەبووە، بەڵام ئەمە کۆتایی ڕێگاکە نییە، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان هێشتا ئەو دەرفەتەی دەپارێزێت بۆ ئەوەی سوود لە سەرچاوە ئابوورییەکانی وەربگرێت لە پێناو گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی.

 لەلایەکی ترەوە، دەکرێ بڵێین حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە وەک پێویست بەرنامەیەکی ئابووری باش بۆ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان وگەشەی  کشتوکاڵ دابڕێژێت، لەکاتێکدا ئەم ناوچەیە سەردەمانێک بە سەبەتەی نانی میزۆپۆتامیا دادەنرا، ئەمەش بەهۆی چەندین هۆکاری نەرێنی کەرتی کشتوکاڵ چەندەیە کە کەمتربەرهەمدار بووە: یەکەم بەهۆی ئەو لەناوچوونەی کە لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێنی دكتاتۆردا تووشی بووە، و ئێستاش بەهۆی زیاتر بازرگانیی قازانج بەخشی نەوت و خانووبەرە، کە  کەرتی کشتوکاڵ تارادەیەک فەرامۆشکراوە، هەرچەندە هەرێم شانازی بە بڕێکی زۆر زەوی کشتوکاڵ و بەپیتیی دەکات، بەڵام لە راستیدا ئەمڕۆ هەرێم زۆربەی بەرهەمە خۆراکییەکانی لە تورکیا و ئێرانی دراوسێوە هاوردە دەکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی لەبەردەستدایە. بە وتەی بەرپرسانی تورکیا، ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان نزیکەی ٧ ملیار دۆلار کاڵای هاوردە کردووە کە زۆربەی ئەو کاڵایانە خۆراک بوون، و ئەمە بۆ ئێرانیش هەر راستە، چوون بڕێکی زۆر ئاژەڵ و کاڵای هەناردەی هەرێمی کوردستان کردووە. لەکاتێکدا ئێمە کشتوکاڵی باشمان هەیە کە دەتوانرێت پەرەی پێبدرێت، بە پشتبەستن بە سیاسەتێكی تۆکمەی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، و پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و پشتگیریکردنی جوتیارە ناوخۆییەکان بە پێدانی ئەو پێداویستییانەی کەوا پێویستن بۆ زیاترکرنی بەرهەمی کشتوکاڵ، و دابینکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرنی کشتوکاڵیی و  سنووردارکردنی هاوردەکردن، کە زیان بە بەدەستهێنانی خۆبژێوی دەگەیەنێت، چون ئێستا زیاتر لە 80%ی بەرهەمە بنەڕەتییەکانی هەرێم هاوردە دەکرێن، و سنوورێکی کراوە بووەتە هۆی ئەوەی هەرێم ببێتە بازاڕێک بۆ کاڵای بیانی، و زۆرجاریش كاڵاكان ناستاندارد و نا تەندروستن.

کەرتی گەشتیاری

گەشتیاری ڕۆشنبیری لەسەر بنەمای زۆرێک لە شوێنە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان پۆتانشێلێکی گەورە پێشکەش دەکات، نەک تەنها بۆ داهات، بەڵکو ناساندنی هەرێم بە وەبەرهێنەران و گەشتیاران، لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان. میراتی کولتووری قەڵای هەولێر، پێویستە بەردی بناغەی ستراتیژی پەرەپێدانی گەشتیاری هەرێمی کوردستان بێت، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی قەڵاکە و ماستەرپلانی پێشنیارکراوی یونسکۆ بۆ قەڵاکە. هەروەها دەتوانرێت توانا و کاریگەریی وەزارەتی گەشت وگوزار بە خێراکردنی گەشەپێدانی گەشتیاری کەرتی تایبەت بەرز بکرێتەوە. گەشتیارانی کەرتی تایبەت دەستیان بە هێنانی گەشتیار بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق  بۆ هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام پێویستە کاری زیاتربکرێت لەسەر گەشتیارانی بیانی بۆ پێشکەوتنی ئەم کەرتە.

کەرتی پیشەسازی

لەلایەکی ترەوە، بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە هەرێمدا بە بازرگانییە خێزانییە بچووکەکان تایبەتمەندە، کە نزیکەی تەنیا خزمەت بە ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەن. لە کاتێکدا ئەو کەرتە پیشەسازییە دەتواندرێت گەشەی پێبکرێت ئەگەر ڕێگەی پێبدرێت ڕێڕەوێکی سروشتی گەشەسەندنی ئابووری پەیڕەو بکات. کەرتی بازرگانی دەتوانێت کەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە ڕابکێشێت. بۆ سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانە، پێویستە حکومەتی هەرێم پاڵپشتی وەبەرهێنان بکات لە تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنان. لە گەڵ ئەوەشدا بانکەکان لە هەرێم ڕۆڵێکی سنوورداریان هەیە لە مامەڵە بازرگانییەکان، لە ئەنجامدا، لە گەشەسەندنی ئابووریدا. ئەم پشت بەستنە زۆرە بە پارەی نەختینە، دەرفەتەکان بۆ فراوانبوونی ئابووری سنووردار دەکات، بۆیە سیستەمێکی بانکی کارا پێویستە، چونکە نەبوونی متمانە بە کەرتی بانکی فاکتەرێکی ترە بۆ گەشەنەکردنی ئەوکەرتە، بۆیە هەموو هەوڵەکانی چاکسازیی کەرتی بانکی پێویستە دامەزراندنی متمانە بکاتە ئەولەویەت.

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەگەر حکومەتی هەرێم پەرە بە کشتوکاڵ بدات، بە دڵنیاییەوە بەرهەمی ناوخۆیی زیاد دەکات و دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەكی بەرچاوی داهات بۆ هەرێم، و ببێتە فاكتەرێك بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابوریی لە پاڵ یەدەگی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *