پانۆپتیکۆن

لە كۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا فەیلەسوف و توێژەری کۆمەڵایەتیی جێرمی بێنتام بیرۆکەیەکی بۆ دیزاینی بەندیخانەیەک دانا، ناوی لێنا (پانۆپتیکۆن) واتا (چاودێریکردنی گشت). بەندیخانەکە شیوەیەکی بازنەیی هەیە،  لە ناوەراستیدا تاوەرێك هەیە، رووی هەموو ژوورەكان لەو تاوەرەیە، بەڵام بەجۆرێك دروست كراوە كە هیچ كام لە لە بەندکراوەکان ناتوانن پاسەوانەکانی ناوی ببینن، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هیچ بەندكراوێك نەتوانێت هەوڵی هەڵاتن بدات، تەنانەت ئەگەر هیچ پاسەوانێکیشی نەبێت، چونکە تەنها ئەگەری بوونی پاسەوانێک لە ناو تاوەرەكەدا بەسە بۆ ئەوەی هەمووان کۆنترۆڵ بکرێن، بەمانایەکی ترەوە بەندکراوەکان خۆیان چاودیری خۆیان دەکەن. هۆكارەكەشی ئەوەیە مرۆڤ لە شتە نەزانراوەکان دەترسێ،  هەروەها ئاماژەیە بۆ کۆنترۆڵكردنی کەسەکان لە رێگای  بەکارهێنانی ترسەوە.

ئەم بیرۆکەیە ئیلهام بەخش بوو بۆ زۆرێک لە فەیلەسوف و نووسەرانی وەك جۆرج ئۆرویل، نووسەری کتێبی کێڵگەی ئاژەڵان ١٩٨٤، هەروەها میشێل فۆکۆ کە بیرۆکەی کتێبی بەناوبانگی کۆنترۆڵ و سزای لە پانۆپتیکۆنەوە وەرگرت وەک لە کتێبەکەدا ئاماژەی پێدەکات، ئەمە شێوازی مۆدێرن بووە بۆ حوکمڕانی جیهان لەو کاتەدا  بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و شاراوە، بەو پێیەی هەستێکی ترس و دڵەراوکێی بەردەوام لە تاکدا دروست دەکات، وەک چۆن وای لێدەکات ناوێرێت پێشێلی یاساکانی ئەوان بکات و  ڕووبەڕوویان ببێتەوە. ئەم بەندیخانەیە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن سەرکردە دیکتاتۆرەکان حوکمرانی جیهان دەکەن لەرێگەی چاندنی ترس لە مێشکی خەڵکدا، و قەناعەت پێکردنیان کە لە هەموو شۆینیکەوە چاودێری دەکرین و دەسەڵاتێکی بێ سنووریان هەیە، کەچی لەوانەشە وا نەبێت! ئەمەش هەستێکی نائیرادی لەلای مرۆڤەكان دروست دەکات بۆ ملکەچ بوون بۆ فەرمانرەواكان. ئەم ڕیگایە لەلایەن هەر کەسێکەوە جێبەجێدەکرێت کە مەبەستی کۆنترۆڵکردنە، نەك تەنها لەرووی سیاسییەوە، بەڵکو لەرووی فکریشەوە، مرۆڤەکان لە روکەشەوە ئازاد دیارن، بەڵام بیرکردنەوەیەکی ئازادانەیان نیە، سنوورێکیان لە ڕەگ و ڕیشەی بیرکردنەوەی مرۆڤی دیکەوەیە بۆ دانراوە. ئەوەی کە بیرەوەرە ئازادەکانی جیاواز کردووە لەگەڵ کەسانی ئاسایی، تەنها ئەوەیە ئەوان  ژیانی خۆیان و بیرۆکە کۆنەکانیان خستە مەترسییەوە لە پێناو بەدەستهینانی ئازادی و ڕاستییەکان، رۆشتن بۆ ناو تاوەرەكە و هیچ پاسەوانێکیشیان نەدۆزییەوە، بۆیان دەرکەوت کە بەندیخانەکە هەمووی دروستکراوی بیر و خەیاڵی خۆیان بووە . تۆش  ئەی بەندکراوی پانۆپتیکۆنی بەرێز  جارێک هەوڵ بدە ژوورەکەت بەجێ بهێڵی، برۆ بۆ ناو تاوەرەكە و بزانە هیچ پاسەوانێکی لێیە!ِ      

 

reference

 

www.citethisforme.com. (n.d.). https://fs.blog/the-panopticon-effect/ | HARVARD | Cite This For Me.[online]Availableat:https://www.citethisforme.com/cite/website/autocite?q=https://fs.blog/the-panopticon-effect/ [Accessed 12 Apr. 2023].

 

Baule, A. (2015). Panopticons in Orwell’s 1984 | History Through Utopian/Dystopian Fiction. [online] Available at: https://hist3101dystopia.uconn.edu/2015/12/14/panopticons-in-orwells-1984/.

 

The Editors of Encyclopedia Britannica (2016). Panopticon | penal architecture. In: Encyclopædia Britannica. [online] Available at: https://www.britannica.com/technology/panopticon.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *