نابێ بە دەستی خۆمان زمانی خۆمان لەناوبەرین

 

 

 

 

ڤینا حەسەن عەبدوڵا

قۆناغی یەكەم – بەشی یاسا

 

زمان ناسنامەی هەرە دیار و گرنگی نەتەوەیە، یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی سەلماندنی بوونی نەتەوەیی لەسەر ئاستی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی، گەر سەرنجێك لە مێژووی نەتەوەی كورد بدەین، دەبینین بەدرێژایی مێژووی هەزاران ساڵەی، زمانەكەی لە قۆناغی جیاجیادا كەوتووەتە بەر شاڵاو و زەبری سڕینەوە و لەبەین بردن، بەڵام وێڕای ئەو هەموو ستەمەش كە دوژمنان و داگیركەران لەدژی كورد و زمانی كوردی پێڕەویان كردووە، دەبینین هێشتا زمانی كوردی ماوەتەوە و تا ئێستاش لەڕووی وشەسازی و بووونی چەندین شێوەزاری جیاوازەوە، یەكێكە لە زمانە دەوڵەمەندەكانی دونیا، ئەگەرچی نەبووەتە یەكێك لە زمانە زیندووە جیهانیەكان لەڕووی بەكارهێنانیەوە، لێ گرنگە بزانین، كە زمان یەكێك بووە لە فاكتەرە هەرە گرنگەكانی مانەوەی نەتەوەی كورد

زمان ھێندەی سنووری جوگرافی گرنگە لە سەلماندنی بوونی نەتەوەدا، ببینن ئێستا زۆر ناوچەی كوردستان و بەشێكی زۆر گەورە لە نەخشەی كوردستانی مەزن، لەبن دەستی داگیركەراندایە، كەچی لەبەرئەوەی كە خەڵكی ئەو ناوچانە لەنێو خۆیاندا بە زمانی كوردی دەدوێن، هێشتا ئەو ناوچانە خەسڵەتی كوردستانیبوونیان لەدەست نەداوە، جا زمان كە هێندە گرنگ بێت، بۆچی ئێمە لە هەرێمی كوردستان كە لەسەر ئاستی جیهان، تاكە قەوارەی دەستووری و یاسایی دانپێدانراوی كوردیین، بایەخ بە زمانی كوردی نەدەین؟

زۆر جار لە میدیاکان و لە تابلۆی سەر چێشتخانە و دوكان و شوێنە بازرگانییەكانی كوردستاندا، وشەی بیانی و نامۆ و بێگانە دەبینین، هەندێك لە خاوەنی ئەو شوێنانە لە نەشارەزایی و بە گرنگ نەزانینی زمانی كوردی كاری وەها دەكەن، هەندێكیشیان گوایە سەرنجی گەشتیاری عەرەب و بیانییەكان رادەكێشن، بەڵام دواجار ئەمە سووك سەرنجدانی زمانی نەتەوەكەی خۆمانە و هۆكارێكە بۆ هێدی هێدی لەناوچوونی زمانی كوردی

بەدرێژایی مێژووی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی، کورد شەھید و قوربانیی گەورەی داوە تا بە زمانی خۆی بخوێنێ و بیر بكاتەوە و بنووسێت، تا ئێستاش لە سێ پارچەكەی تری كوردستان، ئەم قوربانیدانە بەردەوامە لەپێناو مانەوەی زماندا، كەچی بەداخەوە لەم بەشە ئازادەی كوردستانی خۆماندا، ئێستا وای لێ هاتووە خێزانانی كورد پارە دەدەن تا منداڵەكانیان بە زمانی کوردی نەخوێنن!

مەبەستی من ئەوە نیە کە نابێ ئێمە فێری زمانی دووەم و سێیەم ببین، بە پێچەوانەوە زۆر گرنگە نەوەكانی ئێمە پتر لە زمانێك فێر بن، بەڵام لەسەر حسابی زمانی دایک نا کە زمانی کوردییە و ئەو هەموو قوربانییە بۆ مانەوەی دراوە. ئەو منداڵانەی ئێستا لە خوێندنگە تایبەتەکاندا دەخوێنن زۆربەیان بە کوردییەکی خراپ و تێکشکاو دەدوێن و دەنووسن، هەندێكیان لە نووسینی كوردیدا هەر زۆر كۆڵەوار و دەستكورتن، سەرنج لە سۆشیال میدیای كوردی بدەن، بزانن چەند رستەی جوان و تەواو كوردی دەبینن؟ بێگومان زۆر كەم

بۆیە پێویستە وەزارەتی پەروەردە زیاتر ھۆشداری و هۆشیاری بدات بەو خوێندنگەیانەی کە بە تەواوەتی زمانی کوردییان فەرامۆش کردووە و لەگەڵیدا كولتوور و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردیش پەراوێز خراون، پێویستە ستراتیج و یاسایەک ھەبێ بۆ زیندوو راگرتنی زمانی پیرۆزی کوردی و بەپێی قۆناغەکان خوێندنی زمانە بیانییەکان دیاری و سنووردار بکات

لەلایەكی ترەوە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا دەبینین ئەو فەرامۆشكردنی زمانی كوردییە لە دایکان و باوکان و خێزان بەگشتییەوە دەست پێدەكات، دەبینین پەروەردەی خێزان كوردانە نیە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر منداڵەکانیان دروست دەکات، ھەر لە ساتی لەدایکبوونی منداڵەكانیانەوە ناوێکی عەرەبی یان بیانی لە منداڵەکانیان دەنێن و دەیانەوێ لە منداڵییەوە ناسنامەیەكی ناكوردی و بیانی بە منداڵەكانیان ببەخشن و هەستێكی تەواو بێگانە لە ناویاندا گەشە بکات، ھەر بۆیە کاتێک بە زمانێکی تر دەخوێنن وەك منداڵی كورد ھەستی خۆ بەکەم زانین تێیاندا دروست دەبێت و وایان لێ دێت بە شەرمەوە یان بە چاوێكی سووكەوە سەیری زمانی کوردی بکەن

جا ئەو بە کەم ڕوانینە بۆ زمانی دایک لای منداڵ و نەوەكانمان تەنانەت گەنجانیشمان، وا دەکات لە داھاتوودا کاریگەریی لەسەر ئاستی رۆشەنبیری و زانستی دروست بکات، گەر بڕوانینە زانکۆ پێشکەوتووەکانی دونیا، دەبینین لە کۆی ٥٠٠ زانکۆ لە ٣٥ وڵاتی جیاواز کە لە ریزی یەکەمی زانکۆ ھەرە باشەکانی جیھانن، ھەموو ئەمانە بە زمانی خۆیان دەخوێنن، بێگومان میدیاکانیش لێرەدا دەتوانن رۆڵێکی کاریگەر ببینن بۆ وەبیرھێنانەوە و برەودان بەو بابەتە، پێویستە ئەم پرسە گرنگە بەردەوام بورووژێنرێت و جێی بایەخ بێت لە میدیاكاندا، جا ھەر لە بەرنامەی منداڵانەوە دەست پێ بکات تاوەکوو ھەواڵەکان و پرۆگرامە خێزانییەکان، بۆیە گرنگە داھێنانە زانستی و كولتووری و هونەری و ئابوورییەكانیشمان بە زمانی دایک بێت، دەبێ هەموو كوردێك ئەوە بزانێت كە بۆ ئەوەی بمێنینەوە و گەشە بكەین، گرنگە بایەخ بە زمانی كوردی بدەین، هیچ ماقووڵ نیە ئێمە بە دەستی خۆمان و بە پارەی خۆمان منداڵەكانمان لە گرنگترین شتی خۆیان بێبەش بكەین كە زمانی دایكە، ھیوادارم ئەو قوربانی و کوێرەوەرییەی بۆ ھێشتنەوەی زمانی کوردی و نەتەوەکەمان درا، بە چەند وشەیەکی بیانی و بەكارهێنانی سەقەتی سۆشیال میدیا و میدیا بەتایبەت لەناو نەچێ. جگە لە هەرێمی كوردستانی ئێمە، هیچ وڵات و قەوارەیەكی سیاسی نیە لە دنیادا، زۆربەی هەرە زۆری تابلۆی شوێنە بازرگانیان و ناوەكانیان، بە زمانی بیانی و بێگانە بێ

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *