كێشەکانی بەردەم دادگا لەنێوان مامە خەمك و كابرای پاش باران كەپنك

 

 

 

پ.ی.د. حسین بالیسانی

راگری فاكڵتی یاسا زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک

سادەترین پێناسەی یاسا کە زانایانی یاسا کردوویانە دەڵێ: یاسا بریتییە لە کۆمەڵێک رێسای بێلایەنی پێوەند بە رەفتاری گشتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان، نێوانی کەسەکان رێک دەخات، هەروەها دەسەڵات لە ڕێیەوە سزای ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن، دەدات. ئینجا ئەم کارە پێویستی بە چەند کادرێک و دامودەزگایەکەوە هەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسا، ئەو کادێرانەش كە لەم مەیدانەدا کار دەکەن لانی کەم دەبێ دەرچووی کۆلێژی یاسا بن، بۆیە پێیان دەڵێن یاساناس یان مافپەروەر

– مام خەمک یان مامە خەمە، پیاوێکی زۆر باش بووە زۆر میهرەبان و بەسۆز و بەزەیی بووە، خەمی بۆ هەر شتێک کە لە دەوروبەری روو بدات خواردووە، ئەگەر خەمی هەبوایە نانی بۆ نەدەخورا. بەیانیەك  هەست دەكات هیچ خەمی نیە، بە هاوسەرەكەی دەڵێ: ”ئافرەت برسیمە هێلکەورۆنێکی خۆشم بۆ بکە، هاوسەرەکەی بەخێرایی هێلکەوڕۆنەکەی بۆ ئامادە دەكات و لەبەردەمی دایدەنێ، لەو کاتەدا کە هێشتا یەک پارووی نەخواردبوو، پیاوێکی گوندنشینی خۆیان دێتە ژوورەوە و دەڵێ: ”مامە خەمە دەزانی چی بووە؟“ مامە خەمە دەڵێ: بڵێ برام چی بووە؟“ کابرا دەڵێ: ”مامە خەمە وەڵا گوێدرێژی ماڵی فڵان جاشکێکی بووە نە کلکی هەیە نە گوێ!“، مامە خەمە هەناسەیەکی سارد هەڵدەمژێ و بانگی هاوسەرەکەی دەکا و دەڵێ: ”وەرە ئەم نانە هەڵگرە“، هاوسەرەكەی دەڵێ: ”بۆ هەڵیبگرم خۆ تۆ هیچت نەخواردیە؟“ مامە خەمە دەڵێ: ”ئاخر لە خەفەتان هیچم بۆ ناخورێ“، ژنەکەی دەڵێ: ”چی بووە؟“ مامە خەمە دەڵێ: ”ئەی ئەگەر ئەم جاشکە گەورە بوو و کەوتە ناو قوڕەوە چۆن دەریبهێنین و بە چی رایبکێشین؟“

نازانم ئەم مامە خەمكە لە راستیدا هەبووە یان ئەفسانەیە، بەڵام چیرۆکەکە زۆر بڵاوە و ئەگەر راستی بێ یان ئەفسانە، حیکمەتێکی زۆری تێدایە

– کەپەنک (فەرەنجی) پۆشاكێكە لە خوری دروست دەکرێت، وەک پاڵتۆ وایە زیاتر شوانەکان یان گاوانەکان کە مێگەل یان گاڕان دەبەنەوە دەشت و چیا، زستانان لەبەر سەرما کەپەنک دەخەنە سەر شانیان بۆ ئەوەی بیانپارێزێ لە باران و سەرما، ئاشکرایە کە دەبێ پێش باران یان سەرما بکرێتە بەر، چونکە ئەگەر دوای باران بکرێتە بەر، هیچ سوودێکی نامێنێ، بۆیە پێشینان بە کەسێکیان دەگوت کە دوای ئەوەی کە کێشە دروست بووە دەچێتە لای کەسانێک کە لە شت دەزانن و ئەزموونیان هەیە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان لێ دەکەن، کابرای ریش سپی بەئەزموون پێی دەڵێ: ”کاکە تۆ وەك مەسەلەی مەشهورت لێهاتووە (بعد المطر کەپەنک) واتا دوای باران کەپەنک دەکەیتە بەر، کەواتە سوودی نیە و کێشەکەشت چارەی زەحمەتە“

– منیش وەکو یاساناسێک لە ساڵانی ٩٤ -٩٥-٩٦  کێشەی ئابووری و دارایی زۆر بوو، ئەویش بەهۆی ناجێگیریی بەهای دۆلار و نەبوونی مووچە، دەستم بە پارێزەری کرد و لە کاتی پارێزەریدا ئەو کەسانەی کە دەیانناسیم و متمانەیان پێم هەبوو و کێشەی یاساییان هەبوو لە دادگا یان لە دەرەوەی دادگا، دەهاتنە لام بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بکەم و کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەم … بەڵام بەداخەوە هەندێ لە کێشەکان کە سەیرم دەکرد، دەمدیت ئەگەر خاوەنەکەی پێش دەستپێکردنی کارەکەی یان کێشەکەی پرسی بە من یان بە هەر یاساناسێک کردبایە، تووشی ئەو کێشەیە نەدەبوو

بۆ نموونە، ئەگەر خزمێک یان برادەرێک یان هەر کەسێک هاتە لات و داوای کرد مامەڵەیەکی لەگەڵ بکەیت، دەبێ یەکەم شت گرێبەست بکەیت و یاسا هەموو ئەو مەرجانەی کە پێویستە بۆ گرێبەست دیاریی کردووە، بۆ مسۆگەركردنی مافی هەردوو لای گرێبەستەکە و وردەکاریی زۆرتری تێدایە، هەروەها نابێ هیچ مامەڵەیەک دابمەزرێنیت بە پارەیەکی زۆر یان کەم، بەبێ ئەوەی گرێبەست بکەیت، دەبێ هەردوولاش واژۆی لەسەر بکەن و دوو شایەدیش هەبێت بۆ ئەوەی ئاگادار بن لە سەرەتای مامەڵەکەوە، باشتریش ئەوەیە کە گرێبەستەکە لای دادنووس یان فەرمانگەی پێویست پەسەند بکەیت

راستە ئەمانە خەرجییەكیان دەوێ، بەڵام لە کێشە بەدوورت دەخات و پاراستنی مافی خۆت بە مەسرەفێکی کەم مسۆگەر دەکەیت، بۆ نموونە تۆ ئەگەر ویستت خانووێیک بکڕیت، دەبێ گرێبەست بکەیت و دوو شاهیدت هەبێت کە گرێبەستەکە لەگەڵ تۆ و فرۆشیار واژۆ بکەن، ئینجا بچی لە تاپۆ سەنەدی خانووەکە بگوازیتەوە سەر ناوی خۆت، ئنجا خانووەکە دەبێتە موڵکی تۆ و مافی کەسی پێوە نامینێ، یان کە دەتەوێ ئۆتۆمبێل بکڕیت، دەبێ خاوەنی رەسەنی ئۆتۆمبێلەکە کە ساڵنامەی بەناوە، ببینیت و بزانیت ئەم ئۆتۆمبێلە هی ئەوە یان نا، مافی کەسی تری تێدا ماوە یان نا، هەروەها لە گرێبەستەکە خاڵێک تۆمار بکەیت کە هەر بژاردنێک (غەرامە) لەسەر ئۆتۆمبێلەکە بێ کە لە کاتی سەر لە پۆلیسی هاتوچۆ دەدەیت، دەردەکەوێ ئەوە لەسەر فرۆشیارە، چونکە ئەگەر ئەم رێکارانەی گوتمان نەگریتە بەر، مامەڵەکە هیچ ئاسەوارێکی یاسایی نابێ و ئەگەر کابرا پاشگەز ببیتەوە، پارەکەت دەڕوات و ئۆتۆمبێلەکە یان خانووەکە نابێتە هی تۆ

یان هەندێ جار برادەرێک یان خزمێک هاتە لات کێشەی هەبوو کە بریتی بوو لە قەرز و قەرزکاری، یان کە کەسێک داوای قەرزت لێ دەکات، دەبێ پێی بڵێیت: ”کاکە دونیا مەرگ و مردنە دەبێ بنووسین و دوو شاهێد هەبن“ بۆ ئەوەی زامنی قەرزەکەت بێت، دەبێ بنووسرێت و شاهێدیش هەبێت چونکە یەزدانی مەزن لە قورئانی پیرۆزدا فەرمانی بەوە کردووە (یا أَیُّهَا اڵّذینَ امَنُوا إِذا تَدَاينْتُمْ بِدَیْنٍ إِلى أَجَلٍ مُسَمًّى فَاكْتُبُوهُ ولْيكْتُبْ بَیْنَكُمْ كَاتِبٌ بِالْعَدْلِ) دوایش دەفەرموێ:(واسْتَشْهِدُوا شَهِیدَیْنِ مِنْ رجَالِكُمْ فَإِنْ لمْ يكُونَا رَجُڵیْنِ فَرَجُلٌ وامْرَأَتَانِ مِمَّنْ تَرْضوْنَ مِنَ الشُّهَدَاء أَنْ تَضڵّ إِحْدَاهُمَا فَتُذكِّرَ إِحْدَاهُمَا الْأُخْرَى)

زۆربەی کێشەکانی ئەو زەمانی كە من پارێزەریم دەکرد وا بوون، کە کەسەکە هاتووە داوای قەرزی کردووە و ئەویش یەکسەر داویەتێ و هیچ کەسیش ئامادە نەبووە وەکو شاهید و هیچیان نەنووسیوە، دوای ئەوە دۆخەكە گۆڕاوە، دۆلار هەر ساتی نرخی دەگۆڕا لە دابەزین هەندێک دەبوون بە قوربانی و لە هەستان هەندێکی تر و ئێستا قەرزارەکە نکۆڵی دەکات و حاشا لە قەرزەکە دەکات، یان مردووە و منداڵەکانی هیچ شتێک نازانن دەربارەی قەرزەکە یان مامەڵەکە، لێرەدا متمانە ناخوات، دادگا دۆکیومێنتی دەوێت شاهیدی دەوێت و خەڵکی ئێستاش بەداخەوە لەسەر پارەیەکی کەم سوێند دەخۆن، ئنجا راست بێ یان درۆ… ئنجا کە لە کەیسێكی ئەوها خاوەنەکەی داوای دەکرد کە چارەیەکی کەیسەکەی بۆ بکەم و مافی نەخورێت، من چیرۆکی مام خەمکم پێ دەگوت یان پێم ئەگوت: بعد المطر کەپەنک؟

بیستوومە لە هەندێ وڵات، هەر چەند خێزانێک دەبێ دۆسێیان هەبێت لای پارێزەرێک یان بریکاریان بێت بۆ ئەوەی لە مامەڵەکانیان زەرەر نەکەن، یان بەلای کەمەوە کێشەیان بۆ دروست نەبێت، چونکە لە مامەڵەیەک چەند دینارێکت بڕوات بۆ مسۆگەرکردنی چەند ملیۆنێک دینار یان دۆلار زۆر باشترە. وتەیەكی گرنگ هەیە دەڵێ: ”الوقایة‌ خیر من العلاج“ خۆپاراستن باشترە لە چارەسەری

بۆیە لای ئێمەش دەستی پێکردووە دەبێ دامودەزگاکان و کۆمپانیاکان پارێزەریان هەبێت بۆ رێکخستنی کارەکان و دروستنەبوونی کێشە، هەروەها کەسێک کە تاوانێکی بە قەبارەی تاوان (جنایة‌) ئەنجام دابێت، یاسا دەڵێت دەبێ پارێزەری ئامادە بێت لە دادگا، هەرچەندە تاوانبارەکە قسەزان بێت بگرە ئەگەر یاساناسیش بێت، ئەگەر نەیبێ دەبێ دادگا پارێزەرێکی بۆ دەستنیشان بکات

وتەی کۆتاییم ئەوەیە، وەکو ئامۆژگاری بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە بازاڕ یان لە دەرەوەی بازاڕ ئیش دەکەن، پێش هەموو شتێک و بۆ هەر ئیشێک، هەر چەند بچووکیش بێت، پرس بە پارێزەرێك یان یاساناسێک بکەن بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی مامەڵەکە دیار بێت، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی کە زامنی قازانجت بۆ دەکەن یان لانی کەم تووشی کێشە و زیانت ناکەن. سوپاس بۆ خودا ئێستا لە کوردستان یاساناسمان زۆرە. لەگەڵ رێز و ئاواتی دروستیی هەموو مامەڵە و کاروبارێك بۆ هەموو لایەکتان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *