ڕێکخستنی یاسایی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان

خوێندنەوە و شیكردنەوە بۆ ڕێكخستنی یاساییی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن كەوا چەند یاسایەك ئەم بابەتەی چارەسەركردووە بەتایبەت یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا  و توێژینەوەی زانستی  ژمارە(١٠) لەساڵی (٢٠٠٨) و یاسای زانكۆ تایبەتەكان ژمارە (٢)ی ساڵی  (٢٠١٣) و یاسای خزمەتی زانكۆی فیدڕاڵی عێراق ژمارە(٢٣)ی ساڵی (٢٠٠٨) لەگەڵ چەند ڕێنمایەكی تایبەت بەوە و جۆرەكانی وەك: خوێندنی باڵا، توێژینەوەی زانستی،گۆڤارە زانستییەكان، بەرزكردنەوەی پلەی زانستی، دڵنیایی جۆری، رانكینی زانكۆكان، خولەكانی زمانەوانی و پێداگۆجی، نازناوی زانستی ……هتد

لەبەر ڕۆشنایی ئەم جۆرە یاسایانە و ڕێنمایانەدا، خوێندنی باڵا  و توێژینەوەی زانستی  لەماوەی ڕابردوودا پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەڕوانگەی چەندایەتی و جۆرایەتی،.

لەرووی چەندایەتی، ژمارەی بەرچاوی زانكۆ حكومییەكان و زانكۆ  تایبەتەكان دیارە كە دەكاتە نزیكەی (٤٠) زانكۆ، هەروەها لەڕووی مامۆستایانی زانكۆ،  بە پلەی زانستی جۆراو جۆر ڕوون و ئاشكرایە كە خۆی نزیكەی  (١٥) هەزار مامۆستایە، جگە لە بوونی مامۆستایانی بیانی لەبەشێك لە زانكۆكانی (تیشكی نێودەوڵەتیی،  كوردستان، ئەمەریكی سلێمانی و دهۆك).

لەرووی چۆنایەتی زانكۆكان  بە دەرچوونی ژمارەی بەرچاوی قوتابییان لە قۆناغەكانی بەكالۆریوس و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا، رۆڵێكی بەرچاوی  بینی لە دابینكردنی كادر بۆ دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان، جگە لەمانەش بوونی ژمارەیەكی بەرچاوی گۆڤارە زانستییەكان بە پێوەرە چۆنایەتییەكان و بوون بە پەیوەندی ئەكادیمی جۆراوجۆر، لەگەڵ دامەزراوەكانی  ئەكادیمی دەرەوە. خاڵێك گرنگە ئاماژەی پێبكرێت، لەرووی توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەكی بەرچاوی سەنتەرەكان، توێژینەوەی زانستی لە زانكۆ حكومییەكان و تایبەتەكان خاڵێكی ئەرێنییە.

هەڵبەتە ئەم خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە دەگەڕێنەوە بۆ ڕێكخستنی یاسایی خوێندنی باڵا و  توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام  لەهەمانكاتدا بەپێویستی دەزانین ئاماژە بەوە بكەین كەوا ئەم یاسانەیە لەبەر ڕۆشنایی پێشكەوتنەكانی مەعریفی پێویستییان بەپێداچوونەوە هەیە تاوەكو هەبێت لەم بوارەدا جۆرە هاوسەنگییەك.

بۆ نموونە، یاسای خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە (١٠) ساڵی (٢٠٠٨) پێویست بەوە دەكات گرووپێكی پسپۆڕی كاری لەسەر بكەن لە بوارەكانی: كارگێڕی و دارایی و ئەكادیمی زانكۆكان. هەروەها یاسای زانكۆ تایبەتەكان ژمارە(٢)ی ساڵی (٢٠١٣) پێویست بەوەدەكات كەوا شیكردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەم ئەزموونە مێژووییە بكرێت لەبەر ڕۆشنایی ڕۆڵی كەرتی تایبەت لەم بوارەدا، بەتایبەتی وەبەرهێنانی زانستی و ئابوورییەكانی زانیاری و بەرەو پێشبردنی ڕۆڵی ئەم زانكۆیانە، هەروەها پەناببرێت بۆ هەندێ شێوازی تر لەم بوارەدا، وەك (زانكۆ تایبەتەكان، كۆلێژی زانكۆیی، لقی زانكۆی بیانییەكان، زانكۆ وەقفییەكان) و ناكرێت دەرفەتی یاسایی بدرێتە زانكۆ تایبەتەكان لەبوارەكانی جۆرە سەربەخۆییەكی ئابووری و كارگێڕی و بەتایبەتی لە دەسەلاتەکان، هەیکەلییەی ئەم زانکۆیانە ( دەستەی ئەمینداران، ئەنجومەنی زانکۆ، سەرۆک زانکۆکان. و سەبارەت بە ئەزموونی پەیمانگە تایبەتەکان کە ژمارەیان بەرچاوە، سەر لە نۆی دیراسەتی ئەم پەیمانگایانە بکرێت لە رووی سەربەخۆیی، یاخود لکاندنیان بە زانکۆ تایبەتەکان و مێکانیزمەکان، پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا دیراسەت بکرێت، ببنە مەرجەعێەتێکی یاسایی و ئەکادیمی و کارگێری بالا بۆ زانکۆ تایبەتەکان، بۆ نموونە (ئەنجومەنی باڵای زانکۆ تایبەتەکان)، چونکە زۆر گرنکە بۆ دیراسەتکردن هێلە گشتی و ستراتیجییەکانی خۆیندنی باڵا.

لە کۆتاییدا زۆر پێویستە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنفرانسێکی زانستی بۆ خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدریت، و رۆلی پەیوەندییەکانی زانکۆکان بەوردیی دیراسەت بکرین.

پ.ی.د.نجدەت ئاکرەیی

بەشی یاسا

زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *