پ.د. فائق حمەسعید حسین
ڕاگری فاکەڵتی زانستە کردارییەکان
زەنجەفیل یان زەنجەبیل ڕووەکێکی یەکساڵەی گوڵدارە و سەر بە خێزانی زەنجەفیلییەکانە (Zingiberaceae) ناوە زانستیەکەی (Zingiber officinale) ـە.
گوڵەکانی هێشوویی و زەردن و لێوارەکانی ئەرخەوانین. گەڵاکانی باریک و درێژ و نووک تیژن و ڕەگەکانی ڕیشوودارن. لەم ڕیشووانە هەندێک لق جیا دەبنەوە و دەبنە سەلک و زەنجەفیل بەرهەم دەهێنن.
زەنجەفیل سەلکە ڕووەکێکە تامێکی توندوتیژ و بۆنێکی خۆشی هەیە. لاسکی ئەم گیایە تا یەک مەتر بەرز دەبێت.
پێکهاتەکانی زەنجەفیل
زەنجەفیل یەکێکە لەو ڕووەکانەی سوودی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە بە هۆی ئەو پێکهاتە گرنگانەی تێیدایە. ڕێژەی پێکهاتە سەرەکییەکانی لە 100 گرام زەنجەفیلدا بەم شێوەی خوارەوەیە:
سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی زەنجەفیل
سەرەڕای ئەوەی زەنجەفیل مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە بۆ چارەسەری پزیشکی لە بەکارهێنانی بە شێوازی جیاواز، بەڵگە زانستییەکان سەلماندوویانە کە زەنجەفیل یەکێکە لەو ڕووەکانەی سوودی زۆری هەیە بۆ تەندروستی، باوترینیان بریتین لە:
دژە سەرما Anticold
زەنجەفیل کاریگەری زۆری هەیە بۆ چارەسەری سەرما و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەنفلەوەنزا.
چارەسەری دڵتێکەڵبوون Treatment of vomiting
زەنجەفیل لە کۆنەوە بەکارهێنراوە بۆ چارەسەری دڵتێکەڵبوون و یارمەتی ڕشانەوە دەدات. هەروەها چارەسەری ئەو دڵتێکەڵبوونەی ئافرەتانی دووگیان دەکات لە کاتی بەیانیان دا دووچاری دەبن.
دژە هەوکردن Eases Arthritis Symptoms
زەنجەفیل دەوڵەمەندە بە ئاوێتەی دژە هەوکردن کە ڕێ لە هەوکردنی جومگەکان دەگرێت بە تایبەت جومگەی ڕۆماتیزمی بە شێوەیەکی بەرچاو ئازارەکان کەم دەکاتەوە.
دژە شێرپەنجە Anticancer
زەنجەفیل توانای کەمکردنەوەی خانە شێرپەنجەییەکانی هەیە بە تایبەت شێرپەنجەی کۆڵۆن و یارمەتی مردنی ئەو خانانە دەدات کە تووشی خانە شێرپەنجەییەکان بوون بە خواردنی دوو گرام زەنجەفیل لە ڕۆژێکدا.
دابەزینی کۆلسترۆل Lowering Cholesterol
زەنجەفیل یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی چەوری هایپەرلیپید (LDL) بە خواردنی 5 گرام پاودەری زەنجەفیل بۆ ماوەی سێ مانگ.
توانای خواردن Relieves Indigestion
زەنجەفیل دەبێتە هۆی ئەوەی توانای هەرسکردن زیادبکات و ئارەزووی خواردن زیاد بکات بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کێشەی هەرسیان هەیە.
دابەزینی کێش Weight Loss
ئەو توێژینەوانەی لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵان کراون سەلماندوویانە کە زەنجەفیل یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات لە ڕێگای کەمکردنەوە و نەهێشتنی چەوری لە ڕان و کەمەر، بە تایبەتی بە تێکەڵکردنی زەنجەفیل لەگەڵ لیمۆ یان سرکەی سێو یان چای سەوز.
کەمکردنەوەی شەکری خوێن Lowering Blood Sugar
ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستی کە لەسەر توشبووانی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو کراوە، سەلماندوویەتی کە وەرگرتنی دوو گرام پاودەری زەنجەفیل لە هەر ڕۆژێکدا، بۆتە هۆی دابەزینی شەکری خوێن بە ڕێژەی 12٪، هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی هیمۆگڵۆبین، ئەوەش نیشانەیەکە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی شەکری درێژخایەن لە خوێندا.
هەرچەندە سوودەکانی زەنجەفیل گەلێک زۆرن، بەڵام دەبێت مەترسیەکانیشی بزانرێت ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت، هەروەها ئەندازەی ڕێپێدراو بۆ خواردنی زەنجەفیل ڕۆژانە زۆر کەمە (زەنجەفیلی تەڕ 2 – 4 گرام و زەنجەفیلی وشک 0.5 – 2 گرام).
لە هەندێک بارودۆخی تەندروستی تایبەتدا، بەکارهێنانی زەنجەفیل زیانبەخشە، باوترینیان بریتین لەمانەی خوارەوە:
ئەو کەسانەی زوو تووڕەدەبن یان نەخۆشی دڵیان هەیە، چونکە زەنجەفیل لێدانی دڵ زیاد دەکات.
ئەو کەسانەی قورحەی گەدەیان هەیە یان گرفتیان لە دوانزەگرێدا هەیە، چونکە بڕێکی زۆر لە توونی (تیژی) لە زەنجەفیل دا هەیە وکاریگەری نەرێنی دەکاتی سەر گەدە و دوانزەگرێ.
ئەو کەسانەی بەردی زراویان هەیە، چونکە زەنجەفیل دەردانی ئاستی دەردراوی زراو زیاد دەکات و دەبێتە هۆی زیادکردنی بەردی زراو.
ئەو کەسانەی نەخۆشی خوێن بەربوونیان هەیە و درەنگ خوێنیان دەمەیێت، چونکە زەنجەفیل سوڕی خوێن زیاد دەکات و دەبێتە هۆی زیاتر لەدەستدانی خوێن.
ئەو کەسانەی بە بەردەوامی هەندێک دەرمانی تایبەت وەردەگرن، چونکە زەنجەفیل هەلمژینییان کەمدەکاتەوە لە گەدەدا.
باشتر وایە لەگەڵ پیاز و مەعدەنوس و بیبەری تیژ و کاهو نەخورێت، چونکە ماددەکانیان لەگەڵ یەکتر کارلێک دەکەن زیانبەخش دەبن بۆ لەش.
سەرچاوەکان:
- Balakrishnan, K.V., 2016. Postharvest and industrial processing of ginger. In Ginger (pp. 411-454). CRC Press.
- Ravindran, P.N. and Babu, K.M., 2016. Introduction (Editorial)-Ginger: The Genus Zingiber.
- Münster, D., 2015. “Ginger is a gamble”: Crop booms, rural uncertainty, and the neoliberalization of agriculture in South India. Focaal, 2015(71), pp.100-113.
- Beaujard, P., 2011. The first migrants to Madagascar and their introduction of plants: linguistic and ethnological evidence. Azania: Archaeological Research in Africa, 46(2), pp.169-189.
- Das, A.P., 2002. Perspectives of plant biodiversity. In National Seminar on Plant Biodiversity–Systematics, Conservation and Ethnobotany (2000: North Bengal University). Bishen Singh Mahendra Pal Singh.
- Liu, Y., Liu, J. and Zhang, Y., 2019. Research progress on chemical constituents of Zingiber officinale Roscoe. BioMed research international, 2019(1), p.5370823.
- Kumar Gupta, S. and Sharma, A., 2014. Medicinal properties of Zingiber officinale Roscoe-A review. J. Pharm. Biol. Sci, 9, pp.124-129.
- Lee, J., 2013. Ginger as an antiemetic modality for chemotherapy-induced nausea and vomiting: a systematic review and meta-analysis. Number 2/March 2013, 40(2), pp.163-170.

