![]()
بەرەڤان شاکر سلێمان
توێژەری کۆمەڵایەتی
سۆران
بەپێی زانستە جیاوازەکان پێناسەی جیاواز بۆ زمان دەکرێت، بەڵام بە گشتی دەکرێت بڵێین زمان کۆمەڵێک هێمان بەکاردەهێنرێن بۆ گەیاندنی پەیامی کەسێک بۆ کەس یان کەسانی بەرامبەر، زمان ڕۆلێکی گەورەی هەیە لە ڕاییکردنی کارەکانی رۆژانەماندا، بەڵام زمان تەنها وەک ئامرازێک نیە بۆ لێکتێگەیشتن، بەڵکو ئەرکێکی تریشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بۆ هەر نەتەوەیەک وەکو ناسنامە بەکارهاتووە.
ئەگەر ئێمە باس لە زمانی کوردی بکەین، یەکێکە لە زمانە زیندووەکانی ئێستا، بەپێی ئەو شەش ئاستانەی یۆنسکۆ دایناوە، زمانی کوردی لە ریزبەندی یەکەمەکاندایە بۆ پارێزراوی، ئێستا زمانی کوردی کۆدی ژمارە(١٤٣)ی هەیە لە کۆی (٣٤٢) زمانی زیندووی جیهاندا، کە لەلایەن دەزگای جیهانی ((ETSەوە بە فەرمی ئاماژەی پێکراوە، ئەمە جگە لەوەی زمانی کوردی یەکێک لەو (٨٨-١٠٠)زمانانەیە کە لە جیهاندا کاری پێدەکرێت.
شایانی باسە ئێستا (٧١٠٢) زمان لە جیهاندا هەیە، لە کۆی ئەم هەموو ژمارەیەدا (٦٠٠٠)زمان مەترسی لەناوچوونیان هەیە، بەڵام زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە پارێزراوەکانی جیهان.
لە مێژوودا گەلی کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵێک هەوڵ وهەڕەشە بۆتەوە، زۆر هەوڵ دراوە بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی ئەم گەلە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم نەتەوەیە ئازایانە جەنگاوە بۆ پارێزگاریکردن لە نەتەوە و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی، هەر لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە تاکو ئێستا شانبەشانی خەباتی سیاسی و چەکداری، زمانی کوردی لە خەباتدا بووە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی كورد. دوژمنانی کورد توانیویانە لە هەندێک کات و قۆناغدا خەباتی چەکداری وسیاسی کورد تووشی نسکۆ و لەناوبردن بکەن، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیووە زمانەكەی لەناو ببەن، هەڵبەتە ئەمە بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە، گرنگترینیان شاعیر ونوسەرانمان بوون كە بەردەوام خەباتی ئەوەیان کردووە لە ڕێگای نوسینەوە پارێزگاری لە زمانەکەیان بکەن و زمانەکەیان بەرەو پێشەوە ببەن، ئەمە جگە لەوەی خێزانی کوردی ئەگەرچی لە دەرەوە ولە قوتابخانەکان بە زمانی بیانی وانەیان خوێندبێت یان لە دەرەوە بەکاریان هێنابێت، بەڵام لە ناو ماڵ وخێزاندا، رۆژانە هەر بە زمانی کوردی ئاخافتوون، ئەمەش وایکردووە ببێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ پاراستنی زمانی کوردی، بێگومان زۆر هۆکاری دیكەش هەن كە وایانکردووە ئەم زمانە ئاوا بە زیندووی بمێنێتەوە، بەڵام بە بڕوای من دوای چەند ساڵێکی تر زمانی کوردی هەڕەشەی زۆری لەسەر دەبێت، هەڵبەتە ئەم جارە هەڕەشەكان ناوخۆیین و ئێمەین دەبینەوە هۆكاری لەناوچوونی.
خوێندن و کاری رۆژانە ڕۆلێکی گەورەی هەیە لە پاراستنی زمان، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا دەبینین لە ناوەندەکانی خوێندن زیاتر گرنگی بە زمانی بیانی دەدرێت، بەتایبەتی زمانی ئینگلیزی، من پێم وایە دەبێت کورد لەگەڵ کاروانی پێشکەوتندا بێت، نەک ببێتە هۆی ئەوەی لە ناوەندەکانی خوێندن زمانی دایك پشت گوێ بخرێ، ئەو منداڵەی هەر لە سەرەتاوە لە ناو ناوەندەکانی خوێندن بە زمانی بیانی بئاخفێت، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن زیاتر کار بەو زمانە بیانییە دەکات، ئەمەش وادەکات لە جیاتی ئەوەی ئێمە پەرە بە زمانی خۆمان بدەین و خزمەتی بکەین، زمانی بیانی زاڵ دەكەین.
لە ژیانی رۆژانەدا کۆمەڵێک کەس دەبینم، لە جیاتی ئەوەی وشە و چەمکی کوردی بەکاربێنن، وشە و چەمکی زمانی تر بەکاردێنن، هەڵبەتە ئەمە دەکرێت بۆ خۆ دەرخستن بێت لەوەی کەسێکی ڕۆشەنبیر و تێگەیشتووە، بەڵام بە بڕوای من زانینی زمانی تر هیچ پەیوەندیی بە ئاستی ڕۆشنبیرییەوە نیە، ئێمە کۆمەڵێک زانا ودانا و روشنبیری کوردمان هەبووە و هەیە کە تەنها بە زمانی کوردی ئاخافتوون و دئاخڤن.
بە بڕوای من پێویستە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا کار بۆ ئەوە بکەن گرنگی بە زمانی کوردی بدرێتەوە، نەوەی ئێستا و داهاتوومان بە زمانی کوردی ئاشنا بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە کاروانی زانست دوا نەکەوین، بەڵام زانستێكی سەردەمیانە كە بە زمانی شرینی کوردی بخوێنرێت، پەرە بە وشە وچەمکە کوردییەکان بدەن، بۆ ئەوەی زمانی کوردی هەر بە زیندووی بمێنێتەوە.

