ئەنجامدانی خولێکی تاقیکاریی سەرکەوتوو لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک لەلایەن مامۆستایانی فاکەڵتی زانکۆی باوهاوس، ئەڵمانیا، ڤایمار.

شایان: زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک هەنگاوێکی گەورەی پەروەردەیی ئەنجامدا، کاتێک مامۆستایانی فاکەڵتی ئەندازیاریی لە زانکۆی باوهاوس، ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی پ. ی. د. لارس ئەبراهامچیک، خولێکی تاقیکاری لە پرۆگرامی خوێندنی بەشی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک جێبەجێکرد. ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە بەشێکە لە پڕۆژەی هاوبەشی نێوان هەردوو زانکۆ بە ناونیشانی “توێژینەوەی دەرئەنجامی فرە پێوەر بۆ کاریگەریی مەترسییەکان لەسەر باڵەخانە و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە عێراق”  کە لەلایەن (DAAD)ەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت. ئامانج لەم پرۆژەیە، فراوانکردنی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی و بەشداریکردن و ئاڵوگۆڕی زانیارییە.

خولەكە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، بە گشتیی شەش کاتژمێر وانەی فێرکاری بوو، کە تێیدا قوتابییان سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زانیاریی بەنرخی زانستی. لەم خولەدا قوتابییان ئاشنای ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە بواری ئەندازیاریی شارستانی و تێڕوانین لە توێژینەوە پراکتیکیە پێشکەوتووەکان بوون.

لە کۆتایی ڕۆژی دووەمدا، ئێوارە خوانێکی تایبەت لە کەمپی زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک رێكخرا، تێیدا قوتابییان و مامۆستایان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ د. لارس و تیمەکەیدا بکەن.

خولەکە پرۆگرامی خوێندنی لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک دەوڵەمەندتر کرد و ئاسۆی قوتابیانی فراوانتر کرد بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی بۆ خۆیان و وەرگرتنی ئەزموونێکی نموونەیی زانستی.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *