زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک میوانداری حەوتەمین وۆرکشۆپی نیشتیمانی دەرمانسازی تایبەت بە پێست و جوانکاری دەكات

شایان: حەوتەمین وۆرکشۆپی نیشتمانی دەرمانسازی  لەژێر ناونیشانی “پێست و جوانکاری لە دەرمانسازیدا” لەلایەن فاکەڵتی دەرمانسازی لە زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک بە هاوکاری کۆمپانیای بیۆکلین و کۆمپانیای ڕیلاستیل لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو. وتاری کردنەوەی وۆرکشۆپ لەلایەن پ. ی. د. ئیدریس هادی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشكەوە پێشکەش کرا، دەستخۆشی و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەندامانی فاکەڵتی دەرمانسازی کرد بۆ ئەو چالاکییانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەنجامیان داوە، لەگەڵ هیوای بەردەوامبوون لەم چالاکییە سودبەخشانەدا. ڕاگری فاکەڵتی دەرمانسازی، پ. ی. د. عبدالصمد باسی لە گرنگی جوانکاری پێست کرد و چۆن ئەم بابەتە گۆڕاوە بۆ یەکێک لە بوارە بەناوبانگ و سەرنجڕاکێشەکان لە لایەنی دەرمانسازیەوە، ئەمەش بۆتە هۆكار گرنگی بە بوارەکانی توێژینەوەی پەرەپێدانی فۆرمولاسیۆن و بواری توێژینەوەی دەرمانسازی لەلایەن زانایانی (پێست)ەوە بدرێت.

دکتۆر ئامینە حاجی پزیشکی پێست یەکەم سیمیناری پێشکەش کرد، تیایدا تیشکی خستە سەر چارەسەرکردنی شوێنەواری زیپکە و پەڵەی پێست. هەروەها باسی لە هەنگاوەکانی چارەسەرکردن و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی کەیسەکە کرد بە بەکارهێنانی ئامێر.

دووەم سیمینار لەلایەن دکتۆر ریم نووری، دەرمانساز پێشکەشکرا و تێڕوانینەکانی لەسەر شێوازەکانی چاودێری پێست و ڕێنماییەکان بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە. باسی لە جۆرەکانی پێست و چۆنییەتی چارەسەرکردن و رێگریکردن لە زیانەکانی تیشکی سەروو بنەوشەیی کرد و هەروەها باسی لە هۆکارەکان و تێکچوونی پێست بەهۆی تیشکی سەروو بنەوشەیی و دەرئەنجامەکانی بەکارنەهێنانی دژەخۆر و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی کردەیی کرێمەکان، کرد. رۆتینی چاودێریی پێست و چۆنییەتی بەکارهێنانی بۆ هەر جۆرە پێستێک باسکرا.

لە دانیشتنی دواتردا پ. ی. د. شەراد ڤیشت تیشکی خستە سەر بابەتی ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان لە کەرەستەی جوانکاریدا، هاوکات د. قوتەیبییە زانیارییەکی کورتی لەسەر هەر بەرهەمێک و ڕووبەری ئەو بەرهەمانە کە بەکاردەهێنرێن، خستەڕوو.

وۆرکشۆپەکە بە وتاری  د. ئەسرا تاریق سەرۆکی بەشی دەرمانسازی کۆتایی هات. پیرۆزبایی لە لیژنەی ئامادەکار کرد بۆ سەرکەوتنی وۆرکشۆپەکە بە کورتکردنەوەی تێڕوانینە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی ئەو ڕۆژە. سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ وتاردەرانی وۆرکشۆپەک و سپۆنسەرەکان دەربڕی. لە كۆتاییدا بڕوانامە بەخشرایە وتاردەران و سپۆنسەرەکان و لیژنەی ڕێکخەر، وەک ڕێزلێنان لە بەشدارییەکانیان. ئەم وۆرکشۆپە وەک سەکۆیەکی گرنگ بۆ فراوانکردنی زانیاریی لە بواری پێست و چاودێریی پێست و جوانکاریدا کاری کرد.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *