بیكۆدیان، درێژترین رێگەی شاخەوانی و جوانترین و بەرزترین گۆمی عێراق و هەرێمی كوردستان

نادر روستی

گۆمی بێكۆدیان لە زنجیرە چیای سەكران لە ناوچەی باڵەكایەتی لە پارێزگای هەولێر بە بەرزترین و جوانترین گۆم ناوی دەركردووە، بەردەوام ئاو و بەفری لێنابڕێت، بۆتە لوتكەی هیوای گەیشتنی شاخەوان و هاوڵاتیان، بۆیە رۆژانە گرووپ گرووپ، دەستە دەستە هاوڵاتی ئاسایی و شاخەوان و هەندێكجار گەشتیاری بیانیش رووی تێدەدەكەن، و بە دیداری جوانییەكەی شاد دەبن. ئێمەش توانیمان بۆ دووەم جار گەشتێك لەگەڵ گرووپی شاخەوانیی قەڵای هەولێر بۆ ئەم ناوچە جوانە بكەین. لەم گەشتەدا وەك شاخەوان و رۆژنامەنووس چەند زانیارییەك لەسەر ئەم شوێنە و گەشتی ئەم جارەمان پێشكەش بە خوێنەرانی گۆڤاری شایان دەكەین.

یەكەم رۆژی گەشت و ماسی سەلەموون

لەگەڵ گرووپی شاخەوانیی قەڵای هەولێر رێكەوتین رۆژی یەكەم گەشت بكەین بە سەیران و گەشتی ئاسایی، بۆیە بریارماندا لە دوای نیوەڕۆ لە هەولێر بەرێبكەوین و روو لە دەڤەری باڵەكایەتیی بكەین، بۆ ژەمی ئێوارەش ماسی سەلەموون بخۆین و جەستەمان بە وزەیەكی تەندروست بۆ گەشتی بەیانی ئامادە بكەین، بۆ ئەم مەبەستە روومان لە هەوارگەی مام غەریب لە چۆمان كرد، كە دەكەوێتە سەر رووباری چۆمان نزیك دەربەندی رایەت، دوای بەسەربردنی كاتێكی خۆش و ژەمێكی خۆش لە ماسی سەلەموون، روومان لە دۆڵی پڕژە كرد و خێوەتگای شەومانەوەمان رێكخست، كاتژمێر 3ی بەیانی لە پڕژەوە بۆ كانییەرەش، لەوێشەوە بۆ گۆمیی بیكۆدیان دەستمان بە گەشتی شاخەوانی كرد.

شەوی پڕژە و بەرەبیانی كانییەڕەش

بۆ شەو مانەوە چادرگەی شاخەوانیمان لە دۆڵی پڕژە لە خوار كەوییەبەفر  بەدیار ئاوی سازگاری بەفراو كە لە سەرووچاوەی پرژە شۆڕ دەبێتەوە،

هەڵدا. لە مانگی تەمووز بەدەم هاژە و بۆنی گیای بەهار لە ژێر رۆشنایی و رووناكی لایتی سەر، بەدەم گفتوگۆی هاوڕێیانەوە، شەومان بەرەو نووستن بەڕێكرد، بەڵام هەندێك هاوڕێ تا بەیانی نەنووستن. كاتژمێر 2 لەخەو هەڵساین، كاتژمێر 3 ملی ریگامان گرت و بەرەو كانییەڕەش رۆیشتین، شەو تاریك بوو، بەڵام بە رۆشنایی لایتی سەر، ریگای پڕ لە هەوراز و سەختمان بەرەو مڵەدێم (گردی شەبەكە) بڕی، لەوێشەوە روومان لە دۆڵی كانییەڕەش كرد، كاتێ گەیشتینە كانییەڕەش، تیشكی رۆژ لەسەر لوتكەی چیاكان بەدەركەوت. رێگاكە تا كانیەڕەش راستەرێ و لێژی بوو، نزیكەی 2 كاتژمیری خایاند،  پرژە و تاڤگە بەرز و جوانەكەی (كانییەرەش)، كە مەزندە دەكرێ بەرزترین تاڤگە بێت، قەڵبەزەی ئاوەكە بەچەند جارێك دێتە خوار، دوای چركاندنی چەند وێنەیەك و پشوودوان بەرەو دۆڵی كانیەڕەش سەركەوتین.

رێگەی بێكۆدیان هەوراز و ڕك و درێژە، پێویستە لەگەڵی ئارام بیت

لە دۆڵی كانییەڕەش بەرەو گۆمی بێكۆدیان بەرێكەوتین و ملمان نایە بەر ملی رێگەی پڕ لە هەوراز و سەخت، رێگاكە زۆر ناخۆش و ڕك و هەوراز بوو، بەڵام بە سیستەمی رۆیشتنی شاخەوانیی زۆر بە هێواشی دەڕۆیشتین، ناوەناوە پشووی كورتمان دەدا، لەگەڵ رۆیشتن، دیمەنی گوڵ و سەوزایی و كەویە بەفر و لوتكە چیای جۆراوجۆر بە جۆرێك سەرنج راكێشابوون، هیلاكی و ماندوبوونی لە بیر دەبردینەوە، بەدەم رۆیشتنەوە هەندێك گەنج و گرووپی هاوڵاتیان بەلاماندا تێدەپەڕین و پێشمان دەكەوتنەوە، ئێمەش پێش هەندێكیان دەكەوتینەوە، كە زۆر هیلاك و شەكەت ببوون. كاتژمێر 10 گەیشتینە سەر گۆمی بێكۆدیان و دیمەنە ناوازە و سەحراوییەكەمان بینی و ماندووبوون و هیلاكەتی لاشەمان نەما. رێگەی بیكۆدیان بە درێژترین رێگەی شاخەوانیی ناو دەبرێت، 7كاتژمێری پیویستە، نزیكەی 10كم رێگەیە، بە چوون و گەڕانەوە 13 كاتژمێر و 20كم دەبێت، بۆیە رۆیشتن و گەڕانەوە لە یەك رۆژدا زۆرێك لە شاخەوانان رووبەرووی ماسولەكە رەقبوون و وزە بڕان و پەك كەوتن دەكات، باشتر وایە كە رێگەكە بكرێت بە دوو بەش، لە ناوەڕاست شەومانەوە بكرێ و بەیانی نیوەی رێگەی دووەم تەواو بكرێ، یاخود رۆژێك بۆ گەیشتن و رۆژی دواتر بۆ گەڕانەوە بێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا پێویستە لەم رێگەیە خێرای رۆیشت كەم بكرێتەوە و هەنگاوەكان زۆر ورد و كەم مەودا بن، بۆ ئەوەی زوو هیلاك و شەكەت نەبن، هەروەها پێویستە خواردنی گران كە درەنگ دەبێ بە وزە پێش بەرێكەوتن نەخورێت، بەڵكو پێش رۆیشتن و لە رێگە بەردەوام خواردنیی سروشتیی وزەبەخشی خێرا، كەم كەم بخورێت و بخورێتەوە، وەك خورما، میوە، شەربەت، ئاو، شیرنی، بۆ ئەوەی لەش لە وشك بوون و لەدەست دانی وزە بپارێزرێت و رووبەڕووی بوورانەوە نەبێت.

جوانی دیمەنە ناوازەكەی بیكۆدیان هەموو ماندووبوونێك لە بیر دەباتەوە

بە ماندووبوونێكی زۆرەوە گەیشتینە سەر گۆمی بیكۆدیان لە بەرزایی 3150م هەندێكیش رایان وایە كە 3198م بەرزە، دیمەنەكان زۆر لەوە جوانترە كە لە وێنە دەیبینرێت، ئاوێكی سارد و سازگار و بێگەرد، تیكەڵ لەگەڵ كەویەبەفر، دەورووبەر رازاوە بە گوڵ و سەوزایی و لوتكە چیا، هەرچەند سەیر دەكەیت و رادەمێنی لە بینینیان تێر نابیت. پلەی گەرمی لە ناوچەكە 10 بۆ 15 پلەی سیلیزی تێپەڕ ناكات، تا كۆتایی مانگی هاوین بەفری لێ نابڕێت و كەوتۆتە زۆنی ناشناڵ پاركی هەڵگورد- سەكران. بەهۆی وشكە ساڵی ئاوی گۆمەكە كەمی كردووە و وەك جاران نییە، لەگەڵ ئەوەشدا جوانییەكەی لە دەست نەداوە.

ناوە ناوە مێگەڵی مەڕ و بزن لەولاوەوە بە باعە باع و ئاوازەوە دێن و تێكەڵ بەگروپی شاخەوانەكان دەبن. شاخەوانەكان تاك تاك و گروپ گروپ سەرقاڵی پشوودان و وێنەگرتن و مەلەوانیی و یەكتر ناسینن، هەندێك دێن و هەندێك دەڕۆن.

تكایە جوانی بێكۆدیان مەشێوێنن

ساڵانی رابردوو گۆمەكە زۆر نەناسرابوو بۆیە ساڵانە 100 بۆ 200 كەس سەردانی دەكرد، بەڵام ئێستا رۆژانە 200 بۆ 300 كەس تەنیا لە رۆژانی هەینی سەردانی دەكەن، هەندێك وەك گروپی شاخەوانیی و هەندێك وەك كەسی ئاسایی گەشتی بۆ دەكەن، هەندێك دوای چەند كاتژمێرێك دەگەڕینەوە و هەندێك شەوێك یان زیاتر دەمێننەوە، هەندێك پاشماوەی خواردن لەگەڵ خۆیان كۆدەكەنەوە و دێنەوە و جێیناهێڵن و رێگا نادەن ناوچەكە پیس بێت، بەڵام هەندێك كەس بە داخەوە پاشماوەكانیان لەوێ جێدەهێڵن، یان لە رێگا فڕێی دەدەن، ئەگەر هاوڵاتیان زبڵ و پاشماوەكانیان لەوێ جێبێڵن، ئەوە پاش دوو ساڵی تر كارەساتی ژینگەیی روودەدات و جوانی ناوچەكە و گۆمەكە دەشێوێت و كەسمان ناتوانین سەردانی ئەو شوێنە بكەین، بۆیە دەڵێین: تكایە پاشماوە و زبڵەكانتان لەگەڵ خۆتان بێننەوە و ناوچەكە پیس مەكەن.

بە گەشتیاریی كردنی كانیەڕەش و گۆمی بێكۆدیان

بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە سروشتی جوان و دڵرفێنی هەرێمی كوردستان وەربگرین و پەره ‌به ‌گەشتوگوزار بدەین، پێویستە ئاشنای دۆڵ و چیاكان و بەرزاییەكان بین، بۆ ئەم مەبەستە بڕیارمداوە لەگەڵ گرووپی شاخەوانان بۆ لوتكە بەرزەكان و شوێنە جوانەكان گەشت بكەم، یەكێك لەو شوێنانەی كە بینیم و زۆر بۆ گەشتوگوزار و وەبەرهێنان شیاوە، دۆڵی كانیەڕەش و گۆمی بێكۆدیانە. ئەم دوو شوێنە لەبەر ئەم هۆكارانە زۆر لەبار و شیاون بۆ پرۆژە و چالاكیی گەشتیاری: (دۆڵی كانیەڕەش رووبارێكی بچوكی پیدا دەڕوات كە سەرچاوەكەی كانیاوی ناو بەفرە، بۆیە زۆر ساردە، لەم دۆڵە بەفر ساڵانە دەمێنێتەوە، ماوەی دۆڵەكە 5كم زیاترە، دیمەنی سروشتی جوانی لییە، تاڤگەی كانیەڕەش و چەند تاڤگەیەكی دیكە جوانییەكی بێ ئەندازەیان بە ناوچەكە بەخشیوە. پلەی گەرما لەو دۆڵە لە وەرزی هاویندا لە 15 تا 20 پلەیە). لە كانیەڕەش تاكوو بێكۆدیان دیمەنی سروشتی زۆر جوان هەیە، پلەی گەرما لە هاوین زۆر نزمە، لە زستان بۆ كۆمەلێك چالاكیی شیاوە، بەڵام هەرچی بكرێ نابێ ببێتە هۆی شێواندنی سروشتی ناوچەكە، بە تایبەت گۆمی بیكۆدیان. هیچ شوێنێك لە كوردستان هێندە لە بار و شیاو نییە بۆ گەشتیاری زستانە و هاوینە، جێگای دەیان چالاكی لێدەبێتەوە، بەڵام تاكو ئێستا نە حكومەت و نە هیچ سەرمایەدارێك بیری لەم شوێنە شیاوە نەكردۆتەوە، بۆیە ئایندەی ناوچەكە لەرووی گەشتیاریییەوە، نادیارە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *