بێمانایی رۆژە جیهانی و تایبەتەکان

رۆژە تایبەتەکان بوون بە بەشێکی گرنگ و پێویست لە ژیانماندا، بە داخەوە وا پیشانمان دراوە، ڕۆژی ٨/٣ رۆژی ئافرەتان، ڕۆژی ١٨/٢ رۆژی فێرخوازان، رۆژی ١٤/٢ رۆژی خۆشەویستی، رۆژێکی تایبەت دیاریکراوە بە بۆنەیەکەوە وەکو ئەوەی کە لەسەر هەموومان بێت یادی بکەینەوە و دیاری بکڕین و دۆست و هاوڕێکانمان لە بیر بێت. هەندێك جاریش کاتێك دیاری ناکڕین یان یادی کەسێکی ئازیزمان ناکەینەوە، وا هەست ئەکەن کە ئەوانمان لەبیر کردووە، بەڵام بێگومان ئەمە هەڵە تێگەشتنێکی گەورەیە. لە چەند سەدەی ڕابردوودا رۆژی جیهانیی و بۆنەی تایبەت دانراوە بە یادێك و تایبەت کراوە، بێگومان هەمووشیان خراپ نین و رەنگە هەندێکیان پێویست بن و وەکو بیرخەرەوەیەك بێت بۆ ئێمە، بەڵام سەیرەكە ئەوەیە کە هەندێك بۆنە و رۆژی تایبەتی تەنها وەکو ئەو رۆژە سەیر ئەکرێ و تەنها ئەبێ لەو رۆژەدا لە یادمان بێت، وەکو رۆژی خۆشەویستی، نامەوێ باسی مێژووەکەی یان راستی دینیی بکەم، ئەمە بابەتێکی تر و قووڵە، بەڵام جوانترین سیفەت و تایبەتمەندییەکانی ژیان خۆشەویستییە، بێگوومانیش خۆشەویستی تەنها بەرامبەر دوو رەگەزی جیاواز لە یەك نیە و زۆر فراوانترە، كەچی خەریکە وای لێبێت کە خۆشەویستی تەنها لە ۆژێکدا دەرببڕدرێت، لەکاتێکدا لەم سەردەمەی ئێستا زیاتر لە هەر کاتێك پێویستیمان بە خۆشەویستی و سۆز هەیە، بە بۆچوونی من باش نیە کە تەنها ڕۆژێك تایبەت بکرێت بە خۆشەویستی، چونکە ئەگەر دوو کەس یەکیان خۆشبوێت، دەربڕینی خۆشەویستییان بۆ یەکتر پێویستە لە رەفتاریاندا ڕەنگبداتەوە نەك تەنها گوڵێك یان ورچێکی سوور! خۆشەویستی زۆر لەوە فراوانترە کە بیرمان لێکردۆتەوە، بۆ نموونە خۆشویستنی ژینگە، کە بە داخێکی زۆرەوە هەموو وەرزی بەهارێك بەتایبەتی زۆربەی سەیرانگاکان ناشرین ئەبن بەهۆی زبڵ و خاشاکەوە، ئەگەر کەسێك خۆشەویستی بۆ ژینگەکەی هەبێت، بێگوومان کاغەزەکەی بەجێ ناهێڵێت یان جگەرەکەی بە هەڵکراوەیی بە جێناهێڵێت، کە دواتر ئەبێتە هۆی سووتانی دارستانەکان و دواتریش حوکمەت تاوانبار ئەکەین! ئەگەر هەستی خۆشەویستیمان هەبوایە بەرامبەر یەکتر و بەها مرۆییەکان لەبەرچاوبگرین، دڵنیام فێڵکردن و درۆکردن لەگەڵ یەکتر بە ڕێژەیەکی باش کەمی دەکرد. خۆشویستنی سروشت وەكو ئاژەڵ و درەختەکان کە زۆرترین سوودیان بۆمان هەیە، ئەویش یەكێكە لە بابەتە گرنگەكانی خۆشەویستی، زۆر جار بەزەییمان بە ئاژەڵێکدا نایەتەوە و ئازاری ئەدەین هەر لە سەگ و پشیلەیەکی سەر شەقامەوە هەتا راوکردنە قەدەغەکراوەکان و بازرگانیکردن بە پێست ئەندامەكانی تری لەشیانەوە بە شێوەیەکی نا ئاسایی و نا یاسایی. بەڕاستی بابەتی خۆشەویستی زۆر هەڵدەگرێت و بە چەند دێڕێك کۆتایی نایەت. یەکێکی تر لەو ڕۆژە بێمانایانەی کە هەیە ڕۆژی فێرخوازانە، باشە ئەگەر ئێمە بەدرێژایی ساڵ رێزمان لە فێرخوازێك نەگرت کە شەو و ڕۆژ ئەخوێنێت و هەوڵ بۆ داهاتووی ئەدات، بەو رۆژە چی لە بابەتەكە دەگۆڕێت؟ رۆژانە هەواڵی خۆکوشتنی فێرخواز ئەبیستین بەهۆی نەهێنانی نمرەیەك یان زەختی زۆری خێزان، لە جیاتی ئەوەی یادیان بکەینەوە، پێویستە لێیان تێبگەین و بەلایەنی کەمەوە ئەبێ هەفتانە لەگەڵ یان بە شێوازی گرووپ یان تاك گفتوگۆیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە فێرخوازان چرای وڵاتن، ئەگەر بمانەوێ وڵاتەکەمان بە زانست بەرەوپێش ببەین، سەرەتا ئەبێ هاوکار و خەمخۆری فێرخوازەکانمان ببین. بەداخەوە یەکێکی تر لە رۆژە بێ ماناکان رۆژی جیهانی ئافرەتانە، من هەتا سەر ئێسقان بەرگریكار و پشتگیری ئافرەتەکانمانم، بەڵام زۆرینەی ئافرەتەکان رۆژانە و بە بەردەوامی رووبەڕووی تووندوتیژی ئەبنەوە، چ لەلایەن خێزانەكانیانەوە بێت، یان لەلایەن كەسانی تر، لەجیاتی ئەوەی ڕێکخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی ئافرەتان لەو یادەدا بابەتی رووبەرووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان زەق بكەنەوە، با بێن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و پێش لە رووداوەكان بگرن، چونكە وای لێ هاتووە هیچ نەبێت هەفتەی جارێك گوێبیستی كوشتنی ئافرەتێك دەبین.كۆمەڵگەی ئێمە تووشی تەكانێكی سەیری پێشكەوتن بوو، ئەو پێشكەوتنە وایكرد كۆمەڵگە ببێتە دوو بەش، یەكێكیان لەگەڵی بوو، ئەوی تر لە دژی. بەداخەوە ئەوانەی لەگەڵی بوون بە دەگمەن لەو پێشكەوتنە تێگەیشتبوون، بۆیە رووبەرووی توندوتیژیی دەبوونەوە لەناو خێزانەكانیان، چونكە ئەو خێزانانە لەگەڵ پێشكەوتنەكە نەبوون و نەیانتوانیوە درك بە گۆڕانكارییەكانی ئەو پێشكەوتنە بكەن، بۆیە رۆڵی هەرە گەورەی ئەو رێكخراوانە چاودێریكردنی خێزانەكان بوو بە كردنەوەی خولی رۆشنبیری و تێگەیاندنیان بەو پێشكەوتنانەی كە لە وڵاتدا دروست بوون، بۆ ئەوەی خێزانەكان تووشی ئەو رووبەرووبوونەوە عەقڵییە نەبن، و بۆ ئەوەی چیدی ئافرەت نەبێتە قوربانی خێزان و كۆمەڵگە. کۆتایی قسەم ئەوەیە، ئەگەر کەسێك ٣٦٤ رۆژ خۆشەویست و فێرخواز  و ئافرەتی لە بیر نەبێ، ئەوا با لەو رۆژە تایبەتەشدا ناتوانێ وەكو پێویست كاری باش پێشكەش بكات.

شنیا محەمەد غەنی

قۆناغی یەکەم

بەشی شیکاری نەخۆشییەکان – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *