بەختەوەری

پێناسەی بەختەوەری چییە؟ ئێستا لەوانەیە بیر بکەیتەوە بپرسی ئایە بەختەوەری چییە؟ ئەگەر لێت بپرسم مردن چییە؟ ئاسانە لەلات دەڵێیت دەرچوونی ڕۆحە لە جەستە، و هەموو شتێك کە هەیە دەتوانی بە سانای پێناسەی بکەیت، بەڵام ئەگەر لێتم پرسی بەختەوەری چییە؟ ئاستەنگ دەدۆزیتەوە لە پێناسەکردنی بەختەوەری, لەبەر ئەوەی بەختەوەری تەنها نەبەستراوەتەوە بە جەستەوە، بەڵکو بە ڕوحیشەوە بەندە. بەختەوەری تەنها شتێکی جەستەیی نییە. بۆ نموونە ئەگەر نانم خوارد، جلێکی نوێم کڕی مۆبایلێکم کڕی بەختەوەر و دڵخۆش دەبم پێی، و هەروەها لەلایەنی ڕوحییەوەش بەختەوەری خۆی هەیە، بەختەوەری بریتییە لە هاوسەنگی نێوان بەختەوەری جەستە و ڕوح و هەروەها بریتییە لەهەڵبژاردنی ئەوشتانەی کە خۆشی لێ دەبینیت کە نابێتە هۆی زیان بۆ خۆت و بۆ هیچ کەسێك، وا دەکات بەرەو پێش بچیت لەلایەنی ڕوحی و جەستەیی و کۆمەڵایەتییەوە. دەبێت هاوسەنگیی بکەین لە نێوان پێویستییەکانی جەستە وەك (خواردن و خواردنەوە و ماڵ و منداڵ وتەندروستی…) و پێویستییەکانی ڕۆح وەك (بەندایەتی خوا و ئاشتی و ئارامی…) هەر کاتێک ئەم هاوسەنگییە لە نێوان جەستە و ڕوحدا دروستبوو، وات لێ دەکات کە لەسەر هێڵێکی ڕاست بڕۆییت، ئەگەر بەختەوەری جەستە خوار بوو ئەوا ئەو هاوسەنگییە لەدەست دەدەیت و بەختەوەر نابیت، و ئەگەر لەلایەنی ڕوحییەوەش بەتاڵ بوویت بەهەمان شێوە زیان دەگەیەنێت بە لایەنی جەستەوە، و هەروەها خۆشبەختی بەوەش پێناسەدەکرێت کە شتێکە ئێمە نیمانە و لێمان کەمە، دەوڵەمەند بەختەوەری دەبینێت لە ئاسوودەیی دەروون، هەژار بەختەوەری دەبینێت لە پارە وسەروەت و سامان، نەخۆش بەختەوەری دەبینێت لە تەندروستییەکی باش و ساغ، سینگل بەختەوەری دەبینێت لە هاوسەر، هاوسەردار بەختەوەری دەبینێت لە منداڵ، بۆیە پێناسەکردنی بەختەوەری سەختە ئێمە بەگریان هاتووینەتە دونیاوە و بە گریانیش لەسەرمان کۆتایی دێت، بۆیە دەپرسین، بەختەوەری لەکوێدایە؟

ئێمە تەنها نواندنی بەختەوەری دەکەین لەسەر شانۆی لەبیرچوون، ئینجا بە ماڵ و سامان یان بە زانست یان بەئایین، هەروەها لە ئایین هیچ بەختەوەرییەك پەیوەست نەکراوە بە ژیان و دونیا، بەڵام باسی لە بەهەشت باس كراوە، بەڵام ئەوەی لە ژیانی دونیا باسکراوە وەك (ئارامی، ڕازیبوون، ژیانێکی چاك و هتد..). هەر بۆیە ئەگەر ویستمان پێناسەی بەختەوەری بکەین پێناسەیەکی دژ یەک دەدۆزینەوە لەلایەن خەڵکی، و لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام خوێنەری خۆشەویست گەورەترین و گرینگترین پێناسەی بەختەوەری بریتییە لە دڵپاکی( دڵ سافی)، ئەو کەسەی کە ڕق و كینە و بەغیلی لە دڵدا هەڵگرتووە، هەرگیز  لە مانای بەختەوەری تێناگات، ئەگەر یەکێک ببینێ شتێکی هەیە و بەختەوەرە، ئەوا ئەو دڵی ئاگر دەگرێت، و ئەگەر بینی کە خۆشەویست و پەسەند نییە لەلای خەڵکی لە کاتێکدا باشترینی خۆیدایە ئەوا دڵی دەمرێت و دەشکێت، و ئەگەر کەسێکی بینی کە ڕقی لێیەتی لێدانی دڵی زیاد دەکات، بۆیە گەورەترین جۆری بەختەوەری دڵ سافییە، و هەروەها قەبووڵکردنی ئەو واقیعەیە کە تێیدایت و ڕازیبوون پێی و تەماشانەکردنی کەسانی لە ئاستی خۆت بەرزترە. بەختەوەری مەبەستەوە بەشتێکی کاتی، مەیبەستەوە بە تاکە شتێک، چونكە هەر شتێک کە مانای بەختەوەری دەدات لەلات و پێی گەیشتی هەر تەنها ماوەیەکە و پاشان لێی بێزار دەبیت، بۆیە با هەوڵەکانت تەنها بۆ شتی جەستەیی نەبێت، بەڵکو لایەنی دەروونی و ڕۆحی خۆشتبەختەوەر بکە، هەردووکیان جەستە و ڕوح دوانەیەکی لێکدانەبڕاون تا لەژیان دایت.

عومەر نەجمەدین محەمەد

قۆناغی پێنجەم

بەشی دەرمانسازی – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *