شایان: رۆژی 3ی مارس 2021 راهێنه‌رانی سكۆلاس، هه‌ر یه‌ك له د. ماریۆ دیل فێرمی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزش له سكۆلاس و مانویل دیزا مامۆستای نێوده‌وڵه‌تی له سكۆلاس، له هۆڵی سیمیناری زانكۆی نێوده‌وڵه‌تیی تیشك (TIU) له ته‌لاری فێركردن، وۆرك شۆپێكیان به‌ڕێوه برد
ئامانج له كردنه‌وه‌ی وۆرك شۆپه‌كه‌ی راهێنه‌رانی سكۆلاس پێشكه‌شكردنی زانیاریی ورد بوو له‌باره‌ی ئه‌رك و چالاكیی سكۆلاسه‌وه
ئه‌م چالاكییه به وته‌یه‌كی به‌خێرهێنان له لایه‌ن د. ئه‌حمه‌د ئۆزتاش به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی له زانكۆ ده‌ستی پێ كرد، پاشان وتاری كردنه‌وه‌ی وۆرك شۆپه‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد
له یه‌كه‌مین دانیشتن‌دا د. ماریۆ دیل فێرمی به زمانی ئیتالی له‌باره‌ی ئه‌رك و كاری سكۆلاسه‌وه قسه‌ی كرد، كه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر كولتووری پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن و هاندانی خه‌ڵك بۆ دروستكردنی رایه‌ڵی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی و كۆكردنه‌وه‌ی لاوان له بواری فێركردن، هه‌موو ئه‌مانه‌ش یه‌كگرتوویی نێوان خه‌ڵك به‌تین ده‌كات و به‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌ییدا زاڵ ده‌بێت. د. قه‌یسه‌ر مه‌هدی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری، ئه‌ركی وه‌رگێڕانی بابه‌ته‌كه‌ی گرته ئه‌ستۆ
له دووه‌مین دانیشتن‌دا، مانویل دیزا بابه‌ته‌كه‌ی د. ماریۆی سه‌ره‌تا به زمانی ئینگلیزی بۆ به‌شداران چڕ كرده‌وه، پاشان داوای لێ كردن بیر له ناوه‌ڕۆكی بكه‌نه‌وه و پرسیار بكه‌ن. دواتر له بڕگه‌ی دووه‌می وۆرك شۆپه‌كه‌یدا دكتۆر ماریۆ درێژه‌ی به بابه‌ته‌كه‌ی دا له‌باره‌ی چالاكیی سكۆلاس بۆ هاندانی گه‌نجان به ئامانجی دروستكردنی رایه‌ڵی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك له سه‌رانسه‌ری جیهاندا
له هه‌ردوو به‌شی وۆرك شۆپه‌كه‌دا 26 خوێندكار (16 كوڕ و 10 كچ) و كۆمه‌ڵێك فه‌رمانبه‌ری زانكۆ به‌شدار بوون. تیمی سكۆلاس خۆشحاڵ بوون كه به‌شدارانی وۆرك شۆپه‌كه چالاكانه پرسیاریان ده‌كرد و بیر و بۆچوونی خۆیان ده‌خسته روو، به‌ڵێنیشیان دا به‌ده‌م خواستی قوتابیانی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تیی تیشكه‌وه بێن و له داهاتووشدا چالاكیی دیكه‌یان پێشكه‌ش بكه‌ن