دوو ڕوو

 

تێڕوانینی كەسەكان بۆ هەر بابەت و پرسێكی ژیان، بەپێی بیروباوەڕ و دیدی كەسەكان و بەپێی ئاستی رۆچوون و قووڵبوونەوەیان بۆ ئەو پرس و بابەتە دەگۆڕێت، كاتێ پرسێك بابەتێك رووداوێك دێتە ئارا، هەریەكەو لە جێی خۆیەوە شرۆڤەی تایبەتی خۆیی بۆی دەبێت، كەسانێك بە باش دەیبینن و كەسانێكیش بە خراپ.. كەسانێك بە راست و كەسانێكیش بە هەڵە.. كەسانێك بە دادپەروەرانە و كەسانێكیش بە نادادپەروەرانە دەیبینن. تا ئێرە ئاساییە، لێ ئەوەی نائاساییە ئەوەیە كە مرۆڤ بێ بیركردنەوە و شرۆڤەی ورد، بڕیاری پێشوەختەی لەسەر بابەتەكە هەبێت و تووشی دەردی پێشداوەری بێت، ئەوە نائاساییە كە مرۆڤ بێ رۆچوون و قووڵبوونەوە لە بابەتەكە، نائاگایانە و رووكەشانە بڕیار بدات یان لە پرسەكە بڕوانێت، جا بەداخەوە لەنێو كۆمەڵگەی كوردستانییدا لەم حاڵەتە نائاساییانەمان زۆرن، كارەساتیش لەوەدایە كە ئەو كەسانەی بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر بابەتەكان هەیە یان رووكەشانە و ساویلكانە لە پرسە جیاوازەكان دەڕوانن و بڕیار دەدەن، خۆیان بە راست دەزانن!

دەڵێن جارێك بانگخوازێكی ئایینی وتاری بۆ نوێژخوێنان دەدا، لەنێو وتارەكەیدا بە گوێگرانی گوت: پرسیارێكتان لێ دەكەم، هیوادارم هەریەكەتان لە جێی خۆیەوە وەڵامم بدەنەوە.

هەموو هاواریان كرد: فەرموو مامۆستا پرسیارەكەت بكە.

بانگخوازەكە گوتی: دوو كەسمان هەیە، یەكێكیان لەنێو مزگەوتێكدا دڵی لە لێدان كەوت و گیانی لەدەست دا، دووەمیان لەنێو یانەی شەوانەدا گیانی لەدەست دا كە سەما و خواردنەوەی كحوول و هەموو فسق و فجوورێكی تیا دەگوزەرا، ئێستا دەمەوێ پێم بڵێن: ئایا ئەم دوو كەسە كامیان دەچێتە دۆزەخەوە و كامیان بەهەشتی بەنسیب دەبێ؟

نوێژخوێنان و گوێگران یەكە یەكە وەڵامی وتاربێژەكەیان دایەوە و هەر هەموویان گوتیان: مامۆستا جا كەی ئەوە پرسیارە! بێگومان ئەوەی لە مزگەوت و ماڵی خوادا بمرێت، یەكەوڕاست دەچێتە بەهەشتەوە و ئەوەیشی كە لەنێو خانەی فسق و فجووردا بمرێت، ئاگری دۆزەخی بەنسیب دەبێ!

بانگخوازەكە پڕ بەگەروو دایە قاقای پێكەنین و سەرێكی بادا و گوتی: ئاخر كێشەی ئێوە ئەوەیە، رووكەشانە و ساویلكانە بڕیار دەدەن، بەبێ ئەوەی بپرسن و لێی بكۆڵنەوە پشیوەختە بڕیاری خۆتان داوە كە كێ دەچێتە بەهەشەتەوە و كێ دەچێتە دۆزەخەوە!

هەموو گوێگران لە شوێنی خۆیانەوە هاواریان كرد: ئێ بێگومان وایە!

بانگخواز دیسان بە پێكەنین و سەربادانەوە گوتی: نەخێر وا نیە، با من راستیی رووداوەكانتان پێ بڵێم ئەوكات بڕیار بدەن، بۆ زانیاریتان، ئەو برادەرەی چووبوو بۆ مزگەوت و لەوێ گیانی لەدەست دابوو، نەچووبوو بۆ نوێژ، بەڵكو چووبوو پێڵاوی نوێژخوێنان بدزێت، ئەو كەسەش كە چووبوو بۆ خانەی شەوانەكە و لەوێ گیانی لەدەست دابوو، نەچووبوو بۆ فسق و فجوور، بەڵكو چووبوو ئامۆژگاریی ئەو كەسانە بكات كە لەوێن، بەو هیوایەی بیانهێنێتە سەر رێگەی راست.

بۆیە تكاتان لێ دەكەم، رووكەشانە لە هیچ بابەتێك مەڕوانن و خۆتان لە بڕیاری پێشوەختە رزگار بكەن.

هەر پێوەند بەم كێشە كۆمەڵایەتییە، دوو نموونەی دیكەتان بۆ دەهێنمەوە:

(1)

ژنێكی هاوڕێم هەیە، تەمەنی دەوروبەری چل ساڵە، فەرمانبەرە، خاوەنی پارە و موڵكی خۆیەتی، لە دوای نزیكەی بیست ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری و خستنەوەی چەند منداڵێك، داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی دەكات. هاوسەری ژنەكە وەك دەردەكەوێ پیاوێكی ماقووڵی ناو كۆمەڵگەكەیەتی، ئەوەی بە رووكەش لێی دەبینرێت كەسێكی قسەخۆش و دڵپاك و رێكوپێكە لەگەڵ هەموان، تەنانەت ژنەكەشی هیچ كات لەبەرچاوی كەس گلەیی لێ نەكردووە، هیچ كات نە لەبەرچاوی منداڵەكانیان و نە لە بەرچاوی كەسێك بووەتە شەڕیان، بە پێچەوانەوە ئەوپەڕی رێزیان لە یەكتری گرتووە، بەڵكوو هەندێك جار ژنەكە ئەگەر هەستی بكردایە كردارێكی نەشیاو بەرامبەر بە هاوسەرەكەی دەكرێت، دڵی دایك و كەسوكارەكەی خۆی دەڕەنجاند، بەردەوام لەبەردەم هەمواندا خۆشەویستییان دەگۆڕییەوە، بە ”ئازیزەكەم و خۆشەویستەكەم“ بانگی یەكترییان دەكرد، بە رووكەش بووبوون بە نموونەیەكی زۆر جوان و باڵای خێزان.. كەواتە بۆچی ئەو ژنە داوای جیابوونەوەی كرد؟

وەك هاوڕێكەم بۆی گێرامەوە، لەپای ئەو داوایەی لەلایەن خێزانەكەیەوە رووبەڕووی خراپترین مامەڵە بووەوە، هەموان گلەییان لێ كرد، پێیان دەگوت: ”ئەو پیاوە هیچ عەیبێكی نەبوو، تۆ لەبەر خاتری ئەو، دڵی ئێمەت دەڕەنجاند، دیارە شتێكت هەیە بۆیە وا دەكەیت، ئەگەر نا تۆ تێكچوویت بۆیە واز لەو پیاوە دەهێنیت؟“

كەسوكاری پیاوەكەش بە هەمان شێوە خراپترین مامەڵەیان لەگەڵ ئەو ژنەدا كرد، هەستیان دەكرد بووكەكەیان غەدری لە كوڕەكەیان كردووە، چونكە ئەوان كوڕەكەیان وەكوو (فریشتە) دەبینی و دەشیانبینی كە ژنەكە چەند خۆشەویستی و رێزی بۆ دەنواند، نەك تەنیا لە هاوسەرەكەی، بەڵكو رێزی لە گەورە و بچووكی كەسوكاری هاوسەرەكەی دەگرت!

بێگومان ئێستا لەلای ئێوەش پرسیار و گومان دروست بوو، ئایا ژنەكەی هاوڕێم هەڵەیە كە داوای جیابوونەوە لەو پیاوە باشە دەكات؟ یان هەڵەی پیاوەكەیە كە ئەو ژنە پاش ئەو هەموو خۆشەویستییە وای لێ هاتووە داوای تەڵاق دەكات؟ ئەگەر ژنەكە داوای جیابوونەوەی كردبێت دوو ئەگەر هەیە، یان ئەوەیە پیاوەكە خیانەتی لێ كردووە، یاخود ژنەكە بەلاڕێدا چووە! ئەگەر پیاو داوای جیابوونەوە بكات، ئەگەرەكان زۆرن، لەوانەیە ژنەكە بەلاڕێدا چووبێت، یان ژنێكی پەڕپووت و پیس و پۆخڵە، یاخود ژنێكی هار و بێزاركەرە! یان ئەو ژنە رێز لە پیاوەكەی و كەسوكاری پیاوەكەی ناگرێت، یان دایكێكی باش نیە بۆ منداڵەكان، یان خانمێكی باش نیە بۆ ماڵ، یاخود ناشرینە و پیاوەكە لێی بێزار بووە (تیبینی: لە كۆمەڵگەی كوردەوارییدا بێزاربوونی پیاو لە ژن بە رەوا دەبینرێ، بەڵام بێزاربوونی ژن لە پیاو بە رەوا تەماشا ناكرێت!)

خوڵاسەی كەلام ئەوەیە، كەس نازانێ هۆكاری راستەقینەی ئەو مەیلی جیابوونەوەیە لای ژنەكە چییە! هەموان بە رووكەش سەیری پەیوەندییەكەیان كردووە و پێیانوایە ئەم پەیوەندییە هیچ كێشەی تێدا نیە! بۆیە هەموویان بڕیاریان داوە كە ژنەكە هەڵەیە كە داوا دەكات واز لەو ژیانە خۆش و ئارامە خێزانیە! بهێنێت، پێشوەختە بڕیاریان داوە كە ئەگەر كێشەیەك هەبێت ئەوە لە خراپەی ژنەكەیە و پیاوەكە هیچ عەیبی نیە!

(2)

زۆر جار لە شوێنی كاركردندا رووبەڕووی كێشەی جۆراوجۆر دەبینەوە، یاخود خەڵكانێك دەكەونە كێشەوە، ئێمەش دەبینە تەماشاكار و دادوەر! لەم رۆژانەدا من كەوتمە نێوان دوو كۆمەڵەی ناو ئیشەكەمەوە، ئەو دوو كۆمەڵەیە لەسەر بابەتێك بوو بە مشتومڕ و دڵگرانییان، ئەوەی راستی بێت ئاگام لە بەشێكی بابەتەكە بوو كە ماوەیەك بوو پێم گوترابوو، بەشی دووەمی بابەتەكە نەمدەزانی چییە و هیچ زانیارییەكم لەبارەیەوە نەبوو. كاتێكم زانی بوو بە دەنگە دەنگ و گفتوگۆیەكی زۆر توند و سەیر، منیش لەو كاتەدا پەیوەندییەكی تەلەفونییم لەگەڵدا بوو، ئیتر نەچوومە ناو بابەتەكەیانەوە و لە دوورەوە بووم بە تەماشاكار، چونكە نەمدەزانی ئەو بابەتەیە كە نیوەی لێ دەزانم، پاش ئەوەی هەر یەكەیان چووەوە بۆ سەر كورسییەكەی خۆی، پەیوەندییەكەم كۆتایی پێ هێنا، چوومە لای بەتەمەنترینیان و پرسیم ئەوە چی بوو؟ ئەویش ئەوەندە تووڕە بووبوو رووخساری وەك تەماتە سوور هەڵگەڕابوو، هیچی نەگوت، یەكێكی تر كە خێزانی ئەو بەتەمەنترینە بوو گوتی: ”هیچ نیە لێك تێنەگەیشتنێك رووی داوە“ ئیتر چوومەوە جێگاكەی خۆم. پاش كەمێك ئەو برادەرە سوورەوەبووە هاتە جێگاكەی خۆی كە لەتەنیشت منەوەیە و یەكسەر دەستی بە قسەكردن و گلەیی كرد، هەموو بابەتەكەی باس كرد، ئەوەی راستی بێت كە گوێم لە بابەتەكەی گرت لە دڵی خۆمدا (حەق)م پێ دا، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو كات بڕوام بەوە هەبووە كە هەموو پرسێك چەند روویەكی هەیە، تەنیا هەوڵم دا هێوری بكەمەوە و تێی بگەیەنم كە ئەو لە هەموان بەتەمەنترە و پێویستە دانایانەتر گفتوگۆ لەبارەی پرسەكانەوە بكات.

لە كۆتاییدا دەمەوێت ئەو وتە جوانەی مەولانای رۆمی دووپات بكەمەوە كە دەڵێ: ”حەقیقەت ئاوێنەیەك بوو كەوتە خوارەوە و شكا، هەریەكە و پارچەیەكی لێ هەڵگرتەوە“ واتە هەموو حەقیقەت (راستی) لای یەك كەس نیە، بەڵكو هەریەكە لە ئێمە بەشێكی لایە، بۆیە مەرج نیە ئەوەی تۆ بە (راست) دەیبینیت راست بێت، مەرجیش نیە ئەوەی تۆ بە (هەڵە)ی دەبینیت هەڵە بێت، بەڵام مەرجە لە جێی خۆتەوە بە بڕیاری پێشوەختەوە نەبیتە دادوەر و رووكەشانە بڕیار لەسەر كەسەكان و پرسەكان نەدەیت. عەرەب دەڵێت: “كما تَدِينُ تُدان” واتا چۆن كەسانێك تاوانبار دەكەیت، رۆژێكیش دێت تۆ تاوانبار بكرێیت و ئەوكات پەشیمانی دادت نادات.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *