دەربارەی سۆێند خواردن لەبەردەم دادگادا

یاسا بە یەکێک لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت، واتا ناکرێت و ناتوانرێت یاسا لە لقەکانی تری زانستە کۆمەڵایەتییەکان جیا بکرێتەوە، چونکە چەقی لێکۆڵینەوە و گرنگیدانی هەموو ئەو زانستانە، مرۆڤە و مرۆڤیش ئەو گیانەوەریە کە تاکو ئێستا نەتوانراوە هەموو نهێنیەکانی بزانرێت، واتا زانستە مرۆڤایەتییەکان جییان لە زانستە سروشتیەکان، کەوا بنەمای نەگۆڕیان هەبێت، و بەڵگەش شکستی هەوڵەکەی بیرمەند (هانز کلزن) بوو لە پاککردنەوەی یاسا لە زانستەکانی دیكە لەژێر ناونیشانی (تیۆری پاکی یاسا).

بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کەوا بوار بۆ دەرپەڕاندنی هەندێ بابەتی زانستیی تر لە نێو زانستی یاسادا نەبێت، و پەیتا پەیتا یاسا ببێتە زانستێکی متکاملی تەواو سەربەخۆ.

لێرەدا دەمەوێت یەکێک لەو پرسانە بوروژێنم وگفتوگۆی لە بارەوە بکەین:

چ پەیوەندییەک لە نێوان سوێند خواردن و زانستی یاسادا هەیە؟. واتا بۆ نمونە، شاهێدێک بۆ دادگا بانگ دەکرێت تا شاهێدییەکەی بدات، پێش وەختە دادوەر سوێندی دەدات، بەڵام با کەمێک بیری لێبکەینەوە، ئەگەر شاهێدەکە لە ناخی خۆی بڕیاری دابێت بە ڕاستگۆیی شاهێدیەکەی بدات، ئەم سوێندخواردنەی چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ چونکە ئەو پێشتر بڕیاری خۆی داوە ڕاستگۆ بێت، بەڵام ئەگەر شاهێدەکە لەلای خۆی بڕیاری دابێت ڕاستگۆ نەبێت، و کەسێکی نابڕوادار بێت بەو پیرۆزییەی سوێندی پێ دەخوات، کەواتە سۆێند خواردن وسۆێند نەخواردن یەکسانە.

وئەگەر یەکێک پێم بڵێت: ئەو سوێند خواردنە بۆ ئەوەیە تا دواتر دادگا بتوانێت سزای بدات لەسەر (شەهادەی زوور)، خۆ دادگا هەر دەتوانێت سزای بدات هەتاکو ئەگەر شاهێدەکە سۆێندیشی نەخواردبێت.

کەواتە: ئەم سوێند خواردنە چ سوودێکی بۆ زانستی یاسا هەیە؟ و بۆچی لە نێو یاسادا دانراوە؟ لە وڵامدا دەڵێم: ئەو سوێندخواردنە بابەتێکی ئاینییە هاتۆتە نێو یاساوە، و یاساناسانیش دەزانن ڕێسای یاسایی لە ڕێسای ئاینی جودایە، و پێویست بە شیکردنەوە ناکات. ئەم بابەتەی ئێستا باسم کرد، بۆ هەموو سوێند خواردنەکان جێبەجێ دەكرێت، لە دادگا، لە پەرلەمان، لە حکومەت، لە پیشە... هتد.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *