ستەم نامه (التظلم)

 

داوای یاسایی هەڵوەشاندنەوە، یەکێکە لەو جۆرە داواکارییە کارگێڕییانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری کارگێڕییەوە بۆ دڵنیابوون لە پرەنسیپی یاساییبوون لەبەرچاو دەگیرێت، و بەو پێیەی یاساکان پێناسەیەکی ڕوونیان بۆ داواکاریی هەڵوەشاندنەوە تێدا نەبووە، بەڵام ئەم یاسایانە سنووردار بوون بە ئاماژەدان بەوەی کە چی دەچێتە چوارچێوەی کارامەیی دەسەڵاتی دادوەری کارگێڕیی، و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەری کارگێڕی دەكرێ، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بنەمایە بزانرێت مەبەست لە داوای یاسایی هەڵوەشاندنەوە چییە؟ هەندێک لە دادوەرانی کارگێڕیی بەم شێوەیە پێناسەیان کردووە (سکاڵای یاسایی کە تۆمارکراوە بۆ داوای هەڵوەشاندنەوە یان جێبەجێکردنی بڕیارێکی کارگێڕی کە پێشێلی یاسا دەکات).بۆیە لە نووسراوە فەرمییەکان لەکاتی نووسین، لە ناو کەوانێكدا زمانی عەرەبی دەنووسرێت، پاش گەڕان و توێژینەوەیەكی زۆر، دەستەواژەی (ستەم نامە)م لە بەرامبەر دەستەواژەی(التظلم) بە گونجاو زانی.

دادگایی کارگێری (المحكمة الادارية)

          ستەم نامه (التظلم)

پێناسه :

                                                                                                 

ستەم نامه ئەو داوایەیه که کەسێک دەیخاته بەردەم دەسەلاتی كارگێڕی (الادارة) بۆ روون كردنەوەی بێ تاوانی خۆی لەوبڕیارە ئیدارییەی که دەسەلات دەریکردوه و داوای پاشگەزبوونەوە له بریارەکە دەكات، لەبەر نەگونجانی لەگەڵ بنەماکانی  مەشروعیەت. بۆیه ستەم نامه (التظلم) به یەکەم هەنگاوى تۆمارکردنى داواى هەڵوەشاندنەوه (دعوى الالغاء) لەبەردەم دادگاى کارگێری هەژماردەکریت. بەپێی یاساى ئەنجومەنی شوراى هەریم ژماره 14 سالی 2008 كە له ماددە (17)دا هاتووە (ئەو کەسەى که نارازیه یاخود زەرەرمەنده له هەر بریارێکى کارگێری که لەلایەن فەرمانبەران یان فەرمانگەکان یان دەستەکانی حکومەتی هەرێم دەردەچن، پابەند کردوه که بەر له تۆمارکردنی داواى هەڵوەشاندنەوه لەبەردەم دادگاى کارگێری، دەبێت ستەم نامەیەک (تظلم) پیشکەش بەو لایەنە بکات که بریاره کارگێریەکەى دەرکردوه، و دەبێت ئەو لایەنە کارگێڕییه که ستەم نامەکەکەى پێشکەشکراوه له ماوەى (15) رۆژدا، له رۆژى تۆمارکردنی ستەم نامەکه له تۆماری هاتوو، وەڵامی ستەم لێکراو بداتەوه به قبولکردنى داواکاریەکەى یاخود رەتکردنەوەى.

ئەگەر داواکارییەکه رەتکرایەوه و قبوڵ نەکرا یاخود دەسەڵات (الادارة) لە ماوەی (15) رۆژدا وەڵامی نەدایەوە، ئەوا ستەم لێكراو بۆى هەیه لەبەردەم دادگاى کارگێری له ماوەى (30) سی رۆژ له دواى کۆتایى هاتنى ئەو (15) رۆژهی که وەک مۆڵەت درابوو، داوا  تومار بکات هەروەک له سەرەوه ئاماژەمان پێکرد، بەپێچەوانەوە، ئەگەر لەو ماوەیهدا ستەم لێکراو (المتظلم) داواى تۆمارنەکرد، ئەوا مافی تۆمارکردنی داواى نامێنێت و ئەو بڕیارەى کە دەرچووه پلەى بنبڕ و کۆتایى وەردەگرێت، و هەڵناوەشێتەوه .

مەرجەکانی ستەم نامه (التظلم) :

 ـ ئەو ستەم نامەیەى که ستەم لێکراو پێشکەشى دەسەڵاتی دەکات، چەند مەرجێکی هەیه كە دەبێت ستەم لێکراو (المتظلم) رەچاویان بکات، چونکه رەچاونەکردنی هەریەکێکیان، دەبێتە هۆکاری قبوڵ نەکردنی داواکەى لەبەردەم دادگاى کارگێری، و رەتکردنەوەى لەرووى شێوازەوه:

1 ـ  بەر له تومارکردنی داواى هەلوەشاندنەوه لەبەردەم دادگاى کارگیڕی، دەبیت ستەم نامه (تظلم) پیشکەش بەو لایەنە بکریت که بریاره  کارگێڕییەکەى دەرکردوه بەمەبەستى رەخساندنی دەرفەت لەبەردەم دەسەڵاتی كارگێڕی (الادارة) بۆ ئەوەى بتوانێت دووباره چاو خشاندنەوه لەبریارەکەى بکات، هەر بویه پیشکەشکردنی ستەم نامه بەر له تومارکردنی داوا یەکیکه له مەرجه بنەڕەتییەکانی تومارکردنی داواى کارگیڕی لەبەردەم دادگاى کارگێڕیدا  .

2ــ ئەو بریاره کارگێڕییەى که نیازى تانه لیگرتنه، دەبیت دەرچووبیت، واتا ژماره و رێکەوتی لەسەربێت و واژوکرابێت، چونکه ناکرێت تانە له بڕیارێک بدرێت که هێشتا دەرنەچووه، یان لەسەرەتاى دەرچوونیدایە، واتا نووسراوە، بەڵام واژوو نەکراوه، یان ژمارەى دەرچوونى نەدراوەتى.

3ــ ئەو کەسەى که نارازییه یاخود زەرەرمەنده له بڕیاری  کارگێڕی، دەبێت داواکارییەکەى که پیشکەشى دەسەڵاتی دەکات بەناوى خۆی پیشکەشى بکات، یان له رێگاى بریکارەکەى، و دەبیت ئەو بریکاره سیفەتی یاسایى هەبێت وەکو (پاریزەر) یان پسپێر (الوصي) یان سەرپەرشت (القیم). هەر ستەم نامەیەک لەلایەن ئەمانەى که ئاماژەیان پێکرد واژوو نەکرابێت، بە ستەم نامه هەژمارناکرێت و پێى وەرناگیرێت.

4 ــ یاساى ئەنجومەنی شوراى هەرێم ژماره 14 سالی 2008 له مادەى (17) دا هیچ شێوازێکى دیاریکراوى بۆ شێوەى ستەم نامه (التظلم) دەستنیشان كەكردووە، تەنها ئەوە نەبێت كە ستەم نامەکه نووسراوبێت و له تۆمارى هاتوو (سجل الواردە)دا تومارکرابێت، بۆیه نابێت ستەم نامه زارەکی بێت، چونکه دەكرێت نکۆڵی لێبکرێت، بەڵام زۆرێک له وەزارەتەکان  یان  فەرمانگه حکومییەکان ستەم نامەى نووسراویش له تۆماری هاتوو (سجل الواردە)دا تۆمار ناکەن یان ئامادەنین بەوەرگرتنى، بۆیه ئەم جۆره رەفتارەى دەسەڵاتی كارگێڕی (الادارة) دەبێته مایەى دواکەوتنى یەکلاییکردنەوەى داواى کارگیڕی  یان رەتکردنەوەى لەلایەن دادگاى کارگیڕی، بەهوکاری نەبوونى ستەم نامه. بۆ چارەسەرى ئەم کیشەیه وا باشه ستەم نامەکه (التظلم) له ریگاى فەرمانگەى دادنووسەوه ئاراستەى دەسەڵات بکرێت. 

5 ــ  له رووى ناوەڕۆکەوه، دەبێت ستەم نامەکه لەسەر بڕیارێکى دیاریکراوبێت و ئاماژه به ژمارەکەى و هەروەها رۆژى دەرچوونی و ئەو لایەنەى دەریکردوه بکرێت، چونکه ئاماژەنەکردن به بڕیارێکى دیاریکراو، واتا نەبوونی ستەم نامەى کارگێڕی (التظلم الاداري) له رووى یاساییەوه . 

6 ــ یاساى ئەنجومەنی شوراى هەرێم دەرگاى ماوەی پیشکەشکردنی ستەم نامه (التظلم) به واڵایی و لەسەرپشت هیشتۆتەوه، هیچ ماوەیەکی دیاریکراوى بۆ پێشکەشکردنی ستەم نامه دانەناوە، به جۆرێک کەسى زەرەرمەند له بڕیاری کارگێڕی هەر کاتێک نیازى تانه لێدانی هەبوو له بڕیارەکه ئەوا دەتوانێت ستەم نامه (التظلم) پیشکەش بەلایەنى پەیوەندار بکات، به رەچاوکردنی خاڵی یەکەمی سەرەوه بەر له تومارکردنی داوا لەبەردەم دادگاى کارگێڕی، چونکه له داواى کارگێڕیدا ماوەى بەسەرچوون (تقادم) لەو رۆژەوه دەست پێدەکات که ستەم نامەکەى تیادا پیشکەش کراوه .

لەبەر رۆشنایى ئەو خاڵانەى سەرەوه دەتوانین دوو حاڵەت بۆ ماوەى تومارکردنی داواى کارگیری دەستنیشان بکەین :

حاڵەتی یەکەم:

ئەگەر دەسەڵات بەر له ماوەى ئەو (15) روژەى که دیاری کردووە داواکاری ستەم لێکراوى رەتکردەوه، ئەوا ماوەى تومارکردنی داوا لەبەردەم دادگاى کارگێڕی که ماوەکەى (30) سی روژه، له رۆژى رەتکردنەوەی داواکارییەکەوه دەست پێدەکات، بۆیه پێویست ناکات ستەم لێکراو چاوەڕوانى تەواوبوونی مۆڵەتى (15) روژه که بکات .

حالەتی دووەم :

ئەگەر دەسەڵات وەڵامی ستەم لێكراوى له ماوەى ئەو (15) روژەدا که دیاری کرابوو، نەدایەوە، ئەوا ستەم لێكراو رۆژى دواتر له ماوەى کوتایی هاتنى موڵەتەکه واتا رۆژى (شازدەهەم) بۆى هەیە داوا لەبەردەم دادگاى کارگیری له ماوەى (30) سی رۆژ له دواى کوتایى هاتنى ئەو (15) روژه که وەک مولەت درابوو به دەسەڵات، توماربکات، چونکە وەڵام نەدانەوەى دەسەڵات  تا کوتایی هاتنى مۆڵەت بە واتاى رەتکردنەوەى داواکارى ستەم لێكراو، هەژماردەکریت .

    

تیبینى گرنگ  :

– ئەگەر هاتوو ستەم لێكراو زیاتر لەیەک داواکاری (ستەم نامه) به رێکەوت و بەرواری جیا پیشکەش به دەسەڵات کرد بۆ یەك بڕیاری دیایکراو، ئەوا دادگا تەنها داواکاری یەکەم وەک ستەم نامه وەردەگرێت، و رێکەوتی پێشکەشکردنی ئەو داواکارییە لەبەرچاودەگرێت بۆ دیاریکردنی ماوەى تومارکردنی داواى کارگێڕی که ئایا داواکارییەکه له ماوەى یاسایی دابووه یاخود نا، که ماوەکەى (45) روژه، که (15) روژیان مۆڵەتەکەیه و (30) سی رۆژیش ماوەى تۆمارکردنى داوایه لەبەردەم دادگاى کارگێڕی، بۆیه دووبارەکردنەوەى داواکارى، یاخود ستەم نامه له دواى داواکارىی یەکەم هیچ کاریگەریى لەسەر بڕینى ماوەى تۆمارکردنى داواى کارگێڕی (قطع میعاد اقامة الدعوى) نابیت، هەروەک ئاماژەمان پێکرد، بەڵکو  تەنها ئەو داواکارییەی که یەکەم جار پێشکەشکراوه  به نەزەرى ئیعتبار له دادگاى کارگیری وەربگیرێت.

دەرەنجامەکانى ستەم نامه : ــ

  1 ــ ستەم نامەى پیشکەشکراو، دەبیێه مایەى بڕینى ماوەى تۆمارکردنى داواى کارگێڕی (قطع میعاد اقامة الدعوى) یاخود بەسەرچوونى ئەو ماوەیەی که لەو رۆژەوه دەست پێدەکات که له تۆمارى هاتووى دەسەڵاتدا تۆمارکراوه، یان لەو رۆژەى که داواکارییەکەى که له ریگاى دادنوسەوه ئاراستەى کراوه، بەدەست گەیشتووه.

2 ــ ستەم نامەى پێشکەشکراو دەبێته مایەى رەخساندنی دەرفەت لەبەردەم دەسەڵاتی كارگێڕی (الادارة) بۆ ئەوەى بتوانێت دووباره چاو خشاندنەوه به بڕیارەکەى بکات، لەو ماوەیەى که بۆى دیاریکراوه، جا بە کشانەوەى بڕیارەکەى بێت یان هەلوەشاندنەوەى،  یان ئەنجامدانى گوڕانکارى بەر لە گەیشتنی کێشەکه بە دادگاى کارگێڕی .

3 ــ ستەم نامه (التظلم) تاکه رێکاره که ستەم لێكراو له رێگایەوه نارازبوون و زەرەرمەندبوونى خۆى له بریاریکى کارگیری رادەگەیێنێت .

4 ــ ستەم نامەى پیشکەشکراو دەبێته مایەى دلنیابوونى دادگاى کارگێڕی که داواى کارگێڕی تومارکراو له ماوەى یاسایی پیشکەشکراوه، بەمەبەستى قبوڵکردنى یان رەتکردنەوەى له رووى شێوازەوه .

5 ــ ستەم نامەى پێشکەشکراو دەبێته مایەى سەلماندنى ئاگاداربوون و علمى دەسەڵات بەو دەستدرێژییەى که ئەنجامی داوه، هەروەها سەلماندنى ئەو رێکارانەى که دەسەڵات گرتوویەتەبەر سەبارەت به ستەم نامەى پیشکەشکراو، و دواتر چۆنییەتى بەرگریکردن لە خۆى لەبەردەم دادگاى کارگێڕیدا.

تێبینی:

  له کاتی تومارکردنی داواى هەڵوەشاندنەوەى بڕیاری کارگێڕی لەبەردەم دادگاى کارگێڕی، دەبیت ئەم بەڵگەنامانه به داواکەوه هاوپێچكرابن. 

1ـ وینەى رەسەن یان وێنەى کۆپى ستەم نامەکه (التظلم)

2ـ وینەى رەسەن یان وێنەى کۆپى له( التظلم)

سەرچاوە

القضاء الاداري في العراق

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *