زیادبوونی تاوانی ئەلیکترۆنی و سزادان لە عێراق و هەرێمی کوردستان

 

جیهانی وێب یان فەزای ئەلیکترۆنی کۆمەڵگەیەکی گەورەیە لە ملیۆنان و ملیارەها بەکارهێنەر و ماڵپەڕ پێكهاتووە، و لە بوارە جیاجیاکانی وەکو قوتابخانە و زانکۆ، کاری رۆژانەی دامودەزگاکانی حکومەت، بازاڕکردن، مامەڵەیان پێوەدەكرێت. بۆیە دەکرێت بڵێین، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تا رادەیەکی زۆر ژیانی ئاسانترکردووە و سوودی زۆری بۆ کۆمەڵگە هێناوە، بەڵام لەهەمان کاتدا هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی و تاوانی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەریی ئەم تاوانانە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بەپێی رۆشنبیری كۆمەڵگەكە، جیاوازە.

جۆرەکانی تاوانی ئەلیکترۆنی!

بەگشتی دەتوانین بڵێین، تاوانی ئەلیکترۆنی لە چوار جۆری سەرەکیدا پۆلێن دەکرێن، بریتین لە: دارایی، تایبەتمەندیی، هاککردن، تیرۆری ئەلیکترۆنی.

  • تاوانی دارایی، واتا دزینی پارەی بەکارهێنەر یان خاوەن ئەکاونتەکان، لەهەمان كاتدا داتای کۆمپانیاکانیش دەكرێت ببێتە هۆی تاوانی دارایی.
  • تاوانی تایبەتمەندیی، بریتییە لە دزینی زانیارییە تایبەتەکانی كەسێك کە نایەوێت لەگەڵ جیهاندا هاوبەشی بکات، بۆیە تەنانەت هەندێک جار بەهۆی خراپ بەکارهێنانی داتاکانیانەوە، هۆکاری خۆکوشتنی لێدەکەوێتەوە.
  • هاککردن، واتا بە ئەنقەست تێكدانی ماڵپەڕێک بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی یان خاوەنەکەی بگەێنن، یاخود گۆڕانکاریی لەو ماڵپەرەدا دەکەن بۆ کەمكردنەوەی بەهاكەی.
  • تیرۆری مۆدێرن زۆر لەوە زیاتر گەشەی کردووە کە ١٠-٢٠ ساڵ لەمەوبەر هەبوو، بەڵام تیرۆری ئەلیکترۆنی تەنیا پەیوەندیی بە تیرۆریستان یان ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە نیە. بەڵکو هەڕەشەکردن لە هەندێک کەس یان موڵک و ماڵی تا ئاستی ترس دروستکردن، دەکرێ بە تیرۆری ئەلیکترۆنیی هەژمار بکرێ.

سزاکانی تاوانی ئەلیکترۆنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان

مادەی ٤٠ی دەستووری عێراق، ئازادیی پەیوەندیکردن بەبێ چاودێری و چاودێریکردن گەرەنتی دەکات “جگە لە پێویستی یاسایی و ئەمنی” ئەمیش بە پێی بڕیاری دادوەر. هەروەها لە مادەی ٤٧ی یاسای کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیادا هاتووە کە نابێت پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و پەیوەندییە تایبەتەکان چاودێری بکرێن، تەلەفۆنیان بۆ بکرێت، یان ئاشکرا بکرێن تەنها بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا نەبێت.

جێبەجێکردنی یاساکانی بەرکار

ئێستا عێراق هیچ یاسایەکی تایبەتی سەبارەت بە تاوانی ئەلیکترۆنی نیە. لە نەبوونی یاسای تایبەتدا، دەسەڵاتی دادوەری بڕگەکانی یاسای مەدەنی عێراقی ژمارە ٤٠ی ساڵی 1951 و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ جێبەجێ دەکات، جگە لەوەش بۆ یاسا تایبەتەکانی کەردەکان بۆ نموونە یاسای بانکی ساڵی ٢٠٠٤، و یاسای کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیا  CPA  فەرمانی ٦٥ی ٢٠٠٤)بۆ ئەو کەیسانەی کە تاوانی ئەلیکترۆنییان تێدایە) جێبەجێ دەكات .

بۆیە هەر کەسێک بە تاوانێکی ئەلیکترۆنی سزا بدرێت کە توندوتیژی، چەوسانەوەی سێکسی، هەڕەشە، یان دەستکاریکردنی تێدابێت، دەتوانرێت بەپێی مادەی ٣٦٩ و ٣٩٦ی یاسای سزادان سزا بدرێت:

بەپێی مادەی ٣٦٩ سزاکە بریتییە لە زیندانیکردن کە زۆرترین ماوەی ٤ ساڵ دەبێت (ئەگەر قوربانییەکە تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر بێت) بۆ هەر کەسێک بە بەکارهێنانی هێز هێرش بکاتە سەر کەسێکی دیکە، یان هەڕەشە بکات، دەستکاری بکات یان بە هەر شێوەیەک بێت ڕەوشتی کەسێکی دیکە پێشێل بکات نێر یان مێ، یان دەستپێکردنی ئەو جۆرە پێشێلکارییە.

بەهەمان شێوە مادەی ٣٩٦ لە یاسای سزادان هەر كەسێك دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر پیاوێك یان ژنێك یان هەوڵبدات بەبێ رەزامەندی ئەو و بە بەكارهێنانی هێز و فێڵ و رێگەی ترەوە، زۆرترین سزای زیندانی 7 ساڵ بەسەردا دەسەپێنرێت. سزای تاوانەکانی بەرامبەر قوربانیانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ زیندانیکردنە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیاتر نەبێت.

جگە لەوانەی سەرەوە، هەر کەسێک بە تاوانێکی ئەلیکترۆنی کە پەیوەندیی بە دزینی ناسنامە، ساختەکاریی ئینتەرنێت، ڕەشبگیری یان تاوانی دیکەی پەیوەندیدارەوە هەبێت، سزا بدرێت، بەپێی مادەی ٤٥٦ی یاسای سزادان، سزا دەدرێت. و هەر کەسێک کە بە تیرۆری ئەلیکترۆنی سزا بدرێت، دەكرێت بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٥ سزا بدرێت.

هەروەها ساڵی ٢٠٠٨ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسایەکی بەناوی یاسای  ژمارە ٦ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن دەکرد، ئەوەش بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.

لە ماددەی دووەمی یاساكەدا هاتوە کە هەرکەسێک ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (موبایل) یان ئامێرێکی پەیوەندیکردنی تەلدار یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن (قذف) یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت (کە لە ( 6 ) مانگ کەمتر نەبێت و لە ( 5 ) ساڵیش زیاتر نەبێت) و بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە (١٠٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت.

 لە کۆتاییدا دە کرێت بڵێن، ئەو یاسایانەی کە فۆرمەکانی تری میدیا ڕێکدەخەن، ناتوانن هەمیشە بە شێوەیەکی کاریگەر ئەم میدیایە بەڕێوەببەن و هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەوان ئەو کارە بکەن، ڕەنگە ناتەبایی و ناڕوونی لە جێبەجێکردندا دروست بکات، بۆیە پێویستە یاسایەکی  تایبەت بە ئینتەرنێت و تاوانباركردنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دابڕێژرێت. چون یاسای تایبەت و بەرفراوانی تاوانی ئەلیکترۆنی یەکدەنگی دادوەری لەسەر ئەو بابەتە دابین دەکات و هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، لەبری ئەوەی لەچەند یاسایەکی جیاجیادا هەولی کۆنترۆڵکردنی بدرێت.

ئەم بابەتە لە 21/7/2022 لە پێگەی ئەلیكترۆنی میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان بڵاوكراوەتەوە

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *