زانكۆی نێودەڵەتیی تیشك 125مین ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی كوردی و 7مین ساڵیادی گۆڤاری (شایان) بەرز رادەگرێت

پەیامنێری (شایان):

لە 125مین ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی كوردی و 7مین ساڵیادی پرۆژەی رۆژنامەوانیی گۆڤاری (شایان)دا، زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك، رێوڕەسمێكی شایستەی بۆ ئەو دوو یادە گرنگە رێك خست.  لەو رێوڕەسمەدا وێڕای پێشكەشكردنی چەند وتار و بابەتێكی گرنگی رۆژنامەوانی، رێز لە تەواوی ستافی گۆڤاری (شایان) و چەند نووسەر و رۆژنامەوانێك گیرا و بڕوانامە و خەڵاتی رێزلێنانیان پێشكەش كرا.

گۆڤاری (شایان) كە گۆڤارێكی وەرزیی گشتییە و یەكێكە لە دیارترین چالاكییە رۆژنامەوانییەكانی  زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر، ساڵانە وەك نەریتێك، بە رێوڕەسم و چالاكیی جۆراوجۆری پەیوەست بە بواری خۆی، رێز لە رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی  كە رێكەوتی 22ی نیسانی هەموو ساڵێكە، دەگرێت. ئەمساڵیش بۆ هەمان بۆنە و لە 7مین ساڵوەگەڕی دەسپێكی پرۆژەی رۆژنامەوانیی (شایان)دا، بە ئامادەبوونی بەشێكی بەرچاو لە ئەندامانی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆ و مامۆستایان و قوتابیانی زانكۆ و چەند میدیاكار و رۆژنامەوانێكی ناسراوی كوردستان و سەرنووسەر و ستافی گۆڤاری (شایان) ئەو رێوڕەسمەی بۆ هەمان مەبەست بەڕێوە برد.

سەرەتای رێوڕەسمەكە، وتەی بەخێرهێنان لەلایەن پ.ی.د.ئیدریس هادی ساڵح سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك كە هاوكات خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (شایان)ە، پێشكەش كرا. پاشان د.سالار عوسمان بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وتەیەكدا پیرۆزبایی ئەم یادەی لە زانكۆ و لە هەموو رۆژنامەڤانان و میدیاكارانی كوردستان كرد. دوایین وتەی میوان لەلایەن ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان پێشكەش كرا كە تیایدا بە وردی ئاماژەی بە گرنگیی گۆڤاری (شایان) و رۆڵی میدیای ئەلكترۆنی بە گشتی و میدیای بینرا و بیستراو و خوێندراوی كوردی كرد.

هەر لە درێژەی رێوڕەسمەكەدا، خاتوو هێرۆ ئیسماعیل عارف سەرنووسەری گۆڤاری (شایان) ئاماژەی بە رۆڵی هەموو ئەو مامۆستا و قوتابییانەی زانكۆكە و رۆژنامەوانان و نووسەرانی دەرەوەی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك كرد كە متمانەیەكی تەواویان بە گۆڤارەكە هەیە و بەردەوام بابەتی رۆژنامەوانی و وتارەكانیان لە گۆڤاری (شایان)دا بڵاو دەكەنەوە. هەر لە بەردەوامیی وتارەكەیدا سەرنووسەری گۆڤاری (شایان) میوانێكی پێشكەشی ئامادەبوان كرد.

بەرهەم عەلی، نووسەر و رۆژنامەڤان، ئەو میوانەی پانێڵەكە بوو كە زۆر بە وردی ئاماژەی بە بایەخ و گرنگیی دەرچوونی گۆڤارێكی وەكوو (شایان)ی لە زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك كرد، نەخاسمە كە ئەو گۆڤارە توانیویەتی بابەتی مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆكە، وێڕای نووسەران و رۆژنامەوانانی دەرەوەی زانكۆ، لە دووتوێی گۆڤارێكدا جێ بكاتەوە كە بە سێ زمانی (كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی) دەربكرێت، بۆیە ئەو پرۆژە رۆژنامەوانییەی بە گرنگ و هاوكات كارێكی سەختیش وەسف كرد. لە درێژەی قسەكانییدا، وەك خوێنەرێكی بەردەوام، ئاماژەی بە ناوەڕۆكی گۆڤارەكەش دا و هەوڵ و ماندووبوونی هەموانی بە نایاب لەقەڵەم دا.

لە كۆتایی رێوڕەسمەكەدا، خەڵاتی تایبەت و بڕوانامەی رێزلێنان، پێشكەشی بەشێك لە نووسەران و رۆژنامەوانان و ستافی گۆڤاری (شایان) و بەشدارانی گۆڤارەكە، كرا

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *