سۆشیال میدیا و لێکترازانی خێزان

 

            د.مستەفازەنگنە

خێزان،بەو کۆمەڵە کەسە دەڵێن کە لەژێر میچی خانوویەکدا دەژین و لەسەریەک سفرە نان دەخۆن و داراییان هاوبەشە

گەر بە گوێرەی ئەم پێناسەیە سەیری خێزانی ئێستا  بکەین ئاوا شتێک نابینین پێی بڵێين خێزان،لەکاتێکدا خێزان شانەی پێکهێنانی کۆمەڵگەیە, وەکو چۆن گوتوویانە، بەردێ دوو بەرد دیوارێ، دیوارێ دووان، ماڵێک، ماڵێک دووماڵ دێیەک، دێیەک دوودێ شارۆچکەیەک، شارۆچکەیەک دووان، ئەوا شارێک، شارێک دوو شار وڵاتێک

کەواتە خێزان و ماڵ زۆر گرنگن. جاران باوک و دایک و کوڕ و کچی ماڵێک، یەک خەم و یەک خەزییان هەبوو، هاوکاربوون و بەسەریەکدا دەمردن، ڕێزیان بۆ یەک هەبوو. خۆشەویستی لێکیانی گرێدابوو. باشە گەر ئێستا وانییە،ئەی خێزان ڕوولە کوێیە.؟

.ئەندامانی خێزانی ئێستا ڕێگایەکی ترسناکیان گرتۆتە بەر، لەکاتێکا ڕێگاکەیان پڕە لەگورگی برسی. جاران کە ئێواران باوک لە کاری ڕۆژانەى دەگەڕایەوە، کیسەیەکی پێبوایە ژن و مناڵەکانی سەد جار ماندوو بوونیان لێدەکرد و بەڕێزەوە لەدەستیان وەردەگرت، کەچی ئێستا بازار لەگەڵ خۆیدا بێنێتەوە، نەدەسخۆشیی لێدەکەن ونەلێی وەردەگرن.. جاران باوک چەقی کۆکردنەوەی ئەندامانی خێزان بوو، هەموو لەدەوری کۆ دەبوونەوە، ئێستا باوک هەرفریای ئێش دەکەوێ وکەچی هەر لێی ناڕازین،، ئێستا زۆرێک لەباوکان لەڕێگای مۆبایلەکانیانەوە خەریکن  وانە و نەسیحەت بەخەڵکی تر دەڵێن و دەرس دەدەن وشرۆڤە دەکەن، کەچی لەولاشەوە و لەناو ماڵەکەی خۆیاندا کوڕەکانیان هەزار و یەک کێشەیان هەیە و باوکەکان ئاگایان لێیان نییە، دایک کە جوانی و جومبوش و خۆشیی و ڕێکخستنی ماڵ و ڕێکخستنی خەرجکردنەکانی ماڵە¸كەچى وای لێهاتووە، لەڕێگای گەڕان بەدوای پەیجەکانی جوانکاری و کێشە و بێزارییەکانی گەنجانەوە، خەم دای بگرێ ودەیان ڕێگا و چارەسەر بۆ خەمبارەکانی ناو مۆبایلەکەی بخوات و چارەسەر یان بکات و ڕێگای باشیان بۆ بدۆزێتەوە، چونکە دڵی بەو گەنجە یان ئەو ژنە داماوە دەسووتێ و زۆر جاریش بۆیان دەگری و فرمێسکی گەرمیان بۆ هەڵدەڕێژێت، لەکاتێکدا ئەو دایکە بێ ئاگایە لەوەی کچە تازە ڕەسیدەکەی لە ژوورەکەی خۆیدا وا بەتەنها و بەگوڵ دەگری و بەدەس کێشەوە گیری خواردووە یان لەڕێگای مۆبایلەکەيەوە کەسێکی خۆشدەوێ تەنها قسەیە و خۆی بوونی نیە.. ئێستا ئەندامانی خێزانەکان وەکو وڵاتێکی جیاواز و سەربەخۆ وان. خۆیان بڕیاردەدەن و خۆیان جێبەجێی دەکەن و دواتریش دەبنە بەڵای سەر، کوڕەکان شەوان نانوون و خەریکی پۆبجی و سناپ و لایک کردنن.. بەڕۆژیش لەخەونێکی قووڵدان

باشە گەر وا بڕوات خێزانی کورد ڕووی لەکوێیە؟

خێزانی کورد ڕووی لە لێکترازانێکی مەترسیدارە.هیچ جۆرە گفت وگۆی هاوبەش و سۆز و خۆشەویستییەکی گەرم وگوڕ، لەنێوان تاکەکانی خێزاندا نەماوە، ئەندامانی خێزانی ئێستا، بە قسەی کەسێک سەرسام دەبن، کە لەڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە ناسیویانن. کەسەکەش لەدەرەوەی خێزانەکەی خۆیاندایە، ئەو کەسە نە خزمە نە هی شارەکەیە نە ناسیاویشە، ناشزانن خەڵکی کام وڵاتە و چییە و چ کارەیە؟ هەندێ جاریش  کەسەکان دروستکراو و کەسی ساختەن

ئێستا ئەندامانی خێزان هێندەی بەدواداچوون بۆ سایت و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکەن، چارەکی ئەوە بەدوادا چوون بۆحاڵ و جۆری ژیان و حەز و ئارەزووەکانی ئەندامانی ناوماڵەکەی خۆیان ناکەن، مناڵەکانی ئێستا ڕۆحیان بخەرە پێش، لێی لووتە لادەبن و چاو و دڵیان لای فڕڕەی ماتۆڕی دلێڤەرییە کە بەنێو کۆڵانەکاندا فڕکەیان دێ.. ئێستا لەناوخێزاندا بۆتە مۆدێل کە شتەکانی ماڵ تامیان نەماوە، بۆیە چێژ لە خواردن و هەمووشتێکی دەرەوەی خێزانەکەی خۆیان دەبینن

جاران هەموو ئەندامانی خێزانێک لەژوورێکدا دەنوستن و ئاگایان لەهەناسەی یەکدی بوو، زۆریش دڵیان بەو نزیکییە خۆشبوو، کەچی ئێستا هەریەک لە ژوورێکیدان و ئاگایان لە هاوار و ئازاری یەکدی نییە، هەرهەمووشیان سەرقاڵی سۆشیاڵ میدیان، سەرقاڵییەک جگە لە پووچەڵکردنەوەی خودی تاک و سەرقاڵکردنیان بەشتی نا جەوهەری و داهێزانی تواناکانەوە، ئەوا هیچی تری تیا بەدی ناکرێت

لەمانەش خراپتر، زەنگی مۆبایلی مێرد لای ژن و هی ژن لای مێرد و هی خوشک لای براو باوک و دایک، هی کوڕ لای خوشک و دایک و باب بۆتە مایەی گومانکردنن، لە جۆری پەیوەندیکردنەکان و دواتر دروستبوونی دڵپیسی و تاقیب کردن و دروستبوونی کێشەی جیابوونەوە و کوشتن

ئێمە کومەڵگەیەکی ناڕۆشنبیرین، تەکنەلۆجیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زوربەمانی لوولداوە و لە گێژەنگی خۆیداو بەئارەزووی خۆی دەمانسووڕێنێتەوە، تا ئەوکاتەی پرزەمان لێدەبڕێ وشتێک نامێنێت پێی بڵێین خێزان، هۆکاری سەرەکیی ئەم دابڕان و لێکترازانی خێزانییە. سۆشیاڵ میدیایە، چونکە تاکەکانی بۆخۆی بردووە، بەهیچەوە سەرقاڵی کردوون، وای لێکردوون کە لەدەرەوەی خێزانەکانیان، بەدوای سۆز و خۆشەویستی و بایەخداندا بگەڕێن، تا ئەم حاڵە وابڕوات، شیرازەی خێزان تێکتر دەچێت، بەئەندازەیەک، کە دەبێ هەموو یەکێک لەم کومەڵگەیە خۆی ئامادەبکات، لەخانەی پەک کەوتەدا خۆی ببینێتەوە، چونکە ئەوکات، هەرتاکە و خۆی وڵاتێکە و هیچ کەسێکی ئەندامی خێزانەکەشی لەلا گرنگ نییە..ئەم حاڵەتانە ئێستا دەرکەوتوون و دەبینرێن، بەڵام لەداهاتوویەکی نزیکدا ئەم ڤایرۆسی سۆشیاڵ میدیایە بەجۆرێک بڵاو دەبێتەوە و تەشەنە دەسەنێت، کە بەدەم ڕێگاشەوە دەڕۆین ومایکێک لە گوێماندایە و لەگەڵ هەنگاونانەکاندا گۆرانی بۆ کارەساتێکی گەورە دەچڕین

ئەم حاڵەتە مەترسیدارەش

دەخوازێ زانکۆکان، ڕۆڵی گرنگ ببینن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر بەخراپ بەکارهێنانی مۆبایل و ئالوودەبوونی تاک بە سۆشیاڵ میدیاوە. دەنا زانکۆ تاسەر ئێسک بەرپرسیارە لەتەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە لەناو توێژی فێرخوازانی زانکۆدا.دیاردەیەک کە وا بڕوات ئیدی دەسمان لەو دیوی هەمانەکەوە دەردەچێت. خۆشمان ماڵوێران دەبین و نەوەکانیشمان دەدۆڕێنین. دیارە ئەم دەرئەنجامە نەخوازراو و نەرێنییەی سۆشیاڵ میدیا لەسەر دابڕانی خێزان لەئەنجامی بەخراپ بەکارهێنانی مۆبایلەوەیە

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *