گرینگی یاسا لە کۆمەڵگەدا

 

قوتابی ماسته‌ر /حسێن سدیق عوسمان

وشەی یاسا لە وشەیەكی كۆنی یۆنانییەوە كە ئەوكات پێان دەگوت (Kanun) وەرگیراوە. یاسا بەڵگەنامەیەکی گرنگە ‎کە کۆمەڵێک پرەنسیپ و بنەما لە خۆدەگرێت لە پێناو ڕێکخستنی کۆمەلگه و دیاریکردنی تایبەتمەنديی دەسەڵاتەکان، هەروەها بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات و پەیوەنديی هاوڵاتیانە بە دەسەڵاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شێوە و شێوازی سیاسی دەوڵەت و جۆری حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دیاری دەکات، بۆیە بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگە و بۆ ئەوەی بە باشترین شیوە ژیان بەرێوە ببریت، یاسا گرنگە و گرنگییەكەشی رەنگی لەسەر هەموو كۆمەڵگەكانی دونیادا داوەتەوە

بۆچی یاسا گرنگە؟

بنەما سەرەكییەكانی یاسا  كە پەیوەستن بۆ پارێزگاریكردنی بەرژەوەنديی گشتی، دادەرێژێت، ئەمەش لە رێی بەڵگەی روون و ئاشكرای نزمترین ئاستی كۆمەڵگەوە وەردەگیرێت. بۆ نموونە: برینداركردنی جەستەی كەسێك بەبی هیچ بەهانەیەك بە پێشێلی مافەكان هەژمار دەكرێت و دەبێتە تاوان، چونكە دەستدرێژی بێ بنەما و بێ هۆكار دەبێتە پێشێلی یاسا و نابێت چاوپۆشی لێ بكرێت، چونكە یاسا سیستەمێك دابین دەكات لەگەڵ بنەمای كۆمەڵگەدا بێتەوە، تەنانەت هەندێك جار بەپێی پێشكەوتنەكان و پێویستییەكانی كۆمەڵگە، هەندێك یاسا گۆڕانكارییان تێ دەكەوێت و هەندێك جاریش یاسای نوێ دادەرێژرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەمان لەبیر نەچێت كە یاسا تەنها بۆ رێكخستنی كۆمەڵگە لەناو یەكدا دانەنراوە، بەڵكو یاسا بۆ رێكخستنی تاك، و بۆ ریكخستنی تاك لەگەڵ دەسەڵات و پێچەوانەكەی، و بۆ رێكخستنی سیستەمی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەتانی تر دانراوە، لەگەڵ ئەوەشدا یاسا تەنها بۆ مرۆڤەكان و مامەڵەی مرۆڤەكان لەگەڵ یەكتری دانەنراوە، بەڵكو یاسا هەیە بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵەكانە لە مرۆڤ، یاسا هەیە بۆ پاراستنی سرۆشتە لە مرۆڤ، جگە لە چەندین یاسی دیكە

یاسا ماف و ئازادییەكان دەپارێزێت

یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی یاسا پاراستنی ماف و ئازادییەكانی تاكە بەرامبەر بە كۆمەڵگە و بەرامبەر بە رێكخراوەكان و تەنانەت حكومەتیش. بەڵكو هیچ یاسایەك نابێت دەربچێت كە دژ بە مافی تاك بێت یاخود لە ئازادییەكانی كەم بكاتەوە، لەگەڵ هەبوونی هەندێك هەڵاوێرد (استثناء) كە بە هەندێك مەرج بەستراوەتەوە پەیوەستە بە ئازادی رادەربڕینەوە. یاسا رێگە دەدات لە چوارچێوەی هەندێك رێساوە هەر تاكێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەدواداچوون بۆ مافەكانی لە رێیی یاسایی و لە رێی دادگاوە بكات، بێگومان ئەمەش بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەبەردەستیدان بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانیان

یاسا بە بنەمای رەفتاری هاوڵاتیيان هەژمار دەكرێت

یاسا رێنیشاندەری هاوڵاتیيانە بۆ شێوەری رەفتاركردن و مامەڵەكردنیان، ئەمەش بۆ پاراستنی دادپەروەری لە هەر سێ لقە سەرەكییەكەی حكومەت. ئایا دەتوانین بە بێ یاسا بیر بە ژیان بكەینەوە؟ بێگومان ئاشووبە دروست دەبێت، و یاسای جەنگەڵ سەروەر دەبێت وەك چۆن دەلێن (مانەوە بۆ بەهێزترینە) و ئەو كات تاك تەنها بۆ بەرژەوەندی خودی خۆی كار دەكات، و چەندین ناكۆكی كۆمەڵایەتی نەك تەنها لەیەك كۆمەڵگادا بەڵكو لە هەموو كۆمەڵگا جیاوازەكاندا دروست دەبێ. هەر بۆیە یاسا زۆر پێویستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەندێك نەرم بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگەدا و گۆڕانكاری سرۆشتی پەیوەندی كۆمەڵایەتیدا بگونجێ

یاسا دادپەروەری و یەكسانی ناو كۆمەڵگە دەپارێزێ

هەر كۆمەڵگە یەك پێویستی بە سیستەمێكی سەرەكی هەیە بۆ ئەوەی بە رێك و پێكی و بێی ئاشووبە و كێشە بەرێوە بچێت، ئەمەش لە رێی دانانی هەندێك رێساوە بۆ پاراستنی ئەو دادپەروەری و یەكسانییە لەناو كۆمەڵگەدا، بۆ ئەوەی كەسەكان بە گفتوگۆ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، گفتۆگۆكانیان ئاشتیانە و بە شێوەیەكی پێشكەوتووانە بێت، لە جیاتی پەنابردن بۆ شەڕ و جەنگ بەهۆی جیاوازی هۆزەكان و بیروباوەڕەكانەوە. ئاشكرایە تاوەكو ئێستا مرۆڤایەتی باجی هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم دەداتەوە. پەندەكە لێرەدا ئەوەیە كە جیاوازییەكان هەر بەردەوام دەبن، و ناكرێت هیچ تاكێك بەزۆر لەوەی كە باوەڕی پێیەتی هەڵیگەڕێنیتەوە، و لێبوردەیی كلیلی چارەسەری زۆربەی كێشەكانە

 

یاسا رۆڵێكی گەورە دەبینێت لە نوێگەریی و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، رەنگدانەوەی ئەو نوێگەری و گؤڕانكاریانەی كۆمەڵگە لەم چەند خاڵەدا بەدیا دەكەوێت

یاسا كاری گۆڕینی كۆمەڵگەی گرتۆتە ئەستۆ لەرێی كاریگەريی یەكسەرە لەسەر كۆمەڵگە، وەكو بڕیاردان لەسەر یاسای خوێندنی بەزۆر وەكو مافێكی رەوای منداڵەكان.

یاسا وەكو بنەمایەكی سەرەكی یەكسەر لەگەڵ دەزگا سەرەكییەكانی كۆمەڵگە خۆی دەگونجێنێ بە شێوەیەك كە پەیوەنديی راستەوخۆی هەبێت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگەدا.

یاسا رۆڵی نوێگەری و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی لە زۆربەی بوارەكاندا دەگێڕێ، هەروەها رۆڵی لەناوبردنی هەندێك كاری نا رەوا دەگێڕێت كە لەناو كۆمەڵگەدا جێی ئەو كارانە نابێتەوە و بە هیچ جۆرێك باویان نەماوە وەكو (هاوسەرگیری منداڵی ناكام)

یاسا بە هۆكار یاخود بە رێكخراوێكی سەركەوتوو دادەنرێت كە خاوەن رۆڵێكی كاریگەرە بۆ بەدیهێنای گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بۆ هەر میللەتێك لەسەر رووی ئەم زەمینە

 

چاودێریكردنی هاوڵاتیان و پشتگیریكردنی بەرژەوەندی گشتی

كاری سەرەكی یاسا پشتگیركردنی تاكە لە ناوكۆمەڵگەدا لە دژی هێزی خراپەكار، یان هەر كەسێك كە هەوڵی دەستدرێژیكردنە سەریان دەدات. پێویستە بڵێین كە رۆڵی یاسا لە سەدەی بیستەوە زۆر بەرەو پێش چووە، ئەویش بە پێكهێنانی دادگای نێودەوڵەتی، و دادگاییەكانی نۆرمبێرگ و چەندین كاری تر. رۆڵی یاسا تەنها دادگاییكردنی تاوانباران و خراپەكاران نیە، بەڵكو بەرژەوەندییەكانیشیان دەپارێزێت، بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابێت هیچ مەبەستێكی خراپەكاریان ینە، و هەروەها موڵكە تایبەتییەكانیان دەپارێزێت، چونكە ئەگەر ئەمە بەدی نەیەت، ئەوا هەر تاكێك لە كۆمەڵگەدا هەوڵی بەدیهێنای بەرژەوەنديی خۆی دەدات لەسەر بەرژەوەندی ئەوانەی تر، بێ ئەوەی گرنگی بە ئاسایش و سەلامەتی كەس بدات، هەروەها كاتێك تووشی مەترسی و كێشەیەك دەبن لەجیاتی پەنا بۆ یاسا ببەن خۆیان تۆڵە دەستێننەوە

یاسا رۆڵی پێشكەوتنی كۆمەڵگە دەگێڕێ:

گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە بە شێوەیەكی ئاسایی بە هێواشی بەرێوە دەچێت، بە پێی مێژوو، ئەوا بازدانە خێرا رۆشنبیرییەكان زۆر بە دەگمەن روو دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵە سەرەكییەكانی كۆمەڵگە و بیرووباوەڕە ئەخلاقییەكان و رێساكانی رەفتاركردن ناكرێت لە نەوەيەكەوە بۆ نەوەيەكى تر بە ئاسانی بگوێزرێتەوە. بۆ نموونە، زۆر دەوڵەمەندبوون بە كارێكی پۆزەتیڤ لە ئەورووپا دادەنرێت، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ئاسیادا بە كارێكی نێگەتیڤ دادەنرێت و پێوستە بگۆڕدرێت. و بەپێی غەریزەی مرۆڤایەتی، نەوەكان یەك لەدوای یەك بە بیرووباوەڕەكانیانەوە بەسراونەتەوە، بۆیە لێرەدا رۆڵی یاسا بەدەردەكەوێت بۆ چوونە ناو ئەو بیرووباوەڕانەی كۆمەڵگەوە، وەكو رێ نیشاندەری رەفتاری مرۆڤەكان بەپێی سیستەمی كۆمەڵایەتی ئەو شوێنە، هەروەها وەكو پێشتر ئاماژەمان پێ كرد، كاری یاسا دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ كێشەكانی هەر تاكێكی ناو كۆمەڵگە

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *